تاڵەبانی‌و حافز‌و بەشار
  2024-12-08     
بەشار ئەسەد - تاڵەبانی

ئا: ئاوێنە

 

مام جەلال، یەکێک بوو لەو سەرکردە کوردانەی پەیوەندییەکی نزیک‌و توندوتۆڵی هەم لەگەڵ بەشار ئەسەدو هەم لەگەڵ حافز ئەسەدی بابیشی هەبوو، ئەو پێشبینی کردبوو کە بەشار ئەسەد لەبەردەم راپەڕینی گەلی سوریادا، بەپێچەوانەی سەرکردەی وڵاتانی دیکەی عەرەبییەوە کە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی رایماڵین، بەخۆڕاگریی دەمێنێتەوەو ناکەوێت، بەڵام ئەمڕۆ بەشارو رژێمەکەی نەک هەر کەوتن، هاڕەیان کرد.

 

تا ئەمدواییەش زۆربەی بەرپرسانی یەکێتی، کە سەری قسە دەربارەی سوریا دادەمەزرا، بەسەرسامییەوە باسی ئەم پێشبینییەی مام جەلالیان دەگێڕایەوە، کاتێک کە قەیرانی سوریا لە١٥ی مارسی ٢٠١١دا دەستیپێکردووە، هەموو سەرکردایەتی یەکێتی پێیانوابووە کە رژێمی ئەسەد بەزوویی هەرەس دەهێنێت‌و تیادەچێت، بەڵام مام جەلال بەدووربینییەوە یەکێک بووە لەو کەسە دەگمەنانەی گرەوی لەسەر خۆڕاگریی دەوڵەتی سوریاو مانەوەی بەشار ئەسەد لەدەسەڵاتدا کردووە، سەرباری ئەو مەترسییە زۆرو گەورانەشی کە رووبەڕووی بوونەتەوە‌.

حوسنی مەحلی، رۆژنامەنوسی ناوداری عەرەب کە ساڵی ٢٠١٥ سەردانی جەلال تاڵەبانی کردووە لەدەباشان، لەوتارێکدا تەنانەت باس لەوە دەکات مام جەلال ئەم بۆچوون‌و پێشبینییەی بەهەموو ئەو کەسانە وتووە وەک سەرۆک کۆماری عێراق چاوی پێیانکەوتووە لەنێویاندا باراک ئۆباماو رەجەب تەیب ئەردۆغان،

حوسنی مەحلی کە ماوەی ٣٠ ساڵ هاوڕێی نزیکی تاڵەبانی بووە، باس لەوە دەکات کە مام جەلال پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ بەشار ئەسەدو باوکیشیدا هەبووەو تەنها وێنەیەک کە بەدیواری نوسینگە تایبەتەکەوەیەوە بوە لەبەغدا کاتێک سەرۆک کۆماری عێراق بووە، وێنەی خۆی‌و حافز ئەسەد بووە، تاکە وێنەیەکیش کە لەپێشەوەی کتێبخانەکەیدا لەدەباشان لەسلێمانی دایناوە، وێنەی خۆی‌و بەشار ئەسەد بووە، کاتێک پێشوازی لێکردووە.

"جه‌نگیز چاندار"، نوسەرو رۆژنامەنووسی ناوداری تورکیش، لەكتێبەکەیدا "شەمەندۆفێری میزۆبۆتامیا"، لەزاری مام جەلالەوە هەمان پێشبینی‌و بۆچوونی بڵاوكردۆتەوە کە "سوریا دەچێتە نێو شەڕێكی ناوخۆیی درێژخایەنەوەو سەرەنجام بەشار ئەسەد ناکەوێ‌و لەدەسەڵاتدا دەمێنێتەوە".

رەنگە ئەم پێشبینییەی مام جەلال بۆ مانەوەی بەشار، لەوەوە هاتبێت کە وەک خۆی وتویەتی "نەک هەر پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵ سوریا هەیە، بەڵکو سۆزێکی گەورەشمان بۆ ئەم وڵاتەو ئەسەدیش هەیەو فەزلیان بەسەرمانەوە هەیە کە لەسەخترین رۆژەکاندا پشتیوان‌و هاوکارمان بوون".

بەپێی ئەوەی مام جەلال لە"دیداری تەمەن"دا باسیکردووە، پەیوەندی لەگەڵ حافز ئەسەد دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠، کاتێک لەعێراقەوە ویستویەتی بەسوریادا بچێتە لوبنان، لەخاڵی پشکنینی لوبنان نەیانهێشتووەو تاڵەبانیش لەوکاتەدا لەسەر کاغەزی پاکەتی جگەرەی جمهوری نامەیەکی بۆ ئەسەد نوسیوەو حافز ئەسەدیش کە ئەوکات سەرۆک وەزیران بووە، فەرمانی کردووە رێگەی پێبدرێ‌و ئوتومبێلێکی تایبەتشی بۆ ناردووەو میوانداری کردووە لەدیمەشق.

دواتریش سوریا هەموو هاوکاری‌و ئاسانکارییەکی کردووە بۆ ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دابمەزرێ‌و بکەوێتە سەرپێی خۆی. مام جەلال لەكتێبی "دیداری تەمەن"دا دەڵێت "سورییەكان لەزۆر بواردا یارمەتیان پێشكەش كردین، لەڕووی سیاسیی‌و مەعنەوەییەوە، ئەمە چ جای بواری داریی‌و هەروەها چەك‌و تەقەمەنی‌ زۆریشیان پێداین، ئەم یارمەتییانەش بۆ ئێمە پڕ بەها بوو، چونكە پاڵپشتی سوریا بۆ ئێمە هاوشێوەی رزگاركرنمان بوو لەپێوەدانی مارێك لەبیابانێكی كاكی بەكاكیدا".

 

زۆرترین بینراو
"سوپرایز به‌ڕێوه‌یه‌وه‌و سه‌ری گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ی قاچاخچێتی نه‌وتدا ده‌كه‌ون به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و رۆژئاوای نه‌ینه‌وا"
مامۆستا عه‌لی ره‌ئوف بۆ جاری دوه‌م له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
زەیدی لەگەڵ فەیاز کۆبووەوە؛ هەڵمەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە بەرەو دەروازەکانی باشماخ و زاخۆ فراوان دەکرێت
نەتەنیاهۆ و سوپای ئیسرائیل لەسەر قەبارەی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی تاران ناکۆکن
دوو ڕۆژ لە جرف ئەلسەخر؛ وێنەی ناوچە چۆڵکراوەکە و وردەکاریی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکان
ئاسایشی هه‌ولێر: "نوره‌دین"ی تیكتۆك ده‌ستگیركرا
ئەو 4 کوردە کێن کە لەلیستی "500 موسڵمانە کاریگەرەکەی جیهاندان"؟
مەهەپە: دوو هەزار و 800 زیندانیکراوی پەکەکە بەر یاسای پڕۆسەی ئاشتی دەکەون
پژاك: ئێران بۆردومانی سنوری مه‌ریوانی كردو له‌ سه‌رده‌شت خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆن ئاماده‌ده‌كات
حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاره‌كه‌ی عێراق بۆ داخستنی ته‌له‌گرام جێبه‌جێ ده‌كات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×