بەهۆی بەشداریكردنی لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز كە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا رێكخرابو، پەرلەمانتارێكی عێراق داوای جوڵاندنی سكاڵای یاسایی لەدژی دڵشاد بارزانی، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا و برای مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەكات.
ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، دڵشاد بارزانی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا و برای مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، بەشداری لە ئاهەنگێكی جەژنی نەورۆزدا كردوە كە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئیسرائیلەوە لە ئەڵمانیا رێكخراوە.
دوێنێ هەینی، 21ی 3ی 2025، مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری عێراقی، لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكی دەزگای داواكاریی گشتی عێراقی كردوە، داوای كردوە سكاڵای یاسایی لە دژی دڵشاد بارزانی بجوڵێنرێت، چونكە ئەو كارەی ناوبراو، بەپێی یاسای بە تاوانناساندنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، "تاوانە."
پێشتر بەشێك لە میدیاكان وێنەكانی بەشداریكردنی دڵشاد بارزانییان لە ئاهەنگەكەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا بڵاوكردەوە لەنێویشیاندا یەكێك لە كەناڵەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام دواتر وێنەكانیان سڕییەوە.
رێكخراوی چاودێریی كوردستان، لەوبارەیەوە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بەشێك لە میدیاكان روماڵی ئاهەنگەكەیان كردو وێنەكانیان بڵاوكردەوە، بەڵام دواتر سڕیانەوە، ئەوەش دەریدەخات كە پێویست بوە بەشداریی دڵشاد بارزانی لە ئاهەنگەكەدا بەنهێنی بمێنێتەوە.
پێنشیاری یاسای بە تاوانناسینی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پێشكەشكرا، رۆژی 26ی ئایاری 2022 لەپەرلەمانی عێراق، پەسەندكرا، بەگوێرەی یاساكە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغەیەو یاساكە سزای هەمو ئەو لایەن و كەسانە دەدات كە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەكەنەوە تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی.
رێكخراوی چاودێری كوردستان لەبارەی یاساكە ئاماژەی بەوەداوە، یاساكە تەنانەت سزای ئەو هاوڵاتیانی ئاسایی دەدات ئەگەر لەگەڵ هاوڵاتیانی ئاسایی ئیسرائیل پەیوەندییان هەبێت، لەكاتێكدا وەك ئەو رێكخراوە ئاماژەی پێداوە، نزیكەی لەسەدا 20ی ئیسرائیلییەكان عەرەبن و ژمارەیەكی زۆر لە جوەكانی ئیسرائیل بەڕەچەڵەك عێراقین.
بۆ بینینی ڤیدیۆی ئاهەنگەكە لێرە كلیك بكە