هەپەگە رایگەیاند، لە رۆژانی نەورۆزدا سوپای توركیا بەردەوام بو لە بۆردومانكردنی چیاكانی كوردستان و 712 جار گۆڕەپانەکانی گەریلای لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردومان كردن.
ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بەزارەکی باس لەوە دەکەن کە ئەم نەورۆزە وەک جەژنی بەهار و خوشک و برایەتی پیرۆز دەکەن. کەچی سوپای داگیرکەری تورک لە ڕۆژانی نەورۆزدا بێ وەستان چیاکانی کوردستانی بۆردومان کرد. بێگومان لەم هێرشانەدا، هێزەکانی گەریلامان ڕێکاری گونجاویان گرتەبەر و هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشت. بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەهار پیرۆز دەکات، 712 جار لە ئاسمان و زەوییەوە بۆردومانی کرد و زیان بە سروشتی جوان گەیشت".
لەبارەی وردەكاری بۆردومانەكان هەپەگە رایگەیاندوە، لە رۆژانی 20 و 21 و 22ی ئادار، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشینی هەرێمی خواکوڕک 2 جار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و سیانی هەرێمی گارە 5 جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیلی هەرێمی مەتینا 3 جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهاری هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ 4 جار؛ بەگشتی 14 جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کراون.
بەپێی راگەیەندراوەكە بۆردومانەكانی دیكە لە رۆژانی 20 و 21ی مانگ بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن ئەنجادراون بەشێوەیەك كە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی سنین و لۆلان و بەری زینێی هەرێمی خواکوڕک 85 جار، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ و گەرگەشێ و سپیندار و مژێ و گردی کون و زێڤکێ و گردی ڕەشید و گردی زەنگڵ و دەشتی کافێ و هەفتەباخی هەرێمی گارە 380 جار، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بێشیلی و شێلازێ و سەری مەتینای هەرێمی مەتینا 89 جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهاری هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ 144 جار؛ بەگشتی 698 جار بە چەکی قورس و تۆپ و هاوەن، تۆپباران کران.