گەنجانی پەیڕەوی سێ ئایین بێ کێشە لەدھۆک پێکەوە دەژین
  2025-02-16       599       
پێکەوە ژیانی ئایینی بەگشتی لەھەرێمی کوردستان لەئاستێکی باشدایە، بەڵام لەسنوری دھۆک باشترینە

ئا: عەمار عەزیز

 

دەیان ساڵە موسڵمان، کریستیان، ئێزیدی لەسنوری پارێزگای دھۆک پێکەوە بەئاشتی دەژین‌و رێز لەدابونەریتی یەکتر دەگرن، گەنجێک دەڵێت "ئێمەی کریستاین‌و ئێزیدی‌و موسڵمان لەشین‌و شاییدا پێکەوەین".

 

یوسف خوشابا، کریستیانەو زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لەناو سەنتەری شاری دھۆک دەژی‌و خۆشحاڵە کە هەموو گەنجێتی خۆی لەگەڵ موسڵمان‌و ئیزیدییەکانی ئەو شارە بێ کێشە بەسەربردووە، ئەو ئاوێنەی وت "لەدھۆک لەدایک بووم، دراوسیەکانمان موسڵمانن، رێزێکی زۆر گەورە لەداب‌و نەریتەکان‌و رێورەسمە ئایینییەکانی ئەوان دەگرین، بەشین‌و بەشایی هاودەمیانین، لەمانگی رەمەزان ھیچ شتێک لەپێش چاویان ناخۆین، ئەگەر پرسەیان ھەبێت دەچین‌و بەشداردەبین لەناخۆشیەکانیان، ئەگەر شاییشیان هەبێت دەچین لەگەلیان ئاهەنگی شادی دەگێڕین، چەندین ھاورێی موسڵمانم ھەیە‌و پەیوەندیمان زۆر خۆشە".

کریستیانەکانی دھۆک، زیاتر لەگەڕەکی گرێ باسێ‌و بەرۆشکێ‌و چەند گەڕەکێکی تر پێکەوە لەگەڵ موسڵمانان‌و پێکھاتەکانی تر دەژین، ژمارەیان نزیکەی ٥٠ ھەزار کەسە، ئەوانیش دابەش دەبن بەسەر چەند مەزهەبێکی وەک کلدان، سریان، ئاشوری، لەگەڵ ئەرمەن .

خوشابا وتی "کاتێک لەگەڵ ھاورێیەکی موسڵمان دەچین بۆ شوێنێک یان لەبازار یەکتر دەبینین، ھەر گیز لەسەر بابەتێک قسە ناکەین کە خاڵی هاوبەشمان نەبێت بەتایبەت لەسەر بابەتەکانی ئایینی، ڕاستە ئایینمان جیاوازە، بەڵام دواجار ھەموومان مرۆڤین‌و بەپێی پێویست‌و توانا ھاوکاری یەکتر دەکەین، وا لەگەڵ یەکتر ناژین کە ئەو موسڵمانەو من کریستیانم، رێزگرتن لەھەموو شتێک بۆمان گرنگترە ھەر لەبەر ئەمەش بێ کێشە لەگەڵ یەکتر دەژین".

 

ئەرمەنەکانی دھۆک‌و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ٤٥٠ خێزان دەبن، ئەو خێزانانە بەسەر شاری دھۆک‌و زاخۆدا دابەش بوون، پەیوەندییان لەگەڵ موسڵمان‌و پێکھاتەکانی تر لەئاستێکی زۆر باشدایە .

 

یەروانت ئەمینیان، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پێکھاتەی ئەرمەن، بەئاوێنەی وت "پەیوەندیەکانی ئێمە لەگەڵ موسڵمان‌و ئێزیدی‌و پێکھاتەکانی تر زۆر خۆش‌و بێ کێشەیە، گەنجان‌و خەڵکی ئێمە لەدھۆک‌و زاخۆ بەهەموو شێوەیەک رێز لەئەرمەنەکان دەگرن‌و هەر بە بەشێک لەخۆیانیانی دادەنێن، بەبێ ئەوەی جیاوازی بکەن‌و بڵێن ئەمە ئەرمەنە یان پێکھاتەیەکی ترە".

وتیشی "نەک گەنج بەتەنیا بەڵَکو ھەموو ئەرمەنەکان بەتایبەت‌و کریستیانەکان بەگشتی تێکەڵاوییان لەگەڵ برا موسڵمانەکان ھەیە، لەخۆشی‌و ناخوشی لەگەڵ یەکتر بەشدار دەبن، دەیان ساڵە لەدھۆک‌و زاخۆ پێکەوە دەژین کە ئەمەش جێگای شانازییە بۆ ھەموومان، ئەم پێکەوە ژیانەش بەردەوام دەبێت‌و رۆژ بەڕۆژ بەھێزترو باشتر دەبێت".

 

پێکھاتەی ئێزیدی لەڕووی ژمارەی دانیشتووان جگە لەموسڵمان لەھەموو پێکھاتەکانی تر زیاترن، لەناوەندی دھۆک‌و سنوری قەزاکانی سێمێل‌و شێخان دەژین، ھاوکات ١٥ کەمپی ئاوارەکانی ئێزیدی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەسنوری پارێزگای دھۆک هەن .

 

بێوار سلێمان، گەنجێکی ئێزیدییە، مامۆستای ئامادەییە، ئەو بەئاوێنەی وت "نزیکەی ٥٠ ساڵە لەسنوری ناحیەی خانکێ سەر بەقەزای سێمێل دەژین، سێ گوندی موسڵمان دراوسێمانن ئەوانیش کەمۆنە، جەم بەرەکات، دێرکێ، ھەروەھا گوندێکی ترمان ھەیە بەناوی سورکا، هی برایانی کریستیانە، تێکەڵاویمان لەگەڵ موسڵمان‌و کریستیاندا زۆرە، تەمەنم ٣٥ ساڵەو تا ئێستا نەمبینیوە جارێک کێشە لەنێوانماندا روویدابێت، ھەر بەخۆشی‌و بێ کێشە لەگەڵ یەکتر دەژین".

بێوار دەیان ھاورێی موسڵمان‌و کریستیانی ھەیە، لەخۆشی‌و ناخۆشی لەئەحواڵی یەکتر دەپرسن، ھەندێکجار ھاورێ موسڵمان‌و کریستیانەکان زیاتر لەئێزدییەکان زووتر جەژنی تایبەتیان لەبێوار پیرۆز دەکەن‌و ئەگەر توشی حاڵەتێکی نەخوازراوش بێت ھەر زوو بەھانایەوە دەچن، ئەو وتی "ئایین شتێکە لەنێوان مرۆڤ خۆی‌و خودای خۆی، ھەر گیز ئەمە نەبووەتە بەربەست یاخۆد نەبوەتە کێشە لەنێوانماندا، دەیان ھاورێی نزیکی خۆم لەموسڵمان‌و کریستیان ھەیە، ئەوان سەردانی من دەکەن، منیش بەھەمانشێوە سەردانی ئەوان دەکەم، لەخۆشی‌و ناخۆشی لەگەڵ یەکترداین، ئەگەر یەکێک لەئێمە توشی روداوێک بێت یان ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو، ھاوکاری یەکتر دەکەین".

 

هاوکات گەنجانی سەر بەئایینی ئیسلامیش کە زۆرینەن لەدهۆکدا بەهەمانشێوە شانازی بەپێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەشارەکەیان‌و پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ کریستیان‌و ئێزیدییەکان دەکەن.

 

خەلیل ئیبراھیم ، دانیشتووی گەڕەکی بەرۆشکێیە لەناوەندی دھۆک، ئەو موسڵمانەو شوێنی نیشتەجێبوون‌و خانووەکەیان بەرامبەر خانووی ماڵێکی کریستیانە، ئەو بەئاوێنەی وت "تەنھا لەکۆڵانەکەی ئێمەدا ٥ ماڵی کریستیان ھەن، ھەرچەندە ئێستا بەگشتی تێکەڵاوی لەنێوان ھەموو تاکێکی کۆمەڵگا کەمبووەتەوە، بەڵام ئێمە ھەر تێکەڵاویمان ماوە لەگەڵ برا کریستیانەکان‌و سەردانی یەکتر دەکەین".

خەلیل کە تەمەنی ٣٤ ساڵە، دڵخۆشە بەھاورێیەتی لەگەڵ کریستیانەکان، ئەو وتی "لەگەڵ برا کریستیانەکان جگە لەوەی دراوسێی یەکترین، لەخوێندنگا لەگەڵ یەکتر خوێندومانە".

وتیشی "پێکەوە ژیانی ئایینی بەگشتی لەھەرێمی کوردستان لەئاستێکی باشدایە، بەڵام لەسنوری دھۆک باشترینە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×