پێکهێنانی کابینەی دەیەم بووە بەگرێ کوێرە
  2024-12-23       898       
لەداھاتوویوکی نزیکدا ئەگەر پارتی‌و یەکێتی ھەر نەگەنە ڕێککەوتن

ئا: مەزهەر کەریم

 

پاش تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، هیچ ئاسۆیەک بەدیناکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت "تورکیاو ئێران نایەڵن حکومەت پێکبهێنرێت‌و یەکێتی‌و پارتیش بۆ دژایەتی یەکترو لاوازکردنی کورد دروستبوون".

 

"یەکێتی مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆکی ھەرێم یان ئەنجومەنی وەزیرانی پێبدرێت"

ئازاد محەمەد ئەمین، پەرلەمانتار لەفراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی پێکھێنانی حکومەت‌و کاراکرنەوەی پەرلەمانەوە بەئاوێنەی راگەیاند "ھەڵبژانی پەرلەمانی کوردستان‌و کاراکردنەوەی پەرلەمان‌و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی ھەرێم بەپێویست دەزانین، وەک یەکێتی بەپێویستی دەزانین ئەم کابینەیە جیاوازی نەکات لەنێوان پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکاندا، کە پێویستە ڕێڕەوی حکومڕانیی ڕاست بکرێتەوە، وەک ئەوەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی لەماوەکانی پێشوودا ئاماژەی پێکردووە".

لەبارەی ئەوەی یەکێتی پۆستی ئەنجوومەنی وەزیران‌و سەرۆکی ھەرێمی دەوێت لەپێکھێنانی کابینەی نوێدا، ئازاد وتی "حوکمڕانی لەکوردستان لەدوو زۆنی جیاوازەو بەدەست ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوەیە، ئەو وتی "یەکێتی نیوەی سنوری ھەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیەو حوکمڕانی نیوەی ھەرێمی کوردستان دەکات‌و لەھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا دووەم دەنگی براوەی

پەرلەمانە، بەھەموو ھەق‌و پێوەرێک یەکێتی مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆکی ھەرێم یان ئەنجومەنی وەزیرانی پێبدرێت، ئەمەش یەکێتی داوای دەکات بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە".

لەبارەی ئەوەی کە پارتی پێیوایە یەکێتی پۆستەکانی خۆی بەزیادەوە وەرگرتووە لەماوەکانی پێشووداو پۆستی سەرۆک کۆماریان ھەیە لەبەغدا، ئازاد وتی "جیاواز لەماوەکانی پێشوو، بۆ ئەمجارە پۆستی سەرۆک کۆمار بەھەڵبژاردن بووە لەبەغدا، پارتی کاندیدی ھەبووە، کانیدەکەیان دەنگی نەھێناوە، ئەو پۆستانەشی لەبراوەی ھەڵبژاردن بەدەستمانھێناوە مافی خۆمان بووە، ھیچ کەس‌و لایەنێک پێینەبەخشیوین".

  وتیشی "ماوەی حەڤدە ساڵە پارتی پۆستی سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی لایە، ناکرێت ئەم دوو پۆستە بۆ ھەمیشە لای پارتی بێت، پێویستەو بەمافی خۆمانی دەزانین یەکێک لەو دوو پۆستە ھی یەکێتی بێت، بۆیە مساومەی لەسەر ناکەین".

 

"پارتی نەرمی زۆری نواندوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان"

بەختیار حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی لەبارەی کاراکرنەوەی پەرلەمان‌و پێکھێنانی حکومەت، بەئاوێنەی راگەیاند "هیوادارین لەکۆبونەوەکانی ئایندەدا لەگەڵ پەکێتی بگەینە رێککەوتن‌و حکومەت پێکبھێنرێت بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژادن، بەڵام ئێستا جارانی پێشوو نیە پارتی ھەموو پۆستە باڵاکان بداتە لایەنی بەرامبەر، ئەمەش دانوستانە مەرج نیە بەرامبەرەکەت ھەرچی داواکرد وەریبگرێت ".

لەبارەی ئەوەی ئایا پۆستی سەرۆکی ھەرێم یان سەرۆکی حکومەت دەدەن بەیەکێتی، ئەو وتی "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەیکەین تا قەوارەکە پارێزراو بێت، بۆیە وەک ئەرکی براگەورەیی لەماوەکانی پێشودا، پارتی نەرمی زۆری نواندوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی براوەی ھەڵبژاردن، ھەرچەندە لەلایەن ئەندامانی خۆشیەوە زۆر توشی ڕەخنە بووە، ئەمەش بووە بەکلتور کە پارتی لەبەشی خۆی دەدات بەلایەنەکانی دیکە، بەڵام لە ھەندێک پۆستدا وەک پۆستی سەرۆکی ھەرێم‌و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسێکی دیکەیە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی دانوستانەکان بین".

 

"پاشەکشەی بەرەی مقاوەمە لەبەرژەوەندی پارتی‌و بەزیانی یەکێتییە"

ئەحمەدی حاجی ڕەشید جەغت لەوە دەکات پارتی‌و یەکێتی بۆیە تا ئێستا حکومەتیان پێکنەھێناوە، ھەردوولایان بەدوایی ئەوەدا دەگەڕێن کامیان ئیدارەی ململانێی لکوردستان لەدەستدا بێت، ئەو بەئاوێنەی راگەیاند "لەدوای ھەڵبژاردن ئیدارەی ململانێ لەدەستی یەکێتیدا بوو، کە دەیویست مەرجەکانی زاڵ بکات بەسەر پارتیدا، چونکە پارتی بەبێ یەکێتی حکومەتی پێ پێکنایەت‌و نایەوێت جارێکی دیکەش ئەو ٣٩ کورسیەی ھێناویەتی بیداتەوە لەسەنگی مەحەک".

وتیشی "بەڵام کشانەوەی بەرەی مقاومە لەسوریاو لێدان‌و ھێرشکردنە سەر لوبنان، کاریگەری لەسەر یەکێتی ھەبووە، کاتێک بەرەی مقاومە لەسوریاو لوبنان بەهێز بوو، ئیدارەی ململانێ لەکوردستان لەدەستی یەکێتیدا بوو، بەڵام پاشەکشەکردنی بەرەی مقاوەمە لەبەرژەوەندی پارتیدایەو ئێستا ئیدارەی ململانێ لەکوردستان لەدەستی پارتیدایە، لەبەرئەوە حکومەت لەھەرێم پێکبێت‌و پێکنەیەت لەبەرژوەندی پارتییە، پارتی وا بیردەکاتەوە ئەگەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنیش ھەڵبوەشێتەوە یەکێتی ئەم دەنگانەی ئێستا ناھێنێتەوە، بەڵام دەنگی پارتی تا ئەندازەیەک چەسپاوو جێگیرە".

ئەحمەدی حاجی ڕەشید پێیوایە پارتی دەیەوێت ھەموو مەرجەکانی زاڵ بکات بەسەر سەرجەم حیزبە سیاسیەکاندا، ئەو وتی "یەکێتی پۆستی سەرۆکی ھەرێم‌و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوێت دوو ساڵ بە دووساڵ ، بەڵام پارتی نەدەیەوێت سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران‌و نەسەرۆکی ھەرێم بدات، چونکە کلیلی ھەرێم ئەو دوو پۆستەیە، کە پەیوەندیی دبلۆماسی سەرۆکایەتی ھەرێم دەیکات، بابەتی جێبەجێکردنیش سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەیکات، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ یەکێتی سەرۆکی پەرلەمانە، کە سەرۆکی پەرلەمان پۆستێکی سیادیی نیە لەھەرێمی کوردستان، چونکە دوو جێگری دەبێت کە یەکێکیان کەمینەی تورکمانە، ئەوی دیکەیان پارتیە، کە نایەڵن سەرۆکی پەرلەمان بەھیچ شێوەیەک رۆڵی ھەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی پێکنەھێنانی حکومەت‌و سەرۆکایەتی پەرلەمانی ھەرێم ھەروا نامێنێتەوە، ئەو وتی "لەداھاتوویەکی نزیکدا ئەگەر پارتی‌و یەکێتی ھەر نەگەنە ڕێککەوتن. ئەگەرێکی نزیکە یەکێک لەم دوو ھێزە پەنا بەرنە بەر حکومەتی ئیتحادی‌و  داداگای فیدڕاڵی تا بڕیارێکی وەلائیی دەرکەن‌و حکومەتی ئیتحادی سەرپەرشتی ھەرێمی کوردستان بکات تا ئەوکاتەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان یەکلادەبێتەوە".

لەبارەی ئەوەی پارتی نایەوێت پۆستی سەرۆکی ھەرێم‌و ئەنجومەنی وەیزان بداتە پەکێتی چونکە رێکەوتن کراوە لەماوەکانی پێشوودا پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت، ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتی "یەکێتی بەپارتی وتووە ئەو پۆستەی سەرۆک کۆمار کە ئێستا ھەیە بەویستی یەکێتی‌و ھی یەکێتی بوایە ئەوا دکتۆر بەرھەم سەرۆک کۆمار دەبوو، بەڵام ناشڵێت هی منە یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا ئیبراھیم سومەیدع کە ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سودانییە وتویەتی ئەگەری زۆرە ھەڵبژارنی نوێنەرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێک دوابخرێت".

لەبارەی بەشداری نەکردنی کۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمان‌و حکومەت، ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتی "وەک کۆمەڵ زانیمان ئەم گێژاوە درێژە دەکێشێت، ئێمە نەمانویست ئەو دیزاینەی  قبوڵمان نەبوو، بەشێک بین لەشاھیدی بەزۆر،  بۆیە زانیمان بەئۆپۆسیۆن بوون ڕۆڵمان نابێت، ئەوەی ئێمە بینمیمان گەمەیەک بوو لەدەرەوەی هەرێمەوە کرا، ئێمە وەک کۆمەڵ بەئامانجگیراین، ئەو بەئامانجیکرانەمان ڕەتکردەوە، ناچێنە پەرلەمان‌و بەشداری حکومەتیش ناکەین".

 

"پارتی دەیەوێ پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکی حکومەت لای خۆی بمێنێتەوە"

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی ھەڵوێست لەبارەی پێکھێنانی حکومەت لەلایەن پارتی‌و یەکێتیەوە، بەئاوێنەی راگەیاند "ھەرچەندە ئێمە ئاگاداری کۆبونەوەکانی پارتی‌و یەکێتی نین، بەڵام ئەوەی دیارەو دەبینرێت ویستی پارتی ئەوەیە ئەو فۆڕمەی ئێستا ھەیە بۆ حکومڕانی ھەرێم دەستکاریی نەکرێت‌و وەک خۆی بمێنێتەوە، بەتایبەت سەرۆکی ھەرێم‌و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەلای خۆی بمێنێتەوە، یەکێتیش بەمە ڕازی نیە".

عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوە کرد پێکنەھێنانی حکومەت چارەسەرێکی یاسایی بۆ نەکراوە کە ماوەی دیاریبکات پێویستە توژێنەوەیەکی ورد بکرێت لەوبارەیەوە کە دەبێت چی بکرێت، ئەو وتی "بیرمان نەچێت پێکنەھێنانی حکومەت دوابخرێت یان پێکبھێنرێت ھەر ھەمان شتە، کە دەسەڵات لای پارتی‌و یەکێتی بێت، کارێکی وەھایان کردووە لەکوردستان حکومەت حکوم ناکات، حیزب حکوم دەکات، ئەوەی دەکرێت ھەر رووکەشە".

 

"پێکنەهێنانی حکومەت لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە"

مستەفا عەبدوڵا،  کارگێڕیی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات وەک یەکگرتوو ناچنە ناو حکومەت‌، ئەو بەئاوێنەی راگەیاند "ئێمە نامانەوێت بەشداربین، چونکە ئەزمونی پێشووترمان ھەیە سوودی نابێت، بۆیە ئێمە وەک ئۆپۆزسیۆن چاوەڕیی پێکھێنانی حکومەت‌و کاراکردنەوەی پەرلەمانین، کە ماوەی دوو ساڵە پەرلەمان ماوەکەی بەسەرچووە".

وتیشی "ئێمە وەک یەکگرتوو دەزانین پارتی‌و یەکێتی خەمساردانە کاریان لەسەر ئەوە کردووە حکومەت لەماوەی خۆیدا پێکنەھێنن‌و زۆر بێباکن، لەکاتێکدا دەبوو پەلە بکرایە لەزوو پێکھێنانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان‌و پەلە بکرایە لەپێکھێنانی کابینەی حکومەت، لەبەرئەوەی ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەو گۆڕانکاریانەی لەناوچەکەدا روودەدەن، بەھێز بوایە".

 

"یەکێتی‌و پارتی بۆ دژایەتی یەکترو لاوازکردنی کورد دروستبوون"

د.فایەق گوڵپی چاودێری سیاسی نزیک لەنەوەی نوێ لەبارەی پێکنەھێنانی حکومەت، بەئاوێنەی راگەیاند "ئەو دوو حیزبە لەماوەکانی پێش ڕاپەرین بۆ ئەوە دروست بوون کێشەی کورد چارەسەر بکەن، بەڵام نەک کێشەی کوردیان چارەسەر نەکرد، تووشی لادانی سیاسی بوون، ھەموو ھەوڵیان ئەوەیە یەکتری لاواز بکەن‌و ھەریەکەیان ئەجندای لایەنێکی دەرەکی جێبەجێ دەکەن‌و کوردیش لاواز دەکەن، خۆیان بۆ پێشکھاتەکان ئامادە نەکردووە لەناوچەکەدا، ھەموو کاریان بۆتە دژایەتی یەکتری لەسەرەوە، بۆیە زۆر زەحمەتە بگەنە ڕێککەوتن‌و حکومەت پێکبھێنرێت".

د. فایەق گوڵپی باسی ئەوەش دەکات ھێزە ئیقلیمیەکان ھۆکارن تا پارتی‌و یەکێتی حکومەت پێکنەھێنن، ئەو وتی "تورکیاو ئێران لەچەقی وڵاتەکانی خۆیان شەڕو ململانێ ناکەن، ئەم شەڕەیان ھێناوەتە ھەرێمی کوردستان درێژەی پێدەدەن، نایانەوێت حکومەت پێکبھێنرێت لەھەرێم، ئەوەی دەبینرێت پارتی دژایەتی حکومەتی عێراق دەکات، یەکێتی دژایەتی حکومەتی ھەرێم دەکات، ئەمەش بەردەوام دەبێ‌و درێژەی پێدەدرێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×