رۆژانە لەشاری سلێمانی هەزارو ٢٠٠ تۆن خۆڵو خاشاک کۆدەکرێتەوەو فڕێدەدرێتە تانجەرۆوە
ئا: محەمەد هاوژین
لەسلێمانی زۆربەی هەرە زۆریی ئەو کرێکارە ژینگەپارێزانەی رۆژانە شەقامو بازاڕو گەڕەکو شوێنە گشتییەکان خاوێن دەکەنەوە، گەنجانی عەرەبن، گەنجێکی ژینگەپارێز دەڵێت "مانگی بە ٣٠٠ هەزار دینار کار دەکەین".
ئەرکان، گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵەو لەئێوارەیەکی درەنگ وەختدا ئەو شەقامەی سەروو مزگەوتی گەورە بەگسک خاوێن دەکاتەوە کە خۆڵو خاشاکی لەسەر کەڵەکە بووەو کارتۆنە بەتاڵو نایلۆنو سەوزەی بەسەرچوو قەراغی شەقامەکەی داپۆشیوە، ئەو کە ماوەی چوار ساڵە لەگەڵ برایەکی هاتون بۆ سلێمانی بەمەبەستی کارکردنو فێری کوردی بووە، بەئاوێنەی وت "هەموو ئەوانەی کرێکاری پاککردنەوەی شاری سلیامنی دەکەن هەموویان عەرەبن، تەنها سێ چوار کوردییان تیایە ئەویش شوفێریی دەکەن".
وتیشی "زۆربەی ئەم گەنجانە لەگوندەکانی دەوروبەری موسڵەوە هاتون ئەم کارە دەکەن".
بەپێی بەدواداچوونی ئاوینە رۆژانە لەشاری سلێمانی هەزارو ٢٠٠ تۆن خۆڵو خاشاک کۆدەکرێتەوەو فڕێدەدرێتە تانجەرۆوە کە نیوەی خۆراکە، ناو بازاڕی سلیمانی زۆرترین خۆڵو خاشاکی تیا کۆدەکرێتەوەو ئێوارەی هەموو رۆژێک دەیان کارمەندی ژینگەپارێز دەست بەپاککردنەوەی دەکەن.
ئیبراهیم، گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵی ئەسمەری عەرەبەو بەدەم پاککردنەوەو کۆکردنەوەی خۆڵو خاشاک لەشەقامی مەولەویو بەردەم بینای تۆفیق قەزازو فڕێدانی بۆ ناو ئوتومبێلی کەپسەوەکە، بەئاوێنەی وت "ئێمەی کارمەندانی ژینگەپارێز هەموومان عەرەبین، بەدوو شفت سلێمانی پاککدەکەینەوە، لەکاتژمێر ٦ی بەیانییەوە تا ١٢ی نیوەڕۆ شەفتێکەو زیاتر کۆڵانو گەڕەکەکانی ناو شار کۆدەکرێتەوە، لەکاتژمێر ٦ی ئێوارەشەوە تا ١١ی شەو شەفتێکی ترەو ناو بازاڕەکان پاک دەکرێنەوە، هەمانە دوو شەفت ئیش دەکات".
وتیشی "مانگانە مووچەکەمان ٣٠٠ هەزار دینارەو ئیشێکی زۆر سەختو قورسە، بەتایبەتی ناو بازاڕەکان کە فرۆشیارانو عەرەبانەی سەوزەفرۆشەکانو هەندێک لەدوکانەکان خاشاکو پیسیو سەوزەیەکی بەسەرچوویی زۆر فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان، بەبێ ئەوەی عەلاگە یان شتێك بەکاربهێنن".
کارمەندەکانی ژینگەپارێز بەشەوو رۆژ خەریکی کۆکردنەوەی خۆڵو خاشاکدانو چەند رۆژێکی دیاریکراو نەبێت کە بەهۆی دواکەوتنی مووچەکنیانەوە مانیان گرتووە، بەردەوام لەهەولی راگرتنی خاوێنی شاردا بوون.
رێبین، کە شوفێری ئوتومبێلی کەپسی پاککردنەوەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لەشوفێرەکان هەموو ئەوانەی کرێکاری ژینگەپارێزن گەنجی عەرەبن، بەشێکیان دوو شەفت ئیشەکە دەکەن، بۆ ئەوەی بەشی بژێویی خۆیان بکاتو بتوانن یارمەتی کەسوکاریشیانی لێبدەن یان بەشێکی پاشەکەوت بکەن، ئەو وتی "بەڕاستی خۆڵو خاشاک زۆر زۆرە، ئەرکێکی قورسیان لەسەرەو دنیا ساردو سەرما بێت یان گڕەو گەرما، ئەمان پابەندن بەکاری خۆیانەوەو زۆر ماندوو دەبن".
وتیشی "هەرچەندە لەساڵانی رابردوودا چەند جارێک مووچەکەشیان دواکەوتووە، بەڵام زۆر بەدڵسۆزی ئیشەکەیان راپەڕاندووەو بەردەوام بوون لەکارەکەیان".
چەند کۆمپانیایەک ئەرکی پاککردنەوەی ناوەندی شاری سلێمانیو سەرجەم قەزاو ناحیەکانی سەر بەو پارێزگایەیان لەئەستۆ گرتووە. لەساڵانی رابردوودا چەند جارێک بەهۆی دواکەوتنی مووچەو مانگرتنی کارمەندانی ژینگەپارێزی كۆمپانیاكانی پاككهرهوه، بۆ ماوەی چەند رۆژێک خۆڵو خاشاك گهڕهكو كۆڵانو زۆربەی شوێنه گشتییهكانی سلێمانی داپۆشیوە.
"خالید شینکی" یەکێکە لەو کۆپانیایانەی بەپێی گرێبەستێک ناو شاری سلێمانی پاکدەکاتەوە، خاوەنی کۆمپانیاکە "خالید شینکی" بەئاوینەی وت "دوو زۆنی سهرهكی ناو شاری سلێمانی لای كۆمپانیای ئێمهیه، زۆنهكانی دیكه لای كۆمپانیای شكارەو ئەگەر شایسته داراییهكانمان لهكاتی خۆیدا بۆ خهرج بكرێت، کارەکانمان هیچ تەگەرەیەکی تێناکەوێتو کارمەندەکانمان زۆر بەدڵسۆزانە کاری خۆیان دەکەنو تیمەکانمان زۆر ماندوو دەبن بەپاککردنەوەی شارەوە".
شینکی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە زۆربەی کرێکارانی ژینگەپارێز گەنجی عەرەبن، بەڵام شۆفێرو کارمەندانی ئیداری کۆمپانیاکەی زۆربەیان کوردن، ئەو وتی "كۆمپانیای خالید شینکی ههلی كاری بۆ ٤٥٠ كرێكارو ١٠٠ شۆفێرو ٥٠ كارمهندی ئیداری رەخساندوە، ٦٠٠ كهس تهنها لهناوشاری سلێمانی کار دەکەن كه دوو زۆنی سهرهكیمان لایه، دهرهوهی شاریش ٥٠٠ كارمهندمان ههیه، واتە بەكۆی گشتی ١١٠٠ ههلی كارمان رهخساندوه".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات