پۆلیس: لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی منداڵەكەی كەركوك لەژێر ئەشكەنجەدا، كەسێكی تر دەستگیركرا
  2024-12-30       417       

پۆلیسی كەركوك رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی منداڵەكەی كەركوك لەژێر ئەشكەنجەدا، جگە لە دەستگیركردنی ئەو كەسەی كە هێناویەتییە نەخۆشخانە، تۆمەتبارێكی دیكەش دەستگیركرا.

ئاوێنە: فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای گەیاندنی منداڵێكی تەمەن 9 ساڵان بۆ نەخۆشخانەی گشتی كەركوك و گیانلەدەستدانی و بەهۆی بونی شوێنەواری ئەشكەنجەدان لەسەر جەستەی، یەكێك لەو تاوانكارانەی كە یاوەری منداڵەكە بو، لەلایەن پاسەوانانەی نەخۆشخانەكەوە دەستگیرا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پاش ئەوە مەفرەزەكانی پۆلیسی دۆمیز دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردو دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەریی لێكۆڵینەوە، تۆمەتباری دوەم لەلایەن بنكەی پۆلیسی دۆمیزەوە دەستگیركرا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، تەرمی منداڵەكە رەوانەی پزیشكی دادی كراوە بۆ زانینی هۆكارە راستەقینەكانی گیانلەدەستدانی و پاش ئەوە تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێن بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە.

پێشتر مەناع ئیبراهیم، جێگریی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەرکوک  ئاشکراشیکرد، منداڵەکە دوێنێ گەیەندرایە نەخۆشخانە کە ئاسەواری ئەشکەنجەی بە جەستەوە بوە، منداڵەکە عەرەبە، باوکی لە زیندانە و دایکی بەجێیهێشتون، لەلایەن مامیەوە بەخێوکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، مامی دوای ئەوەی هاتوە بۆ سەردانی لە نەخۆشخانە بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی منداڵەکە دەستگیرکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×