زۆرترین ژنانی ئیشكەر لەپارێزگای سلێمانییە
  2024-12-17       398       
بەشێكی زۆری ئەو كچانەی زانكۆ تەواو دەكەن بۆ كاركردن روویان لەكەرتی تایبەت كردووە

ئا: هێڤی ئاوات

 

سەرباری هەموو ئاستەنگەكانی بەردەم بەشداری ژنان لەپرۆسەی ئابوریدا، بەپێی ئاماره‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاماری‌ سلێمانی‌، چالاكی‌ ئابوری‌ ره‌گه‌زی‌ مێینه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا به ‌به‌راورد به‌ناوچه‌كانی تری‌ عێراق‌ زیاتره‌و به‌تایبه‌ت له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌، بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم‌و بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی دەڵێت "لەساڵانی پێشوودا بەپێی ئەو روماڵەی بەڕێوەبەرایەتی ئامار ئەنجامیداوە، زۆرترین زۆرترین ژنانی ئیشكەر لەپارێزگای سلێمانی بووە لەسەر ئاستی عێراق".

 

لەم ساڵانەی دواییدا كە قەیرانی دارایی بەرۆكی بەهەرێمی كوردستان گرتووەو دامەرزاندن لەدامودەزگا حكومییەكان‌و كەرتی گشتی راگیراوە، بەشێكی زۆری ئەو كچانەی زانكۆ تەواو دەكەن بۆ كاركردن روویان لەكەرتی تایبەت كردووە، ئەمە وایكردووە كە لەزۆر بواردا ئێستا كچان‌و ژنان كار بكەن‌و دەربكەون.

 

تەلار، كچێكی تەمەن ٢٥ ساڵە‌و لەكۆگایەكی تایبەت بەجل‌و بەرگدا لەیەكێك لەماركێتەكانی ناو شار كار دەكات، ئەو وتی "رۆژانە لە كاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە تا ١١ی شەو كار دەكەم، لەبەرئەوەی لەماڵەوە تەنها خۆم ئیش دەكەم‌و باوكم‌و دایكم توانی ئیشكردنیان نەماوەو براكەشم هەر فریای دابین كردنی ژیانی خۆی دەكەوێت".

وتیشی "جاری وایە هیلاك دەبم، لەبەرئەوەی كاتی كارەكەم زۆرەو مووچەكەشم هێندەی ئەو هیلاك بوونە نییە، ٦ ساڵە كار دەكەم، پێشتر لەسۆپەر ماركێتێكدا كارم دەكرد، بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێك لەكارمەندەكانی ناردەوە بۆ ماڵەوە كە من یەكێكیان بووم، وا ساڵێکیشە لەم مارکێتەدا کار دەکەم".

 

بەپێی ئاماری یونسێ، ژنانی جیهان (50٪)ی کۆی داهات‌و دارایی جیهان دروست ئەكەن، كەچی تەنیا (10٪) داهاتی جیهان لەدەستیاندایەو خاوەنی (1٪)ی سەرمایەی جیهانن. ئەم رێژە پڕ لەنادادپەروەرییە لەهەرێمی کوردستانیشدا بەدیدەکرێت.

ژنانی هەرێمی كوردستان هێشتا رۆڵیان لەبازاڕدا کەم‌و سنووردارە، زۆربەی سەرمایەو دراوو بڕیاری ئابوری لەدەستی پیاواندا چڕ بوەتەوەو پشكی ژنانی كوردستان لەداهات‌و سەرمایەی دراوی زۆر كەمە.

 

خەندە تاهیر، کە هەڵگری بڕنامەی ماستەرە لەبواری ئابوری ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی داتا بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی، کە لەساڵانی رابردودا بڵاوکراونەتەوە، چالاکی ئابوری رەگەزی مێینە لەهەرێمی کوردستان ١٣٪یە، واتە نزیکەی ٨٧٪ی ژنان بەشارنشین‌و گوندنشینەوە كاری ناو ماڵ ئەكەن، ئەوەش لەگەڵ گۆڕانكاری ئابووری كوردستان ناگونجێت. ئەو بەئاوێنەی وت "دووربوونی ئەم رێژە زۆرەی ژنان لەپرۆسەی بەرهەمهێنانی كاڵاو خزمەتگوزاریدا كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئابوری كوردستان هەیەو كەمترین مافی ئابورییان بەرئەكەوێت".

وتیشی "سەردەمی ئێستای جیهان سەردەمی بەشداربوونی مرۆڤە بەبێ جیاوازی جێندەر لەكاروباری ئابووریدا، بەبێ مادەی (٤)ی مافی مرۆڤ، ژنان مافی كاركردن‌و ئازادانە داهات بەدەستهێنانیان هەیەو بەبێ جیاوازی مافی ئابوورییان هەیە، بەڵام زۆربەی ژنانی جیهان‌و ژنانی كوردستان دەستپێشخەری ئابورییان نییە. هەرچەند بەكاروباری ماڵ‌و كشتوكاڵ‌و ئاژەڵداری سەرقاڵن‌و سەرچاوەی داهاتی خێزانەكانیانن، بەڵام پشكی داهات‌و سەرمایەی ئابورییان كەمە، لەکاتێکداژنان‌ دەتوانن رۆڵی گەورە لەپێشخستنی ئابوری كوردستان ببینن".
 

یەکێک لەو کارە گرنگانەی ئیستا ژنان بۆ بەدەستهێنانی داهات ئەنجامیدەدەن، هونەری دەستی‌و دروستکردنی خۆراك‌و خواردەمەنییە.

 

خۆزگە عەلی، کچێکی تەمەن ٢٧ ساڵەو رۆژانە خەریكی نانی تیری‌و كەلانەو ناوساجی كردن‌و كولێرە برژاندنە، ئەو بەدەم پان کردنەوەی گونکە هەویرەکانی بەردەمییەوە، وتی "نان کردن كارێكی قورسە، لەهەشتی بەیانییەوە هەتا ٦ی ئێوارە كار دەكەم‌و ٦ ساڵە خەریكم، ئەو كرێیەی رۆژانە وەریدەگرم خراپ نییە، بەشی ژیانمان دەكات".

وتیشی "لەماڵەوە هەر من كار دەكەم‌و خێزانێك بەخێو دەكەم، پشتم بەخۆم بەستووە لەدابین كردنی بژێویی ژیانمدا، بەبڕوای من ئیشكردن نەك هەر بژێویی ژیان، بەڵكو كەسایەتی مرۆڤیشی پێوە بەستراوە، بۆیە وا هەستدەكەم ئیشكردن خۆشبەختی‌و ئاسودەیم پێدەبەخشێت‌و دەبێت هەموو كچان‌و ژنانیش بیر لەوە بكەنەوە خاوەنی ئابوری سەربەخۆیی خۆیان بن‌و كاریشی بۆ بكەن".

 

بەپێی ئامارێک کە لەساڵانی رابردوودا بڵاوکراوەتەوە سلێمانی بەگەنجترین پارێزگای عێراق هەژماردەکرێت، کە ٣٥٪ دانیشتووانی سلێمانی تەمەنیان لەخوار ١٥ ساڵەوەیە، ٦٠٪ی دانیشتوانەکەی تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵیدان کە ئەمانە دەستی کاریان پێدەڵێن، تەنها ٥٪یان  کەسانی پیرن.

 

مەحمود عوسمان، بەڕ‌ێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێم‌و بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بەئاوێنەی راگەیاند دوا راپۆرتمان سەبارەت بەرێژەی ژنانی ئیشکەر بڵاوکردوەتەوە لەساڵی ٢٠١٨ بووەو بەپێی ئەو روماڵە مەیدانییە

سەبارەت بەهێزی كار لەهەرێمی كوردستان، چالاكی‌ ئابوری‌ ره‌گه‌زی‌ مێینه‌ (ئیشكردنی‌ ئافره‌تان) له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، نزیكه‌ی‌ ١٣٪یه‌و ده‌ستی‌ كاری‌ ره‌گه‌زی‌ مێینه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا ‌به‌راورد بەپارێزگاكانی‌ تری‌ عێراق به‌رزتره‌، به‌تایبه‌ت له‌شاری‌ سلێمانی‌‌ ئیشكردنی‌ ئافره‌تان له‌ ١٧.٣٪یە.

مەحمود عوسمان وتی "ئەوە ئامارێکی چەسپاوە، هەرچەندە ساڵ بەساڵ ئامارەکان دەگۆڕێن، بۆیە زۆر پێویست بوو سەرژمێرییەکی دانیشتوان ئەنجام بدرێت چونکە ٣٧ ساڵە سەرژمێری لەکوردستان‌و عێراق ئەنجامنەدراوە".

وتیشی "ئێمە لەساڵی ٢٠١٩وە سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی‌و ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکەش لە ١٥ / ٢دا بڵاودەبێتەوەو وەڵامی هەموو پرسیارێک دەربارەی هەموو وردەکارییەکانی ژیانی ئابوری‌و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان دەداتەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×