2025-02-11   130     
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی باکوری سوریا، میلیشیای سوپای نیشتیمانیی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیدەکرێت، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا 28 هاوڵاتی مەدەنیی کوردیان لەناوچە جیاجیاکانی عەفرین لەپارێزگای حەلەب ڕفاندوە.
ئاوێنە: بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئەوکەسانەی لەساڵی 2025 لەعەفرین ڕفێندراون، گەیشتوەتە نزیکەی 87 کەس کە دوو منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵ، 6 ژن، 31 نەخۆشیان لەناودا بوە، کە 18 کەسیان پێویستیان بەچاودێریی پزیشکیی بەپەلە بوە.
هەروەک لەساڵی 2024 700 حاڵەتی ڕفاندن تۆمارکراوە، لەساڵی 2023دا زیاتر لە461 حاڵەت هەبوە، لەساڵی 2022دا زیاتر لە 720 حاڵەت دۆکیۆمێنت کراوە، ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، ژمارەی ڕاستەقینە لەو ژمارەیە زۆر زیاترە، بەوپێیەی بەشێک لەخێزانەکان ڕەتیانکردوەتەوە ناوی کەسوکارە ڕفێنراوەکانیان ئاشکرابکەن، ئەمە جگە لەبونی حاڵەتێک کە بەڵگەی لەسەرنەکراوە.
هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ حاڵەتەکانی مردنیان لەژێر ئەشکەنجەدانو چەندین پێشێلکاریدا دۆكیۆمێنت کردوە.
ناوەندەکە دەڵێت:"لەدوای دەستێوەردانی تورکیا لەسوریا، 10 هەزارو 460 حاڵەت لەنێوان کوژراوو بریندار لەباکوری سوریا تۆمارکراوە، لەنێویاندا دوو هەزارو 139 کەس کوژراون، هاوکات ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتوەتە نۆ هەزارو 530 کەسو هەشت هەزارو 154یان ئازادکراون، لەکاتێکدا چارەنوسی ئەوانی دیکە دیارنییە".
هەروەها بەڵگەی ئەوە هەیە کە 184 کەس لەژێر ئەشکەنجەدان لەزیندانەکاندا کوژراون.