"ڤالانتاین" بەگیرفانی بەتاڵەوە
  2025-02-13       404       
دەزانم بەکڕینی دیارییەکی بچوک هاوسەرەکەم دڵخۆش دەبێت‌و ئەوەش بەسە بۆ من

ئا: محەمەد هاوژین

 

١٤ی شوبات، رۆژی‌ عاشقانی‌ جیهانە‌، لە‌كوردستانیش ساڵانە‌ بە‌چە‌ندین شێوازی‌ جیاواز یادی‌ ئە‌و رۆژە‌ دە‌كرێتە‌وە‌‌، هەرچەندە چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی دارایی‌و ململانێی سیاسییەوە، یادکردنەوەی ڤالانتاین بەساردی تێدەپەڕێت، گەنجێک دەڵێت "ئەم بۆنانە بۆنەی خەڵکی وەک ئێمەو مانانی بێ پارەو پول نین، بۆنەی ئەو کەسانەن کە هیلاک نابن‌و شەق لەپارە هەڵئەدەن".

 

سەرخێڵ، کوڕێکی تەمەن ١٩ ساڵەو لەگەڵ نزیکبوونەوە لەڕۆژی ڤالانتاین، شەوان لەسەر شەقامی شەستییەکەی سلێمانی کە دەچێتەوە بەرەو سەرچنار، بەباوەشیک گوڵی سوورەوە، لەنێوان ئەو ئوتومبێلانەدا کە بەتیژڕەوی تێدەپەڕن‌و لەبەردەم بەربەستێکدا رۆشتنیان خاو دەکەنەوە، گوڵەکانی بۆ ئەو شوفێرانە نمایش دەکات هاوسەر یان هاوڕێیەکی کچیان لەگەڵدایەو داوایان لێدەکات بەگوڵێک خۆشەویستییان بۆ دەرببڕن، بەڵام سەرخێڵ نائومێدە بەرامبەر بەوەی ئەمساڵ فرۆشی گوڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو کەمترە، هەرچەندە سبەینێ رۆژی ڤالانتاینە، ئەو بەئاوێنەی وت "بێ بازاڕییەو هەموو شتێک کەوتووە، تەنانەت ڤالاینتاینیش لێرە سیحری نەماوە، خەڵک دڵیان بەهیچ خۆش نییە، بێ مووچەیی‌و بێ بازاڕیی‌و بێ کاری، خەڵکی لەهەموو شتێک بێزار کردووە، تەنانەت تاقەتیان نییە بەگوڵێکی سوریش خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکتر دەرببڕن".

وتیشی "ئێستا ئیتر گوڵفرۆشتنیش وایلێهاتووە ئەتوانین بڵێین ئیشێکە باشترە لەهیچ".

 

سەڕەرای ئەوەش ماوەی چەند ساڵێکە ڕۆژی ڤالانتاین هەوادارێکی بەرچاوی لەنێو گەنجانی کوردستاندا پەیدا کردووە، چەندین کەس پێش هاتنی ئەم رۆژە بیر لەکڕینی دیاری بۆ خۆشەویستەکانیان دەکەنەوە، هەر بەو هۆیەشەوە بازاڕ لەم ڕۆژانەدا پڕ دەبێت لەکاڵای گونجاو بۆ ڕۆژی ڤالانتاین، لەگوڵی سوورو ورچی بوکەڵەو شوکولاتەی جۆراوجۆرەوە بگرە تا دەگات بەزیادبوونی خواست لەسەر کڕینی جلوبەرگ‌و زێڕو ئوتومبێل، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی‌و گرانییەوە کڕینی دیاری گرانبەها تەنها بۆ ئەو کەسانە رەخساوە کە خاوەنی سەروەت‌و سامانێکی زۆرن.

 

"بەگیرفانی بەتاڵەوە ڤالانتاین ناکرێ!"، ئەمە قسەی ژیاری تەمەن ٢٨ ساڵە کە لەبەردەم مزگەوتی گەورە هاوار بۆ فرۆشتنی گۆرەوی هەرزانبەها دەکات لەسەر عەرەبانەکەی، ئەو باس لەوە دەکات ماوەی ٤ ساڵە هاوسەرگیریی کردووەو هەموو ساڵێک بەڵێن بەهاوسەرەکەی دەدات لەم ڕۆژەدا پارچە ئاڵتونێکی بچوکی وەک دیاریی ڤالانتاین بۆ بکڕێت، بەڵام نەیتوانیوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەر ڕاستگۆ بم، دۆخی داراییم ساڵ بەساڵ خراپتر بووەو توانای کڕینی هیچ دیارییەکم نەماوە".

