ئا: ئاوێنە
رەمزی کارتال، ئاماژە بەوە دەکات "هەموو ئەو کارانەی کراون بەبۆچوونی هاوبەشی ئۆجەلانو شاندی دەوڵەت بووە، ئەو دەڵێت "ساڵێکە گفتوگۆ لەنێوان بەرپرسانی دەوڵەتو ئیمرالیدا دەکرێت".
رەمزی کارتال، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل بەبی بی سی راگەیاند هەموو ئەو کارانەی ئەنجامدراون بەرێککەوتنو بۆچوونی ئۆجەلان و بەرپرسانی دەوڵەت بووە پێش بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتدا، ئەو وتی "پێش بانگەوازەکەی ئۆجالان نزیکەی ساڵێکە گفتوگۆ لەنێوان بەرپرسانی دەوڵەتو ئیمرالیدا دەکرێت، پێش سەردانی شاندەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی پرۆسەیەکی درێژخایەنی وتووێژ لەنێوان بەرپرسانی دەوڵەتو ئۆجالاندا هەبووە".
وتیشی "بانگەوازەکەی ئۆجەلان تەنیا ئاراستەی پەکەکە نەبووە، بەڵکو ئاراستەی دەوڵەتیش بووە، پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئێستا هەنگاوێک لەدەوڵەت چاوەڕوان دەکرێتو یەکەم هەنگاوی چاوەڕوانکراویش ئازادی عەبدوڵا ئۆجەلانە".
کارتال ئاماژەی بەوە داوە کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەسوریا لەنێو ئەو گروپانەدا نین کە ئۆجەلان بانگەوازی کردوون بۆ دانانی چەک، ئەو وتی "بانگەوازی دانانی چەک یەپەگە لەسوریا یان پژاک لەئێران ناگرێتەوە".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا لە ٢٧ی شوباتدا وتبووی "دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە"، بی بی سی لەکارتال دەپرسێت ئۆجەلان مەبەستی چییە لە"هەموو گروپەکان"، کارتال لەوەڵامدا دەڵێت "پەکەکەو گروپە چەکدارەکانی سەر بەپەکەکە، واتە هەپەگە، یەژاستار، ئەو گروپانەی لەناوچەی جیاجیادا لەژێر جەتری پەکەکەدا کاردەکەن".
سەبارەت بەوەش کە ئۆجەلان نامەی بۆ قەندیلو سوریاو ئەوروپا ناردووە، نامەیەک گەیاندراوەتە بەرپرسانی پەکەکە لەقەندیل، بۆ بەرپرسانی هەسەدە لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا و بۆ کەنەکە لەئەوروپا، سەبارەت بەم نامانە کارتال دەڵێت "هەموویان بەواژۆو ناوی ئۆجەلانەوەن؛ ڕاستەوخۆ بەقەڵەمی خۆی نوسراونو لە ٢٢ی شوبات "نامەکەی ئەوروپا"ی ئۆجەلان گەیشتووەتە دەستمان".
کارتال، کە لەساڵی ١٩٩١ وەک پەرلەمانتاری وان هەڵبژێردراوەو تا ساڵی ١٩٩٤ لەپەرلەمان کاری کردووە، لەساڵی ١٩٩٤ەوە لەدەرەوەی وڵات دەژی، یەکێک بوو لەو کەسانەی ساڵی ٢٠١٣و ٢٠١٤ بەشداری لەدانوستانەکانی ئۆسلۆدا کرد، لەنێوان بەرپرسانی دەوڵەتو پەکەکەدا ئەنجامدراو ئێستاش لەلیستی "داواکراو"انی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادایە، لەوەڵامی ئەوەی ئایا لەم ماوەیەدا هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان پەکەکەو بەرپرسانی دەوڵەت لەئەوروپا یان لەشوێنێکی دیکەدا هەبووە، کارتال دەڵێت "ئەو جۆرە هەواڵانە دوورن لەڕاستییەوەو کۆبوونەوەی سەرەکی لەئیمرالییە".
دەشڵێت "ئەوەی ئۆجەلان چاوەڕوانی لەدەوڵەت دەکات، دروستکردنی زەمینەیەکە بۆ خەباتی دیموکراسیی، بەپەلەترینو کۆنکرێتیترین هەنگاویش کە "لایەنی کوردی" لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست چاوەڕوانی دەکات لەدەوڵەت، سەبارەت بەئۆجەلانە، پێش هەموو شتێک پێویستە هەلومەرجێک دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت سەرکردایەتی ئەم پرۆسەیە بکات، کار بکات، ڕێکخراوەکەی بەڕێوەبباتو ڕازی بکات، یەکەم وەڵامی دەوڵەت وەک نیشانەی نیازپاکی بۆ ئەو بانگەوازەی پێشکەشی دەکات، ئازادی ئۆجەلانەو قبوڵکردنی مافی هیوا متمانە دروست دەکات".
دەشڵێت "لە سەدەی بیست و یەکەمدا تورکیا دەتوانێت دەرفەتی یەکگرتنەوە لەگەڵ کورد دروست بکات و ئەو شارستانییەتە گەورەیەی لە ڕابردوودا دروستی کردووە بیگۆڕێت بۆ شارستانیەتێکی دیموکراسی".
کارتال ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەوەی پڕۆسەیەکی نوێ هاتە ئاراوە، یەکێک لەو پرسانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر بوو، ئەوە بوو کە ئایا پەکەکە ئەگەر ئۆجەلان داوای لێبکات چەک دابنێتە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە یان نا، پەکەکە ڕۆژی ٢ی ئازار لەبەیاننامەیەکدا ئاگربەستی ڕاگەیاندو وتی پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبێت، ئەو دەڵێت "پەکەکە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تورکیا لەچوارچێوەی ململانێیەکی چەکدارییەوە بگوازرێتەوە بۆ ململانێیەکی سیاسی و یاسایی لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان دەریبڕیوە. خەمی بنەڕەتی ڕێکخراوەکە هەمیشە ئەمەیە: وەڵامی دەوڵەت چی دەبێت؟".
دەشڵێت "ئەگەر هەندێک پێیوابێت 'پەکەکە کۆتایی هاتووە'، ئەمە ڕاست نییە، بەڵێ کاروباری ڕێکخراوەیی و سەربازی کۆتایی دێت، بەڵام خەباتی ئازادی دیموکراتی سیاسی سەرەتایەکی نوێیە".