وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان لە مەسقەت كۆبونەوە
  2025-04-12       196       

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری دەرەوەی عومان، بەرلە دەستپێكردنی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لە مەسقەتی پایتەخی عومان كۆبونەوە. وەزارەتی درەوەی ئێران دەڵێت، وەزیرەكەیان لەچوارچێوەی دانوستانەكاندا، هەڵوێستەكانی ئێرانی خستەبەردەست وەزیرە عومانییەكە تا بۆ لایەنی ئەمریكییان بگوازێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كە بەسەرۆكایەتی وەفدی ئێرانی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریكا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكە لە عومانە، لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان كۆبوەوە.

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە مەسقەتی پایتەخی عومان بەڕێوەبچن.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی لە كۆبونەوەكەدا ستایشی رۆڵی عومانی بەرپرسیارانەی عومانی كردوە لە پەیوەست بە كێشەو پێشهاتەكانی ناوچەكە و وتوشیەتی، میوانداریكردنی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكاش، بەڵگەیە لەسەر ئەو رۆڵە ئەرێنییەی عومان.

ئاماژە بەوەشدراوە، وەزیری دەرەوەی عومان لە كۆبونەوەكەدا سوپاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد كە مەسقەتی بۆ دانوستانەكان هەڵبژاردوە.

هەر لە كۆبونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی عومان، ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی دانوستانەكانی ئەمڕۆ، بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران خستۆتەڕو.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتوشیەتی، هەر لە كۆبونەوەكەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران لەچوارچێوەی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكانی ئێران و ئەمریكادا، تەوەرەكانی گفتوگۆ و هەڵوێستەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی خستنەبەردەست وەزیری عومانییەكە بەمەبەستی گواستنەوەیان بۆ لایەنی ئەمریكی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×