ئا: هێڤی ئاوات
ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی زۆری کوڕانو کچان خوویان داوەتە کوتانی تاتۆ لەسەر لەشیان، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە هاوڕێکانیان تاتۆیان داناوەو ئەوانیش حەزیان لێیەتی، شارەزایەکی تاتۆکردن دەڵێت "رۆژانە سێ تا شەش کەس کە زۆربەیان گەنجن، لەهەردوو رەگەز دێن بۆ ئەوەی تاتۆ لەسەر لەشیان دابنێین".
دانیار محەمەد، تەمەن ٢٢ ساڵ لەکاتێکدا سەیری لاپتۆپەکەی دەکردو چاوەڕێی ئەو وێنەیەی دەکرد وەستای دانانی تاتۆکە لەبەشی راستی ملی بیکوتێت، زوو زوو دەیوت "وەستا وێنەی تاجێکم دەوێت، بەڵام توخوا با زۆر جوان بێت".
دانیار ئەمە دووەمجارە تاتۆ بکات، پێشتریش وێنەی پڵنگێکی لەسەر سنگی کوتیوەو هۆکاری دانانیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەموو هاوڕێکانی دایانناوەو ئەویش زۆر حەزی لێکردووەو رەنگە لەداهاتوودا سێهەم تاتۆ لەسەر لەشی بکوتێت، ئەو وتی "حەز دەکەم تاتۆ لەسەر چەند شوێنێکی لەشم دابنێم، بەبۆچوونی خۆم تاتۆ جوانییەک دەدات بەجەستەمو زیاتر لەڕووی دەرونییەوە ئاسوودەم دەکات".
وشەی تاتۆ لە"TA-TU"ی لاتینییەوە هاتووە، کە کورتکراوەی "نیگار کێشانە". بەدرێژایی مێژوو، تاتۆو خاڵ کوتین بەچەندین شێوەی جیاواز لەنێو گەلانی جیهاندا بەکارهێنراون بۆ جوانکاریی روخسارو لەش، مرۆڤەکان لەڕۆژگاری دێرینەوە تا ئەمڕۆ بەوێنەو نیگاری چەند سیمبولێکی ئایینیو نەتەوەییو دەربڕینی سۆزو خۆشەویستی بەرامبەر بەکەسێک روخسارو لەشی خۆیان رازاندوەتەوە. لەنێو کورددا پێشتر خاڵکوتین بەڕەنگی سەوزێکی تۆخ لەناو ژنانو پیاوانیشدا لەسەر چەناگەو ناوچەوانو دەستو سنگیان باو بووە، ئەم خاڵکوتینە جۆرێکی سەرەتایی لەتاتۆکردن بووە کە زۆربەی کات لەماڵەوە کراوە.
نمە نەوزاد، تەمەنی ١٨ ساڵەو دڵخۆشە بەوەی کە ماڵەوەیان بەڵێنیان پێداوە ئەگەر دەرچێت رێگەی بدەن تاتۆیەک لەسەر مەچەکی بکێشێت، ئەو هاتووەو داوا دەکات وشەی (نەوزاد)ی بۆ تاتۆ بکەن کە ناوی باوکیەتی، نمە وتی "لەپۆلی چواری پەیمانگای کۆمپیوتەرمو پار کە دەرچووم داوام کرد لەماڵەوە تاتۆ بکەم، دایکو باوکم رازی بوونو زۆرم لا جوانە".
وتیشی "زۆربەی هاوڕێکانم تاتۆیان کردووە، منیش لام جوانو سەرنجڕاکێش بوو، ئێستا کە ئەم تاتۆیە ئەکەم ئەڵێی هەموو دنیا هی منە".
ئەو گەنجانەی کە حەزیان لەتاتۆیە پیشەی جیاوازیان هەیەو زۆربەشیان تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵدایەو لەڕەگەزی نێرن، ئێستا لەشارەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەت دراوە بەچەند سەنتەرو شوێنێک بۆ ئەوەی کاری کوتانی تاتۆ بکەن.
سولی ئینک تاتۆ، یەکێکە لەدیارترین ئەو سەنتەرانەی کە کاری تاتۆی تێدا دەکرێت لەشاری سلێمانیو لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمەوە مۆڵەتی پێدراوە، دیاری تاهیر سابیر، خاوەنی سەنتەرەکەو شارەزای بواری تاتۆ، کە لەبەریتانیا بڕوانامەی لەم بوارەدا بەدەستهێناوە، لەبارەی چۆنیەتی دانانی تاتۆ لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە ئاماژەی بەوە کرد رۆژانە سێ تا شەش کەس کە زۆربەیان گەنجن، لەهەردوو رەگەز سەردانی دەکەن، بۆ ئەوەی تاتۆ لەسەر لەشیان دابنێن، ئەو وتی "ئەو گەنجانەی دێن تاتۆ دابنێن تەمەنیان لەخوار هەژدە ساڵەوە بێت بۆیان ناکرێت، چونکە یاساو رێنمایی تەندروستی رێگەیان پێنادات".
وتیشی " زۆربەی ئەوانەی دێن تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵدایە، بەڵام جاری وایە کەسانێکیش دێن تەمەنیان ٥٠ بۆ ٧٠ ساڵە، بەتایبەتی ئەوانەی لەئەوروپا دەگەڕێنەوە لەبەرئەوەی نرخی تاتۆ لەکوردستان بەراورد بەئەوروپا هەرزانترە، زۆر جاریش ئەوانەی دێن دووبارەنو دەیانەوێ تاتۆی تریان بۆ بکەین".
دیاری کە پێشتر چەندین خولی بینیوەو بڕوانامەی لەو بوارەدا لەبەریتانیا بەدەستهێناوە، باسی لەوە کرد ئەو کەسەی کاری کوتانی تاتۆ دەکات پێویستە وێنەکێشێکی باش بێت بۆ ئەوەی بەجوانترین شێواز تاتۆکە دەربچێت، چونکە ئەم کارە لەبنەڕەتدا جوانکارییە، کە بۆ دروستکردنی تاتۆ دەرزییەکی تایبەت بۆ یەکجار بەکاردەهێنرێت، جگە لەوە مەرەکەبی تایبەتیش بەتاتۆ هەیە، دوای هەڵبژاردنی جۆری تاتۆکە، ئەو شێوازە لەسەر کاغەزێکی روو لوس چاپ دەکرێتو پاشان لەسەر شوێنی مەبەست لەهەر شوێنێکی لەشدا بێت دادەنرێت ئەوەش بەئامێرێکی تایبەت لەسەر پێستەکە چاپ دەکرێت واتە دەکوترێت.
دیاری ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانەی دێن تاتۆ بکەن دەبێت نەخۆشی فشاری خوێنو شەکرەیان نەبێتو نەخۆشی دەرونیش نەبن، ئەو وتی "ئەوانەی دێن بۆ لام نیگار لەسەر لەشیان بنەخشێنم داوای نیگاری جیاواز دەکەن، هەیە داوای سمبولێکی دیاریکراو دەکات کە یادگارییەکی ژیانیەتی، هەیە داوای نوسینی ناو دەکات، هەیە وێنەی دایکی یان باوکی دەکات بەتاتۆ".
وتیشی "جگە لەخەڵکی کوردستان، عەرەبو چەندین خەڵکی ئەوروپیش هاتوونەتە لام، وەک سویدیی یان بەریتانیی کە لەکۆمپانیایەک لێرە کار دەکەن یان بۆ کارێکی دیاریکراو لەکوردستانن، دێنو داوا دەکەن تاتۆیان بۆ بکەین بۆ ئەوەی یادگارییەکی ئێرە بەلەشیانەوە بمێنێت، لەبەرئەوەش کە نرخی تاتۆ لەئەوروپا گرانە".
تاتۆکردن لەم ساڵانەی دواییدا هەر بەنیگارکێشان لەسەر روخسارو لەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ تاتۆکردنی برۆو برژانگو لێویش.
سەحەر (ناوێکی خوازراوە)، ژنێکی ئێرانییەو لەسلێمانی لەم بوارەدا ناوبانگی دەرکردووە، ئەو بەئاوێنەی وت، بەشێکی زۆری ژنان تاتۆی برۆیان دەکەن، تەنانەت ئێستا پیاویش هەیە برۆی تاتۆ دەکات، ئەو وتی "تاتۆی برۆ دوای بەنج کردن بەدەرزی دەکرێت، پێست لەحەوت چین پێکهاتووە، تا جەلسەی تاتۆکردن زیاتر بێت زیاتر بەچینەکاندا دەچێتە ناوەوەی پێستو سڕینەوەو لابردنی قورستر دەبێت".
وتیشی "تاتۆی لێویش رەنگێکی دیاریکراو بەلێو دەبەخشێتو ئەوانەی دەیکەن لەوەبەدوا سوراویان ناوێت، جگە لەوەی بۆ ڕێک کردنەوەو گەورەکردنی لێویش بەکاردەهێنرێت کە لەبەکارهێنانی فیلەر جوانترو باشترە، تاتۆکردنی دەوری برژانیش لەبری بەکارهێنانی کلو برژانگ دانانو چاو ڕشتنە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.