وتیشی "ئەم بۆنانە ئێستا بۆنەی خەڵکی وەک ئێمەو مانانی بێ پارەو پول نین، بۆنەی ئەو کەسانەن کە هیلاک نابن‌و شەق لەپارە هەڵئەدەن، گرانی‌و بێ ئیشی هەموو شتێکی لەبیر بردوینەتەوە، لە‌كوردستان هەموو رۆژێك باسی‌ شەڕو بێ مووچەیی‌و گەندەڵی‌و سیاسە‌تە‌، ئیتر دڵمان بەچی خۆش بێت‌؟".

 

هاوکات بە‌شێكی‌ دیكە‌ی‌ گە‌نجانیش باوە‌ڕیان بە‌و رۆژە‌ هەر نییە‌و ئامادە‌ش نین بە‌شداری‌ یادكردنە‌وە‌كە‌ بكە‌ن‌و بەلاساییکردنەوەی نەریتێکی رۆژئاوایی دەزانن، کە رەگ‌و ریشەی لەکلتوری ئیسلامیدا نییە.

 

محەمەد ئەحمەد، کە تەمەنی ٢٠ ساڵەو خوێندکاری بەشی شەریعەیە، پێیوایە ڕۆژی ڤالانتاین ڕەگ و ڕیشەی تەواو ڕۆژئاواییە، بەڵام بەهۆی گەشەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و بەرفراوان بوونیان، وردە وردە لەناو خەڵکی کوردستانیشدا بووە بەباو، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆرێک لەخەڵکی تا ئێستاش ڕەخنەیان لەبڵاوبوونەوەی ئەم بۆنەیە لەکوردستان دەگرن‌و بەکردەوەیەکی پێچەوانەی دابونەریتی کوردەواری‌و ئایینی ئیسلامی دەزانن".

وتیشی "تەنانەت بەشێک لەخەڵکی کێشەیان نەک تەنها لەگەڵ ڕەگ‌و ڕیشەی ڕۆژئاوایی ڤالانتایندا هەیە، بەڵکو لەگەڵ خودی بوونی ڕۆژێکی واشدا کێسەیانە، چونکە بەهۆکاری دوورکەوتنەوە لەئەخلاقی کۆمەڵگەی دەزانن".

 

بە‌ڵام سەرباری ئەوەش بە‌شێكی‌ دیكە‌ی‌ گە‌نجان باوە‌ڕی‌ زۆریان بە‌و رۆژە‌یە‌، چونكە‌ لەنێو هەراو زەنای ئەم ژیانە جەنجاڵەدا ساڵانە بوونی رۆژێک پێویستە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی بەرامبەر بەو کەسەی خۆشدەوێت‌و بەڤالانتاین دڵخۆش‌و سەرسامن.

 

"جوانترین گوڵم ئامادە‌كردوە‌ بۆ ئە‌وە‌ی‌ پێشكە‌شی‌ خۆشە‌ویستە‌كە‌می‌ بكە‌م"، ئە‌مە‌ قسە‌ی‌ ساسان حەمیدی‌ تە‌مە‌ن ٢٢ ساڵە‌. ئە‌و، كە‌ خوێندكاری‌ دوا قۆناغی‌ زانكۆیە‌، پێیوایە‌ زۆربە‌ی‌ ئە‌و كە‌سانە‌ی‌ خۆیان بە‌"عاشق" دادە‌نێن، لە‌خۆئامادە‌كردندان بۆ یادكردنە‌وە‌ی‌ ڤالانتاین‌‌و پێشکەشکردنی دیاری بەخۆشەویستەکانیان کە زۆرتریشیان "گوڵێكی‌ سور"ە.

ئە‌و گە‌نجە‌ ئە‌سمە‌رە‌ باڵابە‌رزە بەئاوێنەی وت "هە‌ست بە‌ئاسودە‌ییە‌كی‌ زۆر دە‌كە‌م كە‌ لە‌و رۆژە‌دا بتوانم گوڵێک‌ پێشكە‌شی‌ خۆشەویستەكە‌م بكە‌م، هە‌ست دە‌كە‌م بە‌و گوڵە‌ وە‌فایە‌كی‌ گە‌ورە‌ لە‌نێوانماندا دروستدەبێت‌، بۆیە‌ هە‌ردوكمان خۆمان ئامادە‌كردوە‌ بۆ ئەوەی‌ بەئارامی یادی‌ ئە‌و رۆژە‌ بكە‌ینە‌وە‌".

وتیشی "ڤالانتاین تاكە‌ رۆژە‌ عاشقان بتوانن راستگۆیی‌ خۆیان بە‌رامبە‌ر خۆشە‌ویستە‌كانیان دوپاتبكەنەوە".

 

بەهەمان شێوەی ئەو کوڕە، شەنگە رەحیمی تەمەن ٢٦ ساڵ، کە ماوەی ساڵێكە‌ چوە‌تە‌ ژیانی‌ هاوسە‌رییە‌وە‌ لە‌گە‌ڵ‌ هاوسە‌رە‌كە‌ی‌ بڕیاریانداوە‌ یادی‌ ئە‌و رۆژە‌ بكە‌نە‌وە‌‌و هە‌ریە‌كە‌شیان وە‌ك "سوپرایزێک" دیارییە‌كیان بۆ یە‌كتری‌ ئامادە‌ كردوە‌، بێ‌ ئە‌وە‌ی‌ كە‌سیان بە‌دیارییە‌كانی‌ یەكتری‌ بزانن. ئە‌و بەئاوێنەی وت "بە‌نیازین‌ ئە‌و رۆژە‌ لە‌گە‌ڵ‌ هاوسە‌رە‌كە‌مدا‌و دور لە‌هە‌ر كێشە‌‌و گرفتێكی‌ ژیان، جەژنی عاشقان‌ بەسەرببەین‌و داوا لە‌سە‌رجە‌م عاشقان‌و خێزانە‌‌كانیش دە‌كەم لە‌م رۆژە‌دا خە‌م‌و خە‌فە‌ت وە‌لاوە‌ بنێن‌و یادی‌ رۆژی‌ جیهانی‌ خۆشە‌ویستی‌ بكەنە‌وە‌".

وتیشی "دەزانم بەکڕینی دیارییەکی بچوک هاوسەرەکەم دڵخۆش دەبێت‌و ئەوەش بەسە بۆ من".

 

فرۆشیارانی‌ گوڵیش لە‌شاری‌ سلێمانی‌ ئاشكرای‌ دە‌كە‌ن كە‌ هە‌روە‌كو ساڵانی‌ پێشتر پێشبینی‌ دە‌كە‌ن كە‌ ئە‌مساڵیش ژمارە‌یە‌كی‌ زۆر لەگە‌نجان گوڵ‌ بكڕن بۆ رۆژی‌ جیهانی‌ خۆشە‌ویستی‌.

 

مستە‌فا ئە‌بوبە‌كر، كە‌ خاوە‌نی‌ پێشانگایە‌كی‌ گوڵە‌ لە‌شاری‌ سلێمانی‌ رایگە‌یاند لە‌م هە‌فتە‌یە‌وە‌ چە‌ند گە‌نجێك رویان تێكردون بۆ كڕینی‌ گوڵی‌ سور كە‌ نرخە‌كە‌ی‌ بە‌پێی‌ جۆری‌ گوڵە‌كە‌ دە‌گۆڕێت، پێشنبیشی‌ كرد لە‌مڕۆوە‌ كڕینی‌ گوڵ زیاد بكات بە‌و پێیە‌ی‌ سبەینێ ڤالانتاینە‌، ئەو بەئاوێنەی وت "له‌ڕۆژی ڤالانتایندا خه‌ڵك زیاتر خواستی له‌سه‌ر گوڵی سوور هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش به‌خۆشه‌ویستیانی بكات، بۆ ئه‌مساڵیش ئاماده‌كارییه‌كانمان كردووەو له‌وڵاتانی هۆڵه‌نداو كینیاو ئێرانەوە گوڵ هاورده‌ ده‌كەین".

وتیشی "چەندین گوڵی جیاواز هەن کە لەڤاانتایندا دەفرۆشرێن، بەڵام ئەوەی زیاتر دەفرۆشرێت گوڵی ڕۆزه‌، كه‌ گوڵێكی ڕه‌نگ سووره‌و زیاتر ئه‌مجۆره‌یان بۆ ڕۆژی ڤالانتاین‌و ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی به‌كاردێت".

 

ڕۆژی 14ی شوبات، ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی، سەبارەت بەچۆنیەتی سەرهەڵدانی چەندین لێکدانەوەو گێڕانەوەی جیاواز هەن، دیارترینیان ئەوەیە ڤالانتاین بۆ سەردەمی كلۆدیۆسی دووەم لەڕۆمانیا دەگەڕێتەوە، كە هاوسەرگیریی لەسەربازەكانی قەدەغە كردبوو، بەڵام قەشەیەك بە ناوی ڤاڵانتاین بەنهێنی سەربازە ڕۆمییەكانی لەگەڵ كچە خۆشەویستەكانیان لێك مارە دەكرد، لەسەر ئەوەش لەسێدارە درا.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×