وتەبێژی تەندروستی سلێمانی نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی مانگرتوان ئاشکرا دەکات
  2025-02-11       168       

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سێ لە مانگرتوەکان توشی خوێنبەربون بون و بەپەلە گەیاندرانە سەنتەری فریاکەوتنی هەرس و جگەر.

ئاوێنە: سامان نادر، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند، هەریەکە لە مامۆستا دڵشاد بابانی، مامۆستا دڵشاد میرانی و مامۆستا زانا، کە سێ مامۆستای مانگرتووی سلێمانین، بەپەلە گەیاندرانە سەنتەری فریاکەوتنی هەرس و جگەر دوو مانگرتوو چارەسەری پزیشکی وەرگرتوە، مانگرتوێک دەبوو نازووری بۆ بکرێت بەڵام ڕازی نەبووە و وتی دواتر نازوور دەکەم. 

وتیشی، دوای وەرگرتنی چارەسەر لە بەشی سەنتەری هەرس و جگەر، هاتنەوە بۆ ژێر خێمەکە و نایانەوێت لە نەخۆشخانە بمێننەوە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم مانگرتوان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و کەسیان ڕەتیان نەکردوەتەوە  چارەسەر وەربگرن، بەڵام بارودۆخی تەندروستی سەرجەمیان خراپە و جێگیر نیە. 

لە 28ـی مانگی رابردووەوە ژمارەیەک فەرمانبەر لە سلێمانی مانیان گرت، داواکاری سەرەکیی مانگرتووانی سلێمانی ئەوەیە کە مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچە دابەشبکرێت، هەروەها بەجێکردنی مووچەکانیان و گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەش بەشێکی دیکەی داواکانیانە.
 
بەوتەی وتەبێژەکەیان، لە سێ رۆژی رابردوودا هەر کەسێک لە هاونیشتمانیان و بەرپرسانی حیزبی و حکومیی سەردانی کردوون داوای شکاندنی مانگرتنیان لێکردوون، بەڵام ئەوان دەڵێن تاوەکو داواکانیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×