ڤیدیۆ..سوپای عێراق ئەو هێزانەی كشاندەوە كە رەوانەی ناو شاری شنگالی كردبون
  2025-03-22       732       

لەدوای گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال-یەبەشە و سوپای عێراق، سوپای عێراق هێزێكی زۆری رەوانەی نێو شاری شنگال كرد، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی شنگالدا، سوپا هێزەكانی بۆ دەرەوەی شارەكە كشاندەوە.

ئاوێنە: شەوی 18ی ئەم مانگە، گرژی و پێكدادان لەنێوان هێزێكی یەبەشە و سوپای عێراقدا لە شنگال دروستبو. فەرماندەیی یەبەشە رایگەیاند، سوپای عێراق بۆسەی بۆ هێزەكەیان داناوەو تەقەی لێكردون و ژمارەیەكیان برینداربون و پێنج شەڕڤانیشیان لەلایەن سوپاوە بەدیل گیراون.

رۆژێك دوای روداوەكە، ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی شنگال لەبەرامبەر بەدیلگرتن و كردنە ئامانجی ئەو شەڕڤانانە، خێمەی ناڕەزایەتییان لە بەردەم بینای هەواڵگریی عێراق لە شنگال هەڵدا.

پاش ئەوە عێراق تاوەكو دوێنێش هێزی زیاتری لە سوپاو پۆلیسی فیدراڵی رەوانەی شنگال كرد.

بەگوێرەی میدیای نزیك لە پەكەكەو بەشێك لە میدیا عێراقییەكان، نزیكی سەعات 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای عێراق، ئەو هێزانەی خۆی كشاندەوە كە بۆ سەنتەری شارەكە هێنابونی.

هاوڵاتیانی ناڕازی بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شنگال" و "بژی بەرخۆدانی یەبەشە" پێشوازییان لە كشانەوەی هێزەكانی عێراق كردو پاش ئەوە خێمەی ناڕەزایەتییەكەیان لەبەردەم هەواڵگریی عێراق لە شنگال هەڵگرت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیای نزیك لە پەكەكە، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەكان، سوپای عێراق ناچار بوە لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕیوبەریی شنگال و یەبەشە دابنیشێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەئەنجامی ئەو کۆبونەوانەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق ئەو هێزانەی کە ڕەوانەی شنگالی کردبون، کشاندییەوەو لە بەرامبەر ئەوەشدا ئەو خێمەی چالاکییەی کە لەبەردەم بینای هەواڵگری عێراق دانرابو، هەڵگیرا.

میدیای نزیك لە پەكەكە، وتوشیەتی، چالاكییەكانی خەڵكی شنگال تا ئازادكردنی ئەو پێنج شەڕڤانەی كە لەلایەن سوپاوە دەستگیركراون لەگەڵ كۆتاییهێنان بە هەوڵەكانی كردنە ئامانجی هێزەكانی یەبەشە، بەشێوەی دیكە بەردەوام دەبن.

بۆ بینینی ڤیدیۆكە لێرە كلیك بكە

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×