ئا: ئاوێنە
کەمال ئاکف، وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەباکورو رۆژھەلاتی سوریا لەم گفتوگۆیەیدا لەگەڵ ئاوێنە دەڵێت "ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ بۆ تۆڵەکردنەوەی شکستی داعشە".
ئاوێنە: ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەباکورو رۆژھەلاتی سوریا، پێشتر ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا (ئەنەکەسە)ی بەھاوپەیمانی تورکیا لەقەڵەمدا، ئایا بوونی نوێنەری (ئەنەکەسە) لەدیمەشق لەبەرژەوەندی کوردا نییە؟
کەمال ئاکف: ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا (ئەنەکەسە) بەفەرمی لەھاوپەیمانێتی سوریادان کە سەر بەتورکیایە، ئەمە خزمەت بەدۆسیەی کورد ناکاتو ئێمە ئاگادارین کە نوێنەری ئەنجومەنی ئەنەکەسە لەسوریا بەناوی کورد خۆیان ناناسێنن، بەڵکو لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی سوری نزیک لەتورکیا بەشداری دەکەن. ھەربۆیە لەئێستادا ئەمە باسێکی گرنگە، بێگومان ئەمە باش نابێت ئەگەر ئێمە بمانەوێت باسی یەکێتی کورد بکەین لەناو باسو گفتۆگۆکانماندا لەدیمەشق، پێویستە ئەنەکەسە خۆی ڕزگار بکات لەدەستێوەردانو بۆچونی دەرەوە (تورکیا) لەم بابەتەدا، چونکە وەک دەزانین ھیچ دوژمنێکی کورد، یەکێتیو یەکڕیزی کوردی ناوێتو ئەوەی ئێمە مەبەستمانەو ئەمانەوێت ئەو یەکێتیە دروست ببێت، ھەربۆیە ئەگەر لایەنەکانی تریش خوازیارن ئەوا پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لەژێر کاریگەریو دەستێوەردانی دەرەوە.
ئاوێنە: بەبڕوای ئێوە چۆن شاندی کوردی یەکگرتوو دەبێت، ئایا دەکرێت دیالۆگی کوردی- کوردی ئەنجام بدرێت؟
کەمال ئاکف: بۆ دیالۆگی کوردی- کوردی پێویستە لایەنە کوردیەکانی سوریا ھەنگاوێکی گەورە بنێن بۆ دروست بوونی یەکڕیزی کورد لەسوریا، بەڵام ئێمە ئاگادارین کە ئەو لایەنانە لەژێر کۆنتڕۆڵو فشاری دەرەوەن، بۆیە ئەمە ئەبێتە ئاستەنگ لەبەر دروست بوونی یەکێتی کورد لەسوریا .
ئاوێنە: ئایا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتیتان دەدات بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشی چەکدارانی سەر بەتورکیا بۆ سەر کۆبانیو ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی فورات؟
کەمال ئاکف: سەبارەت بەمەسەلەی کۆبانی، ئێستا کۆبانی نەک تەنھا سۆمبولی باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریا نیییە، بەڵکو سۆمبولی ھەموو جیھانە بەگشتیو بۆیە رۆژێکی تایبەت بەناوی "رۆژی کۆبانێ" دیاریکرا، خۆڕاگرییو بەرخۆدانی کۆبانێ نەک تەنھا هەر کورد، بەڵکو هی ھەموو باکورو ڕۆژھەڵاتی سوریاو ھەر چوار پارچەی کوردستانو ئینتەرناسیوناڵە. ھەروەھا ژن بەشێوەیەکی سەرەکیو پێشکەوتوو لەبەرخۆدانی کۆبانێ بەشدار بوون، سەرکەوتنی کۆبانێ بەسەر داعشدا سەرکەوتنێک بوو بۆ مرۆڤایەتیو ئێستا دەسکەوتەکانی کۆبانێ کە لەشەڕی داعشدا بەدەستھێنراوە لەمەترسیدایە، ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ بۆ تۆڵەکردنەوەی شکستی داعشە.
ئاوێنە: لەحاڵەتی ھێرشی تورکیاو چەکدارەکانیان بۆ سەر کۆبانێ، ھاوپەیمانان پالپشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکەن؟
کەمال ئاکف: پێشتر ھاوپەیمانانی دژی داعش، بەشداربوون لە شەڕی شەڕڤانان دژی داعش، ئێستاش ھێزەکانی ھاوپەیمانان لێرەنو لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک لەپەیوەندیدان، بەڵام هەڵوێستی ئێمە پێویستە بۆ ھەموو لایەن روون بێت ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ قوبوڵ نەکراوە بەھەموو شێوەیەکو پێویستە ھەموو ئەوانەی بەشدار بوون لەوەی کۆبانێ ببێتە سۆمبول بۆ مرۆڤایەتی، جارێکیتر خۆیان لەکۆبانی بکەنە خاوەن، بۆیە بەھەر بیانویەک ھێرشی تورکیا بۆ کۆبانێو داگیرکردنی قوبوڵنەکراوە.