گروپەکانی سەر بەتورکیا لەئامادەکاریدان بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ
  2024-12-14       1588       

ئا: ئاوێنە، کۆبانێ

 

وەفدێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا لەکۆبانێ لەگەڵ سوپای سوریای نیشتیمانی (پشتگیریکراو لەلایەن تورکیاوە)، نەگەیشتنە رێککەوتن‌و وەفدەکە گەڕایەوە حەسەکە، مەزلۆم کۆبانیش راگەیاند "ئاگربەست جێبەجێنەکرا"، پێشبینی دەکرێ لەڕۆژانی ئایندەدا هێرش بۆ سەر کۆپانێ بکرێت.

 

وەفدی ھاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی سوپای نیشتیمانی سوریا کۆبوونەوەو دوای دوو کاتژمێر لەگفتۆگۆ، وەفدی سوپای نیشتیمانی سوریا رازی نەبوون ئاگربەستی نێوان ھەسەدەو سوپای نیشتیمانی درێژ بکرێتەوەو جەختیان لەسەر ئەوە کرد کە پێویستە بەنداوی تشرین بکەوێتە ژێر دەست‌و کۆنترۆلی بکەن‌و بنکەیەکی سەربازی لەسەر گۆڕی "شا سلێمان" دروست بکەن، ھێزەکانی ھەسەدە بەقوڵایی ٣٥ کم لەکۆبانێ دووربکەوێتەوە.

لەبەرامبەردا، ھێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک ھەسەدە ئامادە نین دەستبەرداری کۆبانێ‌و بەنداوی تشرین بن، بەمەش بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاوێنە "لەرۆژانی ئاییندەدا شەڕێکی قورس لەنێوان ھەسەدەو سوپای سوریای نیشتیمانی سەر بەتورکیا لەکۆبانێ روودەدات".

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە ڕاگەیاند "ئەو ڕێککەوتنەی لەڕێگەی نێوەندگیریی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لەنێوان ھەسەدەو تورکیاو گروپە چەکدارییەکانی ئەنجام درا جێبەجێ نەکراوە".

تورکیا داوای جێگیرکردنی ھێزی سەربازی لەمەزارگەی سوڵتان سلێمان شا لەگوندی ئەشمیی ڕۆژئاوای کۆبانێ دەکات، کە بەنیازە چەکی قورس لەو گوندە جێگیر بکات. ئەم داواکارییەی تورکیا ڕێگرە لەگەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی‌و جێبەجێکردنی ئاگربەست.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی ھەفتەیەکە سوپای نیشتیمانی سوریای سەر بەتورکیا بەھاوکاری فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ھەوڵی گرتنی بەنداوی تشرین دەدات، سەرجەم ھێرشەکان لەلایەن شەڕڤانانی ھەسەدەو دژەتیرۆری رۆژئاوا تێکشکێنراون.

دوای شەڕو پێکدادانی قورس لەنێوان ھەسەدەو چەکدارانی سوپای نیشتیمانی سوریای سەر بەتورکیا لەمەنبج بەھەماھەنگی ھاوپەیمانان لە١٢ی ئەم مانگە ئاگربەست ڕاگەیەندرا بۆ ماوەی ٤ رۆژو ھەر بەیانی ئەمڕۆ ھەسەدە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی ڕەوانەی مەنبەج کردوە بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی سیڤیل‌و ھێزە سەربازییەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج لەو شارە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکە بۆ ئاوێنە "ئەمەش ئەو ھاوکێشەیە روونتر دەکات کە رۆژئاوای فورات بۆ ھێزەکانی سەر بەتورکیاو رۆژھەلاتی فۆراتیش بۆ ھەسەدە مسۆگەرتر دەبێت، بەڵام تورکیا بەمە رازی نییەو نایەوێت سنوری ھاوبەشی لەگەڵ ھەسەدە ھەبێت".

ئامانجی تورکیاو چەکدارەکانی لەکۆنترۆڵکردنی مەنبج لەوێوە گەیشتن بوو بەکۆبانێ، چونکە سەرێ کانی‌و گرێ سپیش لە ٢٠١٩ لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵکرا بوو، تەنیا شاری کۆبانێ ماوە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵیان، بەڵام دوای گەیشتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ کۆبانێ ئەو ئامانجەی تورکیا زۆر زەحمەت دەبێت.

تورکیا بەنیازە بەدرێژایی ٦٠٠ کم لەباکوری عێراقەوە (باشوری کوردستان) تا باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان)و بەقۆڵایی ٣٥ کیلۆمەتر کۆنترۆل بکات‌و پشتێنەی ئەمنی بۆ وڵاتەکەی دروستبکات، ھەر لەو بارەیەوە دوێنێ ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاندبوو "مەرامەکانمان لەبارەی باکوری سووریا، لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا تەواو دژی یەکن".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×