ئا: ئاوێنە
رووداوەکانی سوریا زۆر دراماتیکیو خێران، لەدوای حەلەب، چەکدارە ناڕازییەکانی دژ بەئەسەد، دەستیان گرت بەسەر شاری حەماداو ئێستا بەرەو شاری حومس لەپێشڕەویدان، بەمەش رۆژانێکی تاڵو چارەنوسێکی رەشو ناخۆش چاوەڕوانی بەشار ئەسەد دەکات.
کەوتنی حەلەبو حەماو پێشڕەوی بەرەو شاری حومسو داڕمانی توانای بەرگری هێزەکانی ئەسەد لەبەردەم چەکدارانی دەستەی تەحریری شامدا، هەموو کارتە سەربازیو سیاسیەکانی تێکەڵ کردوەو پێدەچێت ئەم رووداوانە لێکەتەی زۆر خراپی بۆ دەسەڵاتی ئەسەد هەبێو سەرەتای کۆتایهاتنی رژێمی بەعس بێت لەسوریادا.
حەما بووە دووەم شار کە لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا کۆنترۆڵیان کرد، دوای ئەوەی حەلەب کە لەباکوری سوریادا هەڵکەوتووە، بۆ یەکەمجار لەدوای سەرهەڵدانی شەڕو پێکدادانەکان لەساڵی ٢٠١١وە بەتەواوی لەژێر دەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد دەرهێندرا.
کەوتنی شاری ستراتیژیی حەما، چەندین ڕەهەندی سەربازیو سیاسی لەخۆدەگرێت، حەما دەکەوێتە ناوەڕاستی سوریاوە، دەستگرتنی دەستەی تەحریری شام بەسەر ئەو شارەدا دەیانگەیەنێتە سەر سنووری شاری حومس، بەمەش گەورەترین مەترسی بۆ سەر دیمەشقی پایتەختو شاری لازقیەو تەرتوسی سەر کەناری دەریای ناوەڕاست دروست دەبێت، کە بەمەڵبەندو پێگەی سەرەکی رژێمی ئەسەد دادەنرێت، ئەمە جگە لەوەی رێگە لەبەردەم چوونە ناو قووڵایی سوریاش بۆ چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەکاتەوەو توانای بەرگری کردن لەدیمەشقو لازقیەو تەرتوس لاوازو دژوار دەکات.
هاوکات بەدەستگرتن بەسەر حەمادا، گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر شاری قورداحەی زێدی بنەماڵەی ئەسەد دروست دەبێت کە تەنها ١٠٠ کیلۆمەتر لەو شارەوە دوورە.
لەڕووی جوگرافییەوە، حەما بەپردی پەیوەندی نێوان پارێزگاکانی سوریا دادەنرێت، چونکە لەناوەڕاستی ڕێگای نێودەوڵەتی M5دایەو خاڵی بەیەکگەیاندنی نێوان ڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاوا، باکورو باشووری ئەو وڵاتەیە.
لەڕووی سەربازییەوە، کۆنترۆڵی حەما لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە، هاندەریان دەبێت بۆ ئەوەی پێشڕەوی بەرەو قوڵایی سوریاو دیمەشقو لازقیە بکەن.
لەڕوی ئابوریشەوە، کاتێک شاڕێیەکی گرنگی نێودەوڵەتی کە باکورو باشوورو رۆژهەڵاتو رۆژئاوای وڵاتەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە دەبڕدرێت، گەورەترین زیان بەئابوری سوریا دەگەیەنێت.
لەڕووی سیاسیشەوە. ئیتر ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی ئەو گروپە چەکدارانە دەکەن کە ئێستا دەشیان سوارە لەنێو هاوکێشەی ئاڵۆزی سوریادا، هەریەکەو هەوڵدەدەن ئەجنداکانی خۆیان بسەپێنن، پڕۆژەی تورکیا بریتییە لەدامەزراندنی پشتێنەیەکی ئەمنی لەسەر سنووری باکوری سوریاو رۆژئاوای کوردستانو لاوازکردنی کورد لەو وڵاتەدا. پڕۆژەی ئیسرائیل بریتییە لەداخستنی سنووری سوریاو لوبنانو راماڵینی نفوزی ئێران لەسوریا، بۆ ئەوەی حزبوڵا بێ پشتو پەنا بمێنێتەوەو هیلالی شیعی تێکبشکێنێت. ئەمریکاش خوازیارە روسیا لەسوریا دەرپەڕێنێو سەرلەنوێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی ئەجنداکانی خۆی رێکبخاتەوە.
لەم ساتەوەختەدا، حومس ویستگەیەکی زۆر گرنگو خاڵی وەرچەرخانە کە چارەنوسی بەشار ئەسەدو رژێمەکەی دیاریدەکات، ئایا دەتوانێت پێشڕەوی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەسنوری ئەم شارەدا رابگرێت یاخود کەوتنی حومس وەک کