زیاتر لە ٣٠ ڕێكخراوی مافەکانی ژنان ڕایانگەیاند، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئیران دەکەین سزای لەسێدارەدانی پەخشان و وریشە ڕابگرن، دەشڵێن، تەنها بە ویستی ڕژێمی ئێران سزا دراون و تۆمەتیان خراوەتە پاڵ.
ئاوێنە: زیاتر لە ٣٠ ڕێكخراوی مافەکانی ژنان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دژی پەسەند کردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، داوا لە دەزگای دادوەری ئێران دەکەین سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و زیندانیانی سیاسیی دیکە ڕابگرن.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە ڕێز لە بنەماکانی پرۆسەی یاسایی و دادگایی کردنی دادپەروەرانە بگیرێت، چونكە سزای لەسێدارەدان بە سزایەکی نامرۆڤانە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت، دەبێت سزای لەسێدارەدان لە سیستمی یاسایی ئێران هەڵبوەشێندرێتەوە.
دەشڵێن، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە و تەنها بە ویستی ڕژێمی ئێران سزا دراون و تۆمەتیان خراوەتە پاڵ.
جێگای ئاماژەیە، لە ٨ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ژنە چالاکوانی کورد پەسەند کرا، هەروەها لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە لایەن قاسم سەلاوەتی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی سەپێندرا.