کچێک: شۆفێریی وایان تیا بووە زۆر بەئەدەبو رەوشتبەرز بوون، تیاشیاندا بووە گێچەڵی بەرامبەر بەخۆمو هاوڕێکانیشم کردووە
ئا: هێڤی ئاوات
زۆرێک لەکچانو ژنان چیرۆکی گێچەڵ پێکردنیان لەناو تەکسیدا دەگێڕنەوە، شوفێرانی تەکسیش دەڵێن "پەنابردنی چەند شوفێرێک بۆ گێچەڵ کردن بەکچانو ژنان ناکرێت بکرێت بەپێوەر بۆ هەموو شوفێرانی تەکسی".
"دایکم لەگەڵ بوو شۆفێری تەکسییەکە داوای ژمارەی مۆبایلی لێکردم"!
ئەمە وتەی بناری تەمەن ٢٣ ساڵە، کە ئەزمونێکی تاڵی هەیە لەناو تەکسییدا.
ئەو وتی "چەند جارێک تووشی گێچەڵ بووم، لەلایەن ئەو شوفێری تەکسییانەوە بەمەبەستی گەیاندم لەگەڵیان سەرکەوتووم، جارێک لەگەڵ دایکم ویستمان بچین بۆ فامیلی مۆڵ، هەر کە سواری تەکسییەکە بووین، زۆر بێ شەرمانە کەوتە پیاهەڵدانمو داوای ژمارە مۆبایلەکەی لێکردم، تا دایکم تووڕە بوو، کەچی کە دابەزین وەرەقەیەکی دەرهێناو وتی دە ئەوە ژمارەکەی منە، لەهەر شوێنێک پێویستتان بەتەکسی بوو تەلەفونم بۆ بکەن دێم بەشوێنتاندا!".
وتیشی "جارێکی تر دنیا تاریک ببوو، لەلای دکتۆری دان بوومو سواری تەکسییەک بووم، بۆ ئەوەی بگەرێمەوە بۆ ماڵەوە، لەڕێگا شوفێرەکە دەستی کرد بەقسەی نەشیاو، پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ئایا شووم کردووە، منیش لەتاوا درۆم لەگەڵ کردو وتم بەڵێ هاوسەرگیریم کردووە. ئەوەش دادی نەدام. پێس ئەوەی بگەینە ماڵەوە لەڕێگا ئوتومبێلەکەی خاو کردەوە، زۆر ترسام، جانتاو مۆبایلەکەم گرت بەدەستمەوەو ئامادە بووم بۆ هەموو شتێک، لەو کاتەدا باوکم تەلەفۆنی بۆ کردم، کاتێک تەلەفۆنەکەم هەڵگرت، هەوڵمدا شۆفێرەکە تێیبگەیەنم کە لەگەڵ باوکم قسە دەکەم، بۆیە کەمێک پاشەکشەی کرد، بەڵام هەموو ڕێگاکەم لەترسو دڵەڕاوکێدا بەسەربرد، کاتێک گەیشتین، وامئەزانی هەموو شتێک کۆتایی هاتووە، ئاهێکم هەڵکێشاو کە پارەکەم پێدا، دەستی گرتمو بەرەو لای خۆی ڕایکێشام، لەتاوا نەمزانی چی بکەم، دەستم راپسکاندو خێرا دەرگاکەم کردەوەو دابەزیمو ڕامکرد، تا خۆم کرد بەمالەوەدا هەر وامدەزانی بەدوامەوەیە".
بنار ئاماژە بەوە دەکات کە لەو کاتەوە "تۆبە"ی کردووەو هەوڵیداوە هەرگیز درەنگ نەگەڕێتەوە، ئەو وتی "ئەگەر ناچار بووبێتم درەنگ بکەوم، هەمیشە تەلەفونم بۆ باوکم یان براکەم کردووەو هاتون بەشوێنمداو ئەمە تاکە ڕێگایە کە هەست بەسەلامەتی دەکەم".
بنار یەکێکە لەسەدان کچو ژنانی کوردستان کە ئەم جۆرە چیرۆکانە لەکاتی سواربوونیان لەگەڵ تەکسی دەگێڕنەوە، تەنانەت بەشێک لەژنان ئاماژە بەوە دەکەن هەرچەندە تەمەنیان هەلکشاوەو لەسەروو ٤٠ ساڵیشەوەن بەڵام لەگێچەڵی شۆفێری تەکسییەکان دەربازیان نەبووە.
خەندە محەمەد، ژنێکی تەمەن ٤٦ سالەو خاوەنی چوار منداڵە، باس لەوە دەکات دوو جار کە بەتەنها سواری تەکسی بووە، رووبەڕووی گێچەڵ پێکردن بوەتەوە، ئەو بەئاوینەی وت "جارێکیان لەگەڵ کوڕێكی گەنج سەرکەوتم، کە وتم بمگەیەنە فلانە شوێن، وتی زۆر شارەزا نیم، خۆم ئیشی تەکسی ناکەم، ئەمە هەر بۆ بێ تاقەتی خۆمە! وەک ئەوەی بڵێ من زۆر دەوڵەمەندم، پاشان وتی تۆ زۆر جوانیت، ئەتوانم ژمارەی مۆبایلەکەت وەرگرمو پەیوەندیم لەگەڵ هەبێت؟ لەتاوا پێش ئەوەی بگەمە شوێنەکە وەستانمو دابەزیم".
وتیشی "جارێکی تریش شوفێرەکە کابرایەکی بەتەمەن بوو، لەڕێگە کەوتە قسەکردنو وتی ژنەکەم مردووەو ئێستا بێ ژنم، تۆ مێردت هەیە؟ وتم بەڵێ مێردم ماوەو ساغو سەلامەتە، هێشتا هەر لەقسەی بێ مانا نەکەوت، تا دابەزیم".
بەشێکی دیکە لەو ژنو کچانەی قوتابیو خوێندکارن یاخود کارمەندنو بەتەکسیو پاس هاتوچۆ دەکەن بۆ قوتابخانەو زانکۆو فەرمانگەکان، دیسان رووبەڕووی گێچەڵ کردن دەبنەوە.
لاڤە لوقمان، کچێکی ٢٠ سالەو خوێندکاری زانکۆیە، باس لەوە دەکات کە لەپۆلی حەوتی بنەرەتییەوە تا ئێستا بەپاسو تەکسی هاتوچۆی قوتابخانە دەکات، رووبەڕووی شوفێری زۆر باش یاخود بەپێچەوانەوە زۆر خراپیش بووەتەوە، ئەو بەئاوینەی وت "شۆفێریی وایان تیا بووە زۆر بەئەدەبو رەوشتبەرز بوون کە شەرمیان لێدەکەیت، تیاشیاندا بووە زۆر بێمانا بووەو گێچەڵی بەرامبەر بەخۆمو هاوڕێکانیشم کردووە".
وتیشی "رۆژگارەکە وایلێهاتووە ئێستا کچانو ژنان ترسیان هەیە بەتەنها سواری تاکسی بن".
لەبەرامبەریشدا شوفێری تەکسییەکان پێیانوایە، وەک هەموو چینو توێژەو پیشەوەرەکانی دیکە، شوفێری تەکسیش باشو خراپیان هەیەو ناکرێت چوار پێنج کەسی دیاریکراو بکرێنە پێوەر بۆ خراپی یان باشی ئەوانەی ئەم پیشەیە دەکەن.
شاڵاو رۆستەم، گەنجێکی تەمەن ٣٣ ساڵەو ماوەی ٨ ساڵە شۆفێری تەکسییە، ئاماژە بەوە دەکات ئەوانەی شوفێری دەکەن، کەسانێکن کە لەپێناو دابینکردنی بژێویی ژیاندا ئەم پیشەیەیان هەڵبژاردووە، زۆربەی هەرە زۆریان کەسانێکی بەڕێزو بەویژدانو رەوشتبەرزن، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆربەی هەرە زۆری شوفێرەکان خەڵکێکی باشو بەڕێزن، ئەوەندە کەسێکی بچوک نین گێچەڵی سێکسی بەرامبەر بەنەفەرەکانیان بکەن، چونکە خۆیشیان خوشکو دایکیان هەیە، ناڵێم تیا نییە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە بکات، ئەشێت شوفێریشی وەهاش هەبێت، وەڵا شۆفێری تەکسی هەیە ئەڵێ نەفەر ژنو کچ نەبێت سواری ناکەم، بەڵام ئەم جۆرە شوفێرە ژمارەیان زۆر کەمەو ناکرێت گشتگیر بکرێت".
پسپۆڕانی بواری دەرونناسیش هۆکاریی زۆری گێچەڵی سێکسی دەگەڕێننەوە بۆ خراپی پەروەردەکردنو ئەو چەپاندنە توندەی لەکۆمەڵگەی کوردیدا هەیە.
ئەژی وریا، پسپۆڕی دەرونناسی پێیوایە لەکۆمەڵگای کوردیدا، گێچەڵی سێکسی دیاردەیەکی باوەو لەزۆربەی شوێنەکانی کەرتی گشتیو تایبەتیشدا بەدیدەکرێت، لەناو تەکسیش بەهەمان شێوە کە زۆرجار قسەو ڕەفتارێکی نەخوازراو بەرامبەر ژن یاخود کچێک دەکرێت، ئەو وتی "لەڕاستیدا کە باسی گێچەڵی سێکسی لەشوێنێکی دیاریکراودا دەکەین، دەبێت پشت بەداتاو توێژینەوەیەکی زانستی یان مەیدانی ببەستین، بەداخەوە لەکوردستاندا هیچ داتاو ئامارێکی بەو جۆرەمان نییە، بۆ نمونە زۆربەی ئەوەی دەربارەی تەکسی دەوترێن تەنها گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو کچو ژنانەیە کە روبەڕووی ئەو جۆرە گێچەڵانە بوونەتەوە لەکاتی سواربوونی تەکسیدا".
وتیشی "هۆکاری سەرەکی ئەم گێچەڵانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک ژنێک یاخود کچێک بەتەنها سواری تەکسییەک دەبێت، دەرفەتێک بۆ ئەو جۆرە لەشوفێران دروست دەبێت کە بەتەنهاو کەس ئاگای لێنییە گێچەڵی سێکسی بکەن، لەبەرئەوەی شێوازی پەروەردەکردنیان تەندروست نەبووە یاخود تووشی چەپاندنێکی زۆرو درێژخایەن بوونو هەر دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێ درێغی ناکەن لەوەی گێچەڵی تیا بکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات