گەنجێك لە كەلار لە دوێنێوە لە ماڵ دەرچوەو نەگەڕاوەتەوە، هێزە ئەمنییەكان دو هاوڕێی گەنجەكەیان دەستگیركردون و دانیان بەوەدا ناوە كە گەنجەكەیان كوشتوە، هێشتا تەرمی گەنجەكە نەدۆزراوەتەوە.
ئاوێنە: ئەو گەنجەی كە هاوڕێكانی دانیان بە كوشتنیدا ناوە، تەمەن 21 ساڵ، دانیشتوی قەزای کەلار، پیشەی پێشمەرگەو تازە چوبوە ژیانی هاوسەرییەوە، لە دوێنێوە بە ئۆتۆمبیلە پیکابەکەیەوە لەماڵ دەرچوبو و نەگەڕاوبوەوە.
رادیۆی دەنگ، كە روماڵی روداوەكانی گەرمیان دەكات، لەزاری دو سەرچاوەی ئەمنییەوە بڵاویكردەوە، لەلایەن ئاسایشەوە دو هاوڕێی گەنجەکە دەستگیرکراون کە پێش دیارنەمانی لەگەڵیدابون، هەردوکیان لە لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەداناوە کە هەستاون بە کوشتنی گەنجەکە.
رادیۆی دەنگ ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی وتەی ئەو دو کەسەی دەستگیرکراون و لە لێکۆڵینەوەکان باسیان لێوەکردوە، لە رێگای نێوان گوندی سەید خەلیل بۆ ناحیەی شێخ تەویل گەنجەکەیان کوشتوە، بەڵام نازانن تەرمەکەو ئۆتۆمبێلەکەیان لە کوێ جێهێشتوە.
بەپێی هەواڵەكەی رادیۆی دەنگ، لەئێوارەی ئەمڕۆوە هێزە ئەمنییەکانی گەرمیان بەدوای تەرمی ئەو گەنجەدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، لەئێستاشدا بەهۆی تاریکییەوە لەگەڕان وەستاون و بڕیارە سبەی دەست بەگەڕان بکەنەوە.