د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
سەرەتا:
پێم خۆشە لەسەرەتادا سەرنجێکی خوێنەر ڕابکێشم بۆ بابەتێک، کەلەوانەیە لای هەندێکیان پرسیار بێت، بۆچی بەندە کە پسپۆڕێکی زەویناسیم لەم جۆرە بابەتە زانستی و پزیشکی و دەرمانسازیانەدا دەنووسم؟ وەڵامەکەی زۆر ساکارە و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی توخم و مەعدەن و کەڤرەکان، کەئەمانە پێکهێنەری هەسارەی زەوین. هەر ئەم توخمانەشن کە ڕۆڵی سەرەکیان لە تەندروستی مرۆڤدا هەیە و هەر ئەم توخمانەن سەرچاوەی دابینکردنی گشت ماددە کانزاییەکانن کە لەشمان پێویستی پێیانە و کەمی، یان زیادبوونی هەریەکێک لەم توخمانە گرفتی تەندروستی گەورە دروست دەکات. هەربۆیە کاتێک باسی گرنگی و کاریگەری توخمێک، یان خاوێک بۆ تەندروستی دەکەم حەز دەکەم خوێنەر سەرچاوەسەرەکییەکانی ئەوتوخمە بناسێت و بزانێت، کە ماددەکانی زەوی چەند بەنرخن وپێویستە ئێمەی ئادەمیزاد ڕێزیان بگرین و بەچاوی سووک سەیری ئەم هەموو نازو نیعمەتە نەکەین.
لەم گوتارەدا هەوڵ دەدەین توخمی زینک بناسین و بزانین چۆن کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان هەیە و ئایا وەرگرتنی زۆری ئەم توخمە کێشە بۆ تەندروستی دروست دەکات و کەمیشی دەبێتە هۆکاری کام نەخۆشییە. پاشان سەرچاوەکانی ئەم توخمە گرنگە، واتە ئەوخامەی زینکی لێوە دەردەهێنرێت، لە سەر هەسارەی زەوی لەکوێدان و لە کوردستانیش ئایا ئەم توخمە هەیە ، یان نییە؟و چۆن دەتوانین سوودی لێوەربگرین.
توخمی زینک (Zn ):
توخمی زینک هەر وەک لە خشتەی خولی توخمەکاندا دەردەکەوێت بەهێمای (Zn) و گەردیلەژمارەی (30) دیاریدەکرێت (١). زینک بەیەکێک لە تۆزقاڵەتوخمەکان دادەنرێت، چونکە بڕەکەی لە ناو کەڤرەکانیشدا زۆر نییە و بەشێوەیەکی گشتی بەنزیکی لە (70ppm=0.007%) تیپەڕناکات. ساڵانە لە جیهاندا بەنزیکەی بڕی (11900000) تۆنی لێبەرهەمدەهێنرێت (٢).

ئەم توخمە زۆر پێویست و سەرەکییە لە زۆرێک لە زیندە کردەییەکانی زیندەوەراندا، بۆ نموونە لە گەشە و دابەشبوونی خانەکاندا، لە بەرگری جەستەدا، لە کارلێکەکانی ئەزایمەکاندا، دروستبوونی دی ئێن ئەی و پڕۆتیندا و زۆر بواری تردا وەک لەدرێژەی بابەتەکەدا گفتوگۆی دەربارە دەکەین.
هەرچی لە ڕووی تایبەتمەندییە جیۆلۆجییەکانی ئەم توخمەوە هەیە، ئەوەیە کە کانزایەکی درەوشاوەی زیوی، یان خۆڵەمێشی باوی ڕەقە. توخمی زینک لە ڕووی کیمیاییەوە یەک هاوهێزی هەیە کە ئەویش (Zn2+ )، هەر وەک توخمی مەگنیسیۆم و بۆیە لە ڕەوشتیشدا لەیەکدەچن. پلەی گەرمیی توانەوەی توخمی زینک نزیکەی ( 419.5°C ) دەبێت و پلەی گەرمیی کوڵانیشی دەگاتە ( 907°C )، بێگومان بەبەراورد بە کانزاکانی تر پلەی توانەوەی زۆر بەرز نییە(٣،٢).
زینک بە دووەم تۆزقاڵە کانزا دادەنرێت لە دوای ئاسن لە ڕووی بوون لە ناو لەشی مرۆڤدا و زۆر سەرەکییە بۆ دروستبوونی زۆرینەی ئەنزایمەکان ( ئەنزایمەکان بریتیین لە و پڕۆتینانەی کە وەک کارایەکی چالاک لە کارلێکە کیمیاییەکاندا کاردەکەن).
بوونی لە بەرگەکانی زەویدا:
وەک ئاماژەمان پێدا ڕێژەی بوونی ئەم توخمە بەنزیکەی (70ppm) لە توێکڵی زەویدا و زۆربەی کات لەگەڵ خامەکانی قوڕقوشم و مس پێکەوە دەبینرێن. توخمی زینک لە بەرگەهەوادا بەنزیکەی ( 1 μg/m3) و ناو خاکدا ( 300 mg/kg) و لە ڕووەکەکاندا بڕی ( 100 mg/kg) و لەئاوی پاکدا (20 μg/L) و لە ئاوی دەریاشدا ( 5 μg/L ) پێکدێنێت، واتە بڕەکەی زۆر نییە بەڵام کاریگەری زۆری هەیە لە سەر زیندەوەران(٣).
سەرچاوەی سەرەکی زینک لە کەڤرەکاندا بریتییە لە کانزای سفالێرایت [ Sphalerite, (Zn,Fe)S ] کە بە گرنگترین و سەرەکیترین سەرچاوەی توخمی زینک دادەنرێت، چونکە بە نزیکەی (60-62%) لە توخمی زینکی تێدایە(٤). لەخاوەکانی تری سەرچاوەی زینکیش بریتین لە سمیثسۆنایت وهێمیمۆرفایت و وۆرتزایت و زۆرینەی کۆبوونەوەی توخمی زینک لە وڵاتانی وەک کەنەدا و ئەمریکا و ئەسترالیا و ئێران هەیە ، بڕوا دەکرێت کە گەورەترین کۆگەش لەم وڵاتەی دواییاندا هەبێت!
بەکارهێنانەکانی زینک:
توخمی زینک وەک کانزایەک یەکێک لە پێکهێنەرەکانی داڕشتەی بڕاس ( مس +زینک) دیاریکراوە. هەروەها لە زۆرێک لە پیشەسازیدا بەکاردێت، وەک دروستکردنی بۆیە و لاستیک و ماددەی جوانکاریی و تەندروستی و دەرمانسازی و پلاستیک و مەرەکەب و سابون و باتری و ئامێرە ئێلیکترۆنییەکاندا بەکاردێت. کەواتە بەشیوەیەیکی سەرەکی سوودی زۆرە، بەڵام سەرەکیتریترینیان، کە نزیکەی سێ لەسەر چواری بەرهەمەکە وەک کانزایەک بۆ ڕووکەشکردنی ئاسن و پۆڵا بەکاردێت، واتە گەلڤەنەکردن، کە ڕێگری لە داخورانی کانزاکان دەکات، ئەمەسەرەڕای ئەوەی کە کانزاکە وەک داڕشتە بۆ دروستکردنی بڕاس بەکاردێت(٥).
سوودەکانی زینک لە ڕووی پزیشکییەوە:
وەک دەرکەوت یەکێک لە بەکارهێنانە گرنگەکانی زینک بریتییە لە بواری تەندروستی و دەرمانسازی، بۆیە دەکرێت ئەم بابەتە کەمێک وردتر شیکاریی بۆ بکەین. زینک زۆر پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی بەرگری لەش، زوو چاکبوونەوەی برینداری، و خوێن نەمەین، کاری گلاندەکان، زۆر پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکان.
کەواتە مرۆڤ زینک بەکاردێنێت بۆ زیادکردنی ڕێژەی ئەم توخمە لە لەشدا، کاتێک کەمیی ئەم توخمە دەستنیشاندەکرێت، هەروەها لەکاتی سکچووندا، و نەخۆشی وێلسۆندا. نەخۆشی وێڵسۆن بریتییە لە ناڕێکییەکی جێنەتیکی، کەلەئەنجامی کەڵەکەبوونی توخمی مس لە لەشدا دروست دەبێت و کاریگەری لەسەر جگەر و مێشک و چاو هەیە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەتوانینی لەش بۆ دەرکردنی مسی زیادە و سەرەنجام گرفتی تەندروستی بۆ مرۆڤ دروستدەکات. ڕۆڵی زینک گرنگە لە دابەشبوونی خانەکاندا و هەروەها بۆ گەشەی خانەکانیش پێویستە. سەرەڕای ئەوەی کە بۆ ساڕێژبوونی برین و شکاندنی کاربۆهایدرەیت پێویستە و کارکردنی ئێنسۆلین بەرزدەکاتەوە. لەکاتی دووگیانی و شیردان و کۆرپەییدا ڕۆڵی گرنگی هەیە.
بڕی زینکی پێویست بۆ لەش:
ئێستا پێویستە بزانین، کە لەشی مرۆڤ پێویستی بە چەند لە توخمی زینکە و ئایا دەکرێت مرۆڤ لەخۆیەوە و لەڕیگەی دەرمانەوە ئەم توخمە وەربگرێت. لەڕووی پزیشکییەوە هیچ جۆرە چارەسەرێک نابێت بە بێ ڕەزامەندی پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت، ئەمە دەبێت لای هەمووان ڕوون بێت. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە نابێت زینک بە دۆزێکی بەرز بۆ زیاتر لە چەند ڕۆژێک وەربگیرێت، یان پێویستەلە ژێر ڕێنماییەکانی پزیشکدا بێت.
زینکی پێویست ڕۆژانە بۆ لەش خەمڵێندراوە بە (9.4) میلیگرام. ئەوەی پێشنیازکراوە بۆ وەرگرتنی بریتییە لە (11.0) میلیگرام ڕۆژانە و زۆرترین بڕ کە ڕێگەپێدراوە ( 40) میلیگرام، ئەمەش بەگوێرەی داتای ئەکادیمیای نیشتمانیی ئەمریکی ساڵی 2001 (٦). وەرگرتنی بڕی زیاتر لە (40) میلیگرام لە ڕۆژێکدا پرس و ڕاوێژی پزیشک پێویستە. دەکرێت زینک لە ڕێگەی ژەمە خواردنەکانەوە وەربگیرێت و کەمیی لە لەشدا چارەسەر بکات.
ئەونەخۆشیانەی لەگەڵ کەمیی زینکدا دەردەکەون، بریتین لە کورتەبنەیی( وەک لە ئێران و میسر) و نەزۆکی و درەنگ چاکبوونەوەی برین و کەمبوونەوەی بەرگری لەش و کەمبوونەوەی تام و بۆنکردن. هۆکارەکانی کەمیی زینک دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ کەمیی لە بەرهەمە کشتوکاڵەییەکاندا ، ئەمەش بەهۆکاری کەمیی توخمی زینک لە خاکدا ( ٥ ).
بوونی زینک لە باشووری کوردستان:
دروستە توخمی زینک لە زۆربەی شیکارییەکانی کەلەلایەن لێکۆڵەرانی بواری زەویناسی ئەنجامدراوە تۆمارکراوە، هەرچەندە بڕەکەی زۆر کەمە و بەنزیکەیی (42-132ppm) دەبێت (٧)، لەناو خاکی ناوچەی بازیانیشدا لە شاری سلێمانی تا بڕی (708ppm) تۆمارکراوە (٨). بێگومان بڕی بوونی توخمی زینک لەناو کەڤرەکانی کوردستان هێندە نییە، کەبتوانرێت لە ڕووی ئابوورییەوە سوودی لێوەربگیرێت! هەرچەندە لەناوچەی زاخۆی شاری دهۆک بڕێکی باش لە زینک لە کانزای سفالێرایتدا تۆمارکراوە. کانزای سفالێرایت خامی سەرەکی توخمی زینکە، ئەم کانزایە لە ناوچەی زاخۆ لە نێو بەردەکانی تەمەن کریتاشیدا تۆمارکراوە و پاش شیکاریی کیمیای کانزاکە بڕی زینک لە ناو سفالێرایتەکەدا بەنزیکەی ( 58.9-60.3%) دەستنیشانکراوە و بڕی زینک بەنزیکەی (50000) تۆن لە ناوچەکەدا خەمڵێندراوە (١٠،٩).
بێگومان کردەی پاککردنەوە و دەرهێنانی توخمی زینک لە کانزای سفالێرایت کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە وردەکاری پیشەسازی هەیە، بەڵام دەکرێت بخرێتە بەرنامەی حکومەتی کوردستانەوە و ئەنجامدانیشی مەحاڵ نییە. بەکورتییەکەی کانزای سفالێرایت لەکانەکە کۆدەکرێتەوە و دەگۆڕدرێت بۆ ئۆکساید ( چونکە خۆی گۆگردیدە)، پاشان بەبەکارهێنانی ترشی گۆگردیک و لە ژێر بارودۆخی ئاساییدا زینکەکە کۆدەکرێتەوە(١١). ئەگەر بتوانرێت لە کوردستانیش ئەم توخمە لە کانزاکە جیابکرێتەوە و کۆبکرێتەوە ئەو کات دەکرێت لە زۆرێک لە بوارەکانی وەک ئاماژەی پێدرا بەکاربهێنرێت و وەک سەرچاوەیەکی سروشتی ناوخۆی وڵات سوودی لێوەربگیرێت.
سەرچاوەکان:
1-Plummer, C.C., and Carlson, D.H. ,2008, Physical Geology, 12th
Ed., McGraw-Hill, USA, 651p.
2-Dissanayake, C.B., and Chandrajith, R., 2009, Introduction to Medical Geology, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 297p.
3-https://en.wikipedia.org/wiki/Abundance_of_elements_in_Earth%27s_crust
4-https://nutritionsource.hsph.harvard.edu/zinc/
5-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Research Publishing, 448p.
6-www.nap.edu
7- Mohialdeen, I.M.J., and Raza, S.M., 2013, Inorganic geochemical evidence for the depositional facies associations of the Upper Jurassic Chia Gara Formation in NE Iraq, Arab Journal of Geosciences, Vol.6, pp.4755-4770.
8- Hamarashid, R.A., Fiket, Ž., and Mohialdeen, I.M.J., 2022, Environmental Impact of Sulaimani Steel Plant (Kurdistan Region, Iraq) on Soil Geochemistry, Soil Systems, 6, 86. https://doi.org/10.3390/soilsystems6040086
9-Awadh, S.M., 2006. Mineralogy, geochemistry and origin of the zinc-lead-barite deposits from selected areas from north of Zakho, northern Iraq. Ph.D. Thesis (in Arabic), University of Baghdad, College of Science, Department of Geology, 191pp.
10-Awadh, S.M., 2019, Zink-Lead mineralization in Northern and Northeastern Iraq, Iraqi Bulletin of Geology and Mining Special Issue, No.8, pp.19-40.
11-https://www.britannica.com/technology/zinc-processing/