ئایا ئەردۆغان سەبارەت بەسوریا کڵاوی کردە سەر پۆتین‌و ئێران؟
  2024-12-07       3416       
ئەردۆغان - رەئیسی - پۆتین

ئا: ئاوێنە

 

گەورە بەرپرسانی ئێران نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بەڕووداوە هەژێنەرو خێراو پێشبینی نەکراوەکانی ئێسای سوریا دەردەبڕن‌و دەڵێن "ئەردۆغان لەکۆبوونەوەی ئاستانەدا قۆڵی ئێمەو پۆتینیشی بڕی‌و بە بەڵێنەکانی ئەو فریوودراین‌و کڵاوی کردە سەرمان".

 

میدیاکانی ئێران لەزاری چەند گەورە بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە باس لەوە دەکەن کە ریشەی ئەو گێژاوەی لەسوریادا تێیکەوتوون، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەم ئێران‌و هەم پوتینیش بە بەڵێنەکانی ئەردۆغان گێل کران کاتێک لەکۆبوونەوەکەی ئاستانەدا ئەردۆغان داوای کرد ئیدلیب لەدەستی ئەو گروپە چەکدارانەی دژبەری بەشار ئەسەددا بمێنێتەوەو تورکیا کۆنترۆڵیان دەکات، بەڵام ئێران‌و روسیاو سوریاش هەڵەیان کرد کە ئەو پێشنیارەی ئەردۆغانیان قبوڵکردو دەبوو هەر ئەوکاتە ئەو زۆنەشیان لەدەستی هەیئەی تەحریری شام‌و گروپە چەکدارەکانی تر دەرهێنایە کە کارێکی ئاسان بوو بۆیان، بەڵام ئەردۆغان قۆڵی بڕین‌و کڵاوی کردە سەریان، تەنانەت دوو مانگ لەمەوبەریش کە جەنگی ئیسرائیل دژ بەحزبوڵای لوبنان گەرم بوو، ئەردۆغان‌و کاربەدەستانی چەند وڵاتێکی عەرەبی بەڵێنی ئەوەیان دابوو بەئێران‌و روسیا، کە هیچ جموجۆڵێک لەلایەن ئەم گروپە چەکدارانەوە دژ بەرژێمی ئەسەد روونادات، بەڵام کاتێک حزبوڵاو بەرەی مقاوەمە کەمێک لاواز بوون، ئەم گروپانە بەپشتیوانی تورکیاو ئەردۆغان دەستیان گرت بەسەر روبەرێکی فراوانی سوریادا.

کاربەدەستانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشهاتەکان ئەوە دەردەخەن هەوڵی تورکیا بۆ هێنانەدی گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلەتیکییە لەسوریا، کە گرنگترینیان بریتییە لە:

یەکەم/ ئامانجی سەرەکی تورکیا بریتییە لەبەهێز کردنی پێکهاتەی تورکومان‌و باڵادەستکردنی لەباکوری سوریادا.

دووەم/ پچڕاندنی ڕێگای پەیوەندی نێوان تاران – بەغدا – دیمەشق – بەیروت‌و تێکشکاندنی بەرەی مقاوەمەیە، کە خواستی ئیسرائیل‌و سعودیەو ئەمریکایە.

سێهەم/ لاواز کردن‌و کۆنترۆڵکردنی کوردە لەسوریا.

کاربەدەستانی ئێران جەغت لەوە دەکەن کە کاریگەریی شەڕەکانی ئەمدواییەی غەزەو لوبنان‌و لاوازبوونی بەرەی مقاوەمە، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی گروپە چەکدارەکان لەسوریا بوێرتر بن‌و بتوانن بەو ئاسانییە بەشێکی فراوان لەخاکی ئەو وڵاتە داگیر بکەن بەپشتیوانی تورکیا. گەربێتوو دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیش بەتەواوی بکەوێت، ئەوا ئەم گروپانە نەک تەنیا دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سوریا، بەڵکو هەڕەشە دەبن بۆ سەر عێراق‌و لەقۆناغی داهاتووشدا بۆ ئێران.

بەرپرسانی ئێران بەردەوامبوونی ڕۆڵی وڵاتەکەیان لەپێشهاتەکانی ناوچەکەدا بەگرنگ دەزانن‌و دەڵێن "لەڕابردوودا بوونی هێزەکانی سوپای پاسداران‌و هێزەکانی هاوپەیمانی وەک حزبوڵای لوبنان‌و فاتمیون‌و زەینبییکان‌و حەشدی شەعبی کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەڕێگریکردن لەڕوخانی بەشار ئەسەدو تێکشکاندنی ئەم گروپە چەکدارانەدا، لەئێستاشدا وا پێویست دەکات سوپای پاسداران‌و حەشدی شەعبی رۆڵی کاریگەریان هەبێت لەبەرەنگاربوونەوەی ئەو گروپە تیرۆریستیانەی سوریادا".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×