ئا: ئاوێنە
تورکیا بەبراوەی یەکەمی گۆڕانکارییەکانی ئێستای سوریاو کەوتنی ئەسەد دادەنرێت، گەشتنی ئیبراهیم کالینی سەرۆکی میت بۆ دیمەشقو نوێژکردنی لەمزگەوتی ئەمەوی، چەند کاتژمێرێک بەدوای کەوتنی ئەسەددا، پەیامێکە بۆ هەموو لایەک کە "سوریا ئێستا هی ئێمەیە".
هێشتا چەند کاتژمێرێک بەسەر روخانی بەشار ئەسەددا تێنەپەڕی بوو، کە ئیبراهیم کالین سەرۆکی میتو یەکیك لەئەندازیارانی گۆڕانکارییەکانی ئێستای سوریا، گەیشتە دیمەشقو وەک بیرخستنەوەیەکی مێژوویی، نوێژی لەمزگەوتی "ئەمەوی" کردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) کۆبۆوە، باس لەوە دەکرێت کە ئەم سەردانەی کالین، پرۆڤەو ئامادەکاریی کردنە بۆ سەردانی ئەردۆغان بۆ دیمەشق وەک "فەتحکەرێک"و نوێژکردنی لە"مزگەوتی ئەمەوی"، کە پێشتر بەڵێنی دابوو.
هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند دوای ١٣ ساڵ لەداخستنی، باڵوێزخانەکەیان لەدیمەشق دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتدارێک هەبێت کە "بەرپرسی کاروبار"ەکەیان ئەوراقی نوێنەرایەتی پێشکەش بکات، وەک ئەوەی دەسەڵاتی راستەقینە خۆیان بن.
رۆژنامەیەکی تورکی لەوتارێکی سەرنجڕاکێشدا ئاماژە بەوە دەکات کە "ڕوخانی ئەسەد وا دەرکەوت تەنها بەهۆی بەهێزیی چەکدارانی هەیئەی تەحریر شامو سەرکردەکەی ئەبو محەمەد جولانی بووبێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە تورکیاو سوپای نیشتمانی سوریا کە ئەنقەرە پشتگیری دەکات، ڕۆڵی بنەڕەتییان هەبوو، بۆیە سوریا ناتوانرێت نەبۆ هەیئەی تەحریری شام جێبهێڵرێتو نە بۆ دەسەڵاتی جۆلان،. ئەوە تورکیا بوو کە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی گۆڕی بۆ یەکەیەکی دیسپلینکراوو پیشەیی، سوریا ئێستا هی تورکیایەو پێویستە هەموو لایەک لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەمان لەگەڵ بکات".
لەڕاستیدا ئەوانەی چوونە دیمەشقی پایتەختی ئەمەوییەکانو دەستیان بەسەردا گرت، وەک محەمەد نورەدینی نوسەری لوبنانیو شارەزای بواری تورکیا دەڵێت "پیاوەکانی ئەردۆغان بوون".
هەیئەی تەحریری شامو سوپای نیشتیمانی سوریا، کە تێکەڵێکن لەئیخوان موسلیمینو گروپە جیهادییە توندڕەوەکان، لەهەموو ڕوویەکەوە لەژێر فەرمانی ئەنقەرەدان. هەموویان باش دەزانن ئەگەر بەچەکو مەشقو ڕاهێنانو پارەو ڕێکخستنو هەموو شتێک پاڵپشتی ڕاستەوخۆی تورکیایان بۆ دەستەبەر نەکرایە، سەرنەدەکەوتن.
ئێستا تورکیاو ئەردۆغان، وەک براوەی یەکەمو بڕیاردەری سەرەکی گۆڕانکارییەکانی سوریاو کەوتنی ئەسەد مامەڵە دەکەن، پاش کۆتاییهێنان بەهەژموونی ئێران لەو وڵاتەدا، دەیانەوێ لەدیاریکردنی ئایندەی سیاسیو سەربازیو ئابوری ئەو وڵاتەدا باڵادەست بن.
ئەردۆغان، خوازیارە بەری ئەم دەسکەوتە ستراتیژییو سەرکەوتنەی لەسوریا، لەئاستی ناوخۆو دەرەوەی تورکیاشدا بچنێتەوە.
لەئاستی ناوخۆدا:
*ئەردۆغان چاوی لەسەر ئەوەیە ئەم دەسکەوتە بەکاربهێنێ بۆ ئەوەی بتوانێت لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ساڵی ٢٠٢٨، جارێکیتر خۆی هەڵبژێرێتەوە.
*ئاکەپە جارێکیتر هێزی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانو شارەوانییەکانی تورکیا بێت.
*هێزە کوردییەکانی تورکیا لاواز بکات.
*چارەسەری قەیرانی پەنابەرانی سوریی لەتورکیا بکات کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان ژمارەیان بەنزیکەی ٣ ملیۆن پەنابەر مەزەندە دەکرێت.
لەئاستی دەرەوەشدا:
*پڕۆژەو هەژموونی تورکیا بەسەر ناوچەکەدا باڵادەستر بکاو هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا لەبەرژەوەندی تورکیا بگۆڕێت، دوای کردنەدەرەوەی ئێرانو روسیا لەسوریا.
*رۆڵی سەرەکی هەبێت لەچۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سوریادا.
* پششتێنەیەکی ئەمنی بەدرێژایی باکوری سوری بەقوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر دروست بکات، بەمەبەستی دابڕینی کوردی رۆژئاوا لەباکورو پاراستنی سنوورەکانی.
*سنووردارکردنی دەسەڵاتی کورد لەرۆژئاوای کوردستان، لەم چورچێوەیەدا ئەردۆغان بەوەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاندووە لەدوا سەردانیدا بۆ ئەنقەرە، کە "ئێمە ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان لەدژی (پەکەکە) دەگرینەبەر". کردە ئامانجی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان، یەکێکە لەئامانجە سەرەکیەکانی تورکیا لەسوریادا، بەرپرسانی تورکیا دەڵێن هەرچەندە واشنتۆن تا ئێستاش لەپشت کوردەوە وەستاوە، بەڵام دوای ڕۆیشتنی ئەسەد، پێویستە هەسەدە کۆتایی پێبێتو دەڵێن "ئەسەد رۆی، ئێستا نۆرەی ڕۆژهەڵاتی فوراتە". تورکیا لەهەوڵدایە بەر لەهاتنەسەرکاری ترامپ لەمانگی داهاتوودا، ئەجنداکانی خۆی لەسوریادا جێبەجێ بکات، بەتایبەتی بەرامبەر بەکورد، تا پشتیوانی لەکورد نەکەن.
*ئامانجێکی سەرەکی دیکەی تورکیا، بەدیهێنانی بەرژەوەندی ئابورییە، تورکیا خوازیارە ببێتە شەریکی یەکەمی بازرگانیو سوریا بکاتە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵاکانی، دوای ئەوەی حەلەبی وێران کرد، کە یەکێکە لەگرنترین شارە پیشەسازیو بەرهەمهێنەرەکانی سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەمە جگە لەوەی ئەردۆغان رایگەیاندووە "جەنگەکان وێرانکاریی گەورە دروست دەکەن، بەڵام دەرفەتی زۆریش لەگەڵ خۆیان دەهێنن، ئەگەر شەڕ لەسوریاو ئۆکرانیاو غەزە بوەستێت، ئەوا وەبەرهێنان لەبنیاتنانەوەی ژێرخانی ئەو وڵاتانەدا لە 500 ملیار دۆلار زیاتر دەبێت، پێویستە تورکیاش بۆ ئەو بنیاتنانەوەیە ئامادە بێتو پشکی هەبێت".