زۆرترین رێژەی بێکاریی لەنێو ئافرەتاندا، لەهەولێرە
  2025-02-15       424       
بێکاریی، گەورەترین مەترسییە لەسەر ئایندەی کوردستان

ئا: شەنگە دارا

 

رێژەی بێکاریی لەهەرێمی کوردستان، ساڵ بەساڵ روو لەزیادبوونە، کژۆمەڵناسێک دەڵێت "ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ بێکاری نەدۆزرێتەوە لێکەوتەکانی بۆ سەر هەرێم مەترسیدار دەبێت".

 

ڕابەر زرار، گەنجێکی تەمەن ٢٨ ساڵی بێکارە لەشاری هەولێرو ئاماژە بەوە دەکات هۆکاری سەرەکی بێکاری بێ پلانی حکومەتە، چونکە زیاتر لە ١١ ساڵ دەچێت دەرگای دامەزراندنی داخستووە لەکەرتی گشتیداو کەرتی تایبەتیش بەو ئەندازەیە بەهێزو گەشەکردوو نییە کە بتوانێت ئەو هەموو دەستی کارە لەخۆبگریت کە ساڵانە لەزانکۆکان خوێندن تەواو دەکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "هەلی کار دەست هەموو گەنجێک ناکەوێت، زۆربەی ئەوانەی کاریان دەستەدەکوێت یان بەهۆی واسیتەوە یاخود ناسینی کەسێکەوەیە لەو شوێنەی کاریان دەستکەوتووە".

وتیشی "هۆکارێکی تریش بوونی هاوڵاتی وڵاتانی ترە کەوا دەستیان گرتووە بەسەر ئیشوکارەکان بەپارەیەکی کەمتر ئیش دەکەن، من خۆم چووم بۆ چاوپێکەوتنی ئیشێک خاوەن کارەکە پارەی کەمی دەدا بۆ ئیشەکە، کاتێک وتم پارەکە کەمە و بەشم ناکات، وتی بڕۆ بیانی زۆرە بەپارەی کەمتریش دەیکەن".

رابەر داوا لەحکومەت دەکات کە دەرگای دامەزراندن بکاتەوە لەبەرئەوەی زۆرینەی مامۆستایان‌و فەرمانبەران لەتەمەنی خانەنشین بوونیان نزیک بوونەتەوەو ئیشوکاری قوتابخانەو فەرمانگەکان بەباشی بەڕێوەناچێت‌و حکومەت دەبێ گەنج بخاتە شوێنی ئەو کەسەکانە.

 

رابەر یەکێکە لەهەزاران گەنجی کوردستان کە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ هەلی کاریان دەستناکەوێ‌و بەدەست بێکارییەوە گیرۆدەن.

 

گوهدار مزوری، بەرپرسی بەشی ئامارەکانی دانیشتوان‌و هێزی کار لە دەستەی ئامار ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئاماری نوێ سەبارەت بەرێژەی بێکاری بەردەست نییە، بەڵام بەپیی ئاماری ساڵی ٢٠٢١، ڕێژەی بێکاری لەهەرێمی کوردستان ١٦.٥٪م، لەو ڕێژەیەش ڕێژەی بێکاری لەناو پیاواندا ١٣.٦٪ەو لەناو ئافرەتاندا ٢٩.٦٪ە، ئەو بەئاوێنەی وت "دابەشبوونی ڕێژەی بێکاری لەپارێزگاکاندا دابەشدەبێت بەسەر ١٧.٦٪ لەپارێزگای هەولێرەو ٢٤.١٪ لەپارێزگای دهۆکەو لە ١٢٪ لەپارێزگای سلێمانییەو ١٠.٤٪ لەپارێزگای هەڵەبجەیە، بەپێی ئامارەکە پارێزگای دهۆک بەپلەی یەکەم دێت‌‌و هەولێر دووەمە لەڕووی بەرزی ڕێژەی بێکارییەوە".

 

لەم ساڵانەی دواییدا گەنجان بۆ ئەوەی هەلی کاریان دەستکەوێت‌و بێکار نەبن هەوڵیانداوە گەسە بەتوانای خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بچنە کێبڕکێوە لەگەڵ دەستی کاری کارامەو شارەزادا.

 

عومەر خەباتی، گەنجێکی قەزای خەباتی سەر بەپارێزگای هەولێرە کە لەکەرتی تایبەت کار دەکات، ئەوە رووندەکاتەوە کە گەنج پێویستە گەشە بەتوانای خۆی بدات ئنجا بەدوای کاردا بگەڕێت، چونکە ئێستا بازاڕی کار بڕ لەکێبڕکێیەو ئەوانەی زیاتر کارامەو بەتوانان کاریان دەستدەکەوێ، چونکە بەگشتی شوێنەکان مەرجیان زۆرە، ئەو بەئاوێنەی وت "هەمومان ئەوە دەزانین زانکۆو دامەزراوەکانی خوێندن لەکوردستان ناتوانن گەنج بەتەواوی ئامادە بکەن بۆ بازاڕی کار، بۆیە پێویستە گەنجەکە خۆی بتوانێت شارەزایی پەیدا بکات لەو بوارەی دەیەوێت کاری تێدا بکات".

وتیتشی "چەندین جار ڕویداوە داواکاریم پێشکەشکردوە بۆ کار، بەڵام وەرنەگیراوم‌و دواتر زانیومە ئەو شوێنەی من داواکاریم لێپێشکەشکردوە کەسی خاوەن ئەزمون‌و باشتر لەمنیان دەوێت بۆیە هەوڵمداوە تواناو بەهرەکانی خۆم بەرەو پێشبەرم. ئەمە جگە لەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی دەستکەوتنی کار ئەوەیە خەڵک بناسی‌و کۆمەڵایەتی بیت، چونکە ئەمە یەکێکە لەهۆکارەکانی دەستکەوتنی کار".

 

بەڵام د.خالید حەیدەر، ئابووریناس هۆکاری بێکاری گەنجان دەگەڕێنێتەوە بۆ پوکانەوەی بازاڕو کەمبوونی جموجۆڵی ئابووری‌و خەرجکردنی پارە بەهۆی کێشەی موچەوە، ئەو بەئاوینەی وت "ئەم هۆکارانە وایکردووە کە خواست کەم بێت لەبازاڕو هاوردەکردنی شتومەک کەم بکات‌و چالاکی ئابووری کەم بکات‌و هەموو ئەمانە وادەکەن جوڵەی ئابوری سست ببێت‌و ڕێژەی بێکاری بەرزبێتەوە، لەڕووی ئابووریەوە بێکاری وادەکات گەنج ئەو توانا مرۆییانەی هەیەتی لەدەستبدات‌و نەتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەی".

 

هاوکات، کۆمەڵناس جوتیار فەتاح بێکاری بەیەکێک لەکێشە گەورەکانی هەر کۆمەڵگەیەک دادەنێت بەتایبەت ئەگەر ڕێژەی رێژەی بێکاری وەک هەرێمی کوردستان رێژەی ستاندارد تێپەڕێنێت ئەوا دەگاتە ڕێژەیەکی مەترسیدار، ئەو بەئاوینەی وت "بەداخەوە بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن هەرێمی کورستان ڕێژەی بێکاری تیایدا بەرزە، هۆکارگەلێکی زۆر هەن بۆ ئەمە وەک قەیرانی دارایی‌و نەبوونی موچەو بێبازاڕیی، کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر بێکاری".

وتیشی "لێکەوتەکانی بێکاری زۆرن، لەوانە کۆچی نایاسایی‌و دەستبردن بۆ ماددەی هۆشبەرو توشبوون بەنەخۆشی دەروونی کە مرۆڤ کاری بەتاڵی زۆر بوو زۆریش بیردەکاتەوە، ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ بێکاری نەدۆزرێتەوە مەترسی‌و لێکەوتەکانی زیاد دەکەن، ئەوکات ترس لەسەر دامەزراوە فەرمی‌و نافەرمیەکان دروست دەکات، یەکێک لەچارەسەرە سەرەکیەکانیش دادپەروەری کۆمەڵایەتیە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێک لەلایەیەنە پەیوەندیدارەکان پێیانوایە هێنانی کرێکاری دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەریی نەخوازراوی هەبووە لەسەر زیادبوونی رێژەی بێکاریی.

 

وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاریان ئەحمەد بەئاوینەی وت "زیاتر لە ٨ هەزار کرێکاری بیانی لای ئێمە تۆمارە".

وتیشی "کارمان کردوە بۆ ئەوەی دەستی کاری خۆماڵی زیاتر بێت، بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێم پێویستە ڕێژەی کرێکاری خۆماڵی ٧٥٪و کرێکاری بیانیش ٢٥٪ بێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×