ئا: ئاوێنە
ئەسما ئەسەد، کە ئێستا وەک پەنابەر لەگەڵ بەشار ئەسەدی هاوسەریو دوو کوڕو کچەکەی لەمۆسکۆ ژیانی بەسەردەبات، بەخانمی ئاسنینو ماری ئەنتوانێتی سوریا ناودەبرا.
لەماوەی حوکمڕانی ٢٤ ساڵەی بەشار ئەسەددا، دەسەڵات تەنها بەدەست چەند کەسێکی دیاریکراوەوە بوو، کە یەکێکیان ئەسمای هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بوو. ئەسما بوەتە هێمای گەندەڵیو بەتاڵانبردنی داهاتی گشتیو قۆرغکردنی هەموو سامانی سەر زەویو ژێر زەوی ئەو وڵاتە، کە کار گەیشتبوو بەوەی بەبێ دابینکردنی پشکی ئەو، هیچ بزنسو مامەڵەیەکی بازرگانی سەرینەدەگرت، بەبێ رەزامەندی ئەو هیچ پارچە زەوییەک بەسەر هیچ کەسێکدا دابەش نەدەکرا، بازرگانێك وتبووی "هەموو سوریا هی خۆیەتی".
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ئەسما دەستی خستوەتە هەموو کەرتە جیاوازەکانی ئابوورییەوەو لەڕێگەی هاوبەشەکانیەوە لەهەموو سێکتەرەکاندا پشکی هەیە - پەیوەندییەکان، خانووبەرە، بانکو بازرگانیو پیشەسازی – هەموویانی کۆنتڕۆڵ کردبوو. ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکا سزای بەسەردا بسەپێنن. مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا کە لەساڵی ٢٠٢٠دا سزای بەسەر ئەسمادا سەپاند، رایگەیاند "بەپاڵپشتی هاوسەرەکەیو ئەندامانی بنەماڵەکەی، بەبێ شەرمترین شێوە سوودی لەشەڕی ناوخۆی سوریا وەردەگرێتو بازرگانی شەڕە".
ئەسما ئەسەد، پێشتر لەگەورەترین بانکی ئەمریکی، جەی پی مۆرگان کاری کردبوو، دواتر سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئابوری سوریای کرد لەسەردەمی بەشار ئەسەددا، ئەو ئەنجومەنە کە ئەسما سەرۆکایەتی دەکرد، هەموو بڕیارە گرنگە ئابورییەکانی سوریای بەدەست بوو، لەم ئەنجومەنەدا "ژنوو مێردێک"و دەوروبەرە نزیکەکانیان لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە هەموو سێکتەرە ئابورییەکانیان بەخواستو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی دەکردەوەو هەموو دارایی کەرتی گشتیو کەرتی تایبەتیان کۆنترۆڵ کردبوو، تەنانەت مۆڵەتی بازرگانی خۆراکو سوتەمەنیش، بۆیە ئەوکات یەکێک لەبازرگانانی سوری بەفاینانشیاڵ تایمزی وتبوو "ئێستا هەموو سوریا هی ئەسمایە".
ئیمپراتۆریەتە ئابورییەکەی ئەسما، هەر بەمەوە نەوەستا، بەڵکو کاتێک کە رێکخراوی خێرخوازی "سندووقی گەشەپێدانی سوریا"ی لەساڵی ٢٠٠٧ دامەزراند، بەتەواوەتی کەرتی هاوکاری مرۆیشی لەو وڵاتەدا کۆنتڕۆڵ کردو هەموو هاوکارییەکی مرۆییو داراییو خۆراکی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانو رێکخراوە مرۆییەکانەوە بۆ سوریا دەنێردرا، دەبوو لەڕێگەی ئەم رێکخراوەوە دابەش بکرێت، کە ئەمیش ئەم هاوکارییانەی تەنها بەسەر دەستو پێوەندو هەوادارانی رژێمدا دابەش دەکرد. هەربۆیە ئەم دامەزراوەیەی ئەسما چەندین جار تۆمەتبارکراوە بەخراپ بەکارهێنانی ئەو پارانەی کە لەنەتەوە یەکگرتووەکانی وەرگرتووەو ئەم دامەزراوەیە بەیەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی بنەماڵەی ئەسەد دادەنرا.
ئەسما، کچی پزیشکی ناوداری دڵی سوری "فەواز ئەخرەس"ە، کە شاری حومس زێدی بنەماڵەکەیانە، دایکی ئەسماش کاری دیبلۆماسیی لەباڵیۆزخانەی سوریا لەپایتەختی بەریتانیا کردووە.
ئەسما ئەسەد لەساڵی ١٩٧٥ لە لەندەن لەدایکبووەو ١٠ ساڵ لەبەشاری هاوسەری گەنجتر بوو، لە لەندەنیش گەورە بووەو لەساڵی ١٩٩٦دا بڕوانامەی زانستی کۆمپیوتەری لەکۆلێژی کینگ لەزانکۆی لەندەن وەرگرتووە، لەدامەزراوە بانکییەکان لەنیویۆرک کاری کردووە، سەرەتا لەدۆیچە بانکو دواتر لەکۆمپانیای جەی پی مۆرگان.
بەشار کاتێک لە لەندەن بووە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ – ١٩٩٤و وەک پزیشکی چاو، لەنەخۆشخانەکەی باوکی ئەسمادا کاری کردووە، ئەسمای ناسیوە. ئەسما بەنیازی ئەوە بوو بچێتە ئەمریکا بۆ خوێندن لەزانکۆی هارڤارد، بەڵام بەناسینی بەشار هەموو شتێک گۆڕاو هاوسەرگیری کردو گەڕایەوە بۆ سوریای زێدی باوباپیرانی. ئەسما لەمبارەوە وتویەتی "کێ هەیە خۆشەویستی بخاتە پێش هارڤاردەوە؟".
ساڵی ٢٠٠٠، بەشارو ئەسما هاوسەگیریان کردو هەر لەو ساڵەشدا حافز ئەسەد کۆچی دوایی کردو بەشار جێگەی گرتەوە، کە چاوەڕوان دەکرا دەرگای سوریا بەڕووی جیهاندا بکاتەوەو کۆتایی بەڕابردووی سەرکوتگەرانەی سوریا بهێنێتو لەو کاتەشدا ئەسما بەهێزی نەرمی ڕژێمی سوریا دادەنراو هیوای بەمۆدێرنێتە کردنی خێرای سوریای لەسەر هەڵچنرا، بەڵام سەرهەڵدانی شەڕی عێراقو روخانی سەدام لەساڵی ٢٠٠٣و پاشان "بەهاری عەرەبی"ی لەساڵی ٢٠١١دا کۆتایی بەو هیوایانە هێنا.
ئەسما، کە لەزمانی عەرەبیو ئینگلیزیو فەرەنسیو ئیسپانی شارەزا بوو، پێش دەستپێکردنی ڕاپەڕینی سوریا لەپاریس بەهۆی وتارێکی سەرنجڕاکێشی لەسەر کولتوور ناوبانگی دەرکرد، لەکاتێکدا کریستین لاگاردی سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەسەرسامیەوە لێدەڕوانیو گۆڤارێکی ئەمەریکیش لەوکاتەدا ئەم خانمەی بە"گوڵی بیابان" ناوبرد، کە زۆربەی کات بە بەژنێکی زراڤو پانتۆڵی جێنزو تیشیرتی کەشخەو روخسارێکی گەشو جوانەوە دەردەکەوتو لەدیمەشق لەگەڵ هاوسەرەکەی چێژیان لەچوونە دەرەوە بۆ خواردنو لێخوڕینی ئۆتۆمبێل دەبینی.
ئەمە لەکاتێکدا بوو کە بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، زیاتر لەیەک لەسەر سێی خەڵکی سوریا لەخوار هێڵی هەژارییەوە دەژیانو نزیکەی ٩٠٪ی دانیشتووانیش هەژار بوون، چینی ناوەڕاست لەمێژ بوو پووکابۆوە، زۆربەی هاوڵاتیان لەسایەی هاوکاری خزمو کەسوکاریان دەژیان کە چووبوونە دەرەوەی وڵات.
لەسەرەتای "بەهاری عەرەبی"دا، ئەسما کە هیوای خواستبوو، بتوانێت ڕێگری لەسەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بگرێت، بەڵام وەک سورییەکان دەڵێن زیاتر لەهەر کەسێک قازانجی لەسەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی بەردەوامی سوریا کرد.
ئەسما، چەند ساڵێک لەمەوبەر تووشی شێرپەنجەی مەمک بوو، چاکبۆوە، بەڵام دواتر پزیشکەکان شێرپەنجەیەکی نوێیان دەستنیشانکرد لەودا، کە شێرپەنجەی خوێن بوو، ئەو "ماری ئەنتوانێت'ی سوریا بوو.