ژنان پێشەنگی ناڕەزایەتیەکانن
  2025-02-08       306       
ژنان‌و کچان تەنھا بەشداری خۆپیشاندانەکان نین، بەڵکو لەبەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکانیش بوون

ئا: هێڤی ئاوات

 

ماوەی چەند ساڵێکە شەپۆلی ناڕەزایی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی مامۆستایان‌و فەرمانبەران کە بەچەندین شێوەی مەدەنی وەک خۆپیشاندان‌و بایکۆت‌و مانگرتن ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەدواکەوتنی مووچەکانیان دەردەبڕن، مامۆستایەک دەڵێت "رێژەی بەشداریی مامۆستا کچ‌و ژنە خۆپیشاندەرەکان زیاترە لەپیاوان".

 

سەمیرە عەلی، زیاتر لە ٣٠ ساڵە مامۆستایە، یەکێکە لەو ژنە مامۆستا ناڕازییانەی هەمیشە لەو خۆپیشاندانانەی لەساڵانی رابردوودا وەک ناڕەزایی دەربڕین ئەمجامدراون بەشداری کردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "من لەیەکەم خۆپیشاندانی مامۆستایانەوە کە لەساڵی ٢٠٠٥ ئەنجامدرا، نەک هەر بەشداریم کرد، بەڵکو یەکێک بووم لەرێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، ئەوکات ناڕەزایی دەربڕینمان لەپیناو زیادکردنی مووچەو رەخنەگرتن بوو لەسیستەمی خوێندن کە سیستەمێکی چەقبەستووە".

وتیشی "لەدوای ٢٠١٤شەوە لەهەموو خۆپێشاندان‌و ناڕەزاییەتییەکدا کە ئەنجامدراون بەشداریم کردووە".

سەمیرە باس لەوە دەکات کاتێک کە لەناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە وەک مامۆستا دامەزراوە، سێ مانگی رێک بێ مووچە دەوامی کردووە، ئەو وتی "دۆخی مامۆستاو فەرمانبەر تەنها لەساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ٢٠١٣ باش‌و مووچەیان لەکاتی خۆیدا پێدراوە، ئەگینا لە ٢٠١٤ەوە تا ئێستا هیچ کاتێک لەکاتی خۆیدا مووچەیان وەرنەگرتووە".

وتیشی "لە٢٠١٤ەوە تا ئێستا دەیان مووچەمان یان پاشەکەوت کراوە یان بەلێبڕینەوە دراوە".

سەمیرە جەغت لەوە دەکات کە ئەوەندەی تێبینی کردووە کچان‌و ژنان زۆرینەی ئەو خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەتیانەیان پێکهێناوە کە لە١٠ ساڵی رابردوودا لەهەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی مەدەنی ئەنجامدراون، ئەو وتی "‌مامۆستایانی ژن بەشداری چالاکانەیان هەیە لەخۆپیشاندانەکاندا، تەنانەت خۆم لەساڵی ٢٠١٧دا لەسەر بەشداریکردنم لەخۆپیساندانەکان رووبەڕووی دادگایی کردن بوومەوە".

 

سەمیرە یەکێکە لەسەدان ژن، کە رۆڵێکی چالاکیان لەدەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی چەند ساڵی رابردوودا لەهەرێمی کوردستان بینیوە.

 

ئارەزوو ئەحمەد، یەکێکە لەو مامۆستایانەی وەک خۆی دەڵێت کە هەرکات بڕیاری خۆپیشاندان درابێت ھەر زوو بەرەو مەیدانی مامۆستایان بەڕیکەوتووە، بۆ ئەوەی ریزی مامۆستاکان رێک بخات‌و پڕ بەدەنگیشی دروشمەکان دەرببڕێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بۆ چونە دەرەوە وەک ھەر ئافرەتێکی تری ئەم کۆمەڵگایە ھەمیشە بەربەست‌و سانسۆرم لەسەر بووە، چونکە بەرپرسیاریەتی ماڵ‌و منداڵم لەئەستۆدا بووە، بەڵام ئێمە شۆڕشێکی سپیمان دەستپێکرد پێویستی بەماندوبوون‌و لەخۆبوردنە".

وتیشی "ژنان‌و کچان تەنھا بەشداری خۆپیشاندانەکان نین، بەڵکو لەبەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکانیش بوون، لەئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیدا ئەندام بوون، تەنانەت لەساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەوە دەستگیراکراون‌و بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆش رووبەڕووی ھەڕەشە بوونەتەوە، بەڵام کۆڵیان نەداوە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێستا لەهەرێمی کوردستان رێژەی مامۆستاو فەرمانبەرانی ژنان زیاترن لەپیاوان بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لەبەرئەوە بەشداری ژنان‌و کچان لەھەر پرسێکدا رۆڵی کاریگەری ئەبێت چ وەک ژمارەو چ وەک رەگەزی مێینە.

 

پاکیزە حەمە ئەمین، کە ژنە فەرمانبەرێکی تەمەن ٤٧ ساڵە، یەکێكە لەدیارترین ئەو کەسانەی ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە لەژێر خێمەیەکدا کە ناوی "خێمەی شکۆو سەربەرزی"یان لێناوە، لەگەڵ چەند مامۆستاو فەرمنبەرێکدا مانی لەخواردن گرتووە، ئەو بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە ئاماژە بەوە دەکات کە هەر بنەماڵە بەپیشەیان شۆڕشگێڕیی‌و یاخی بوونەو پێشتر لەهەموو خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەکدا بەشداری کردووە کە لەسلێمانی ئەنجامدرابێت، ئێستاش لەهەموو مانگرتووەکانی ناو خێمەکە زیاتر سەرنجەکان لەسەر پاکیزەن، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆر تووڕەم لەم دەسەڵات‌و لەم بەڕێوەبردنی وڵاتە، ئێمە رۆڵەی ئەم نیشتمانەین‌و پێویستە نەک بەدەم دواکاریمانەوە بێن‌و گوێ لەداواکارییەکانمان بگیرێت، بەڵکو دەبێت داواکاریی مانگرتووەکان کە داواکاری هەموو مامۆستایان‌و فەرمانبەرانن جێبەجێ بکرێن".

پاکیزە جەغت لەوە دەکات کە لەکۆمەڵگادا بەدڵنیاییەوە رێگری ھەیە بۆ بەشداری ژنان، بەڵام گرنگ ئەوەیە ژن خۆی ئازا بێت‌و بتوانێت واقیع دروست بکات، ئەو وتی "بۆ ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە تەنھا بۆ ئەوەی ژنبونی خۆت بسەلمێنێت قورسە، جا گەر بتەوێت ھاوشانی پیاو ئیش بکەی قورسترە، بەڵام ئەبێت تێیپەڕێنیت کە من تاڕادەیەکی زۆر باش توانیومە ئەو کارە بکەم".

پاکیزە خۆشحاڵە بە بەشداری زۆری ژنان لەناڕەزاییەکانداو وتی "جێگەی دەستخۆشی‌و دڵخۆشییە، ئەوەی گرنگە ژنان‌و کچان بەشێوەیەکی بەرچاو ھاتونەتە سەر شەقام با بۆ پرسێک بێت پەیوەندی بەموچەشەوە بێت، ئەمە دەستپێکێکی باش دەبێت بۆ بەشداری ژنان لەپرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵات‌و راھاتنی ژنان بۆ داواکردنی مافەکانیان".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×