مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لە هەولێر كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد، لەوانە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئهمڕۆ (هەینی) پێشوازیمان له نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا كرد. برەودان بە پەیوەندیی دولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکانداو دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەمان تاوتوێ کرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان کردو هەروەها باسمان لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی بە تورکیاو ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرد.
مەسرور بارزانی وتوشیەتی، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەكەماندا، بیروڕامان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کردو پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دوپات کردەوە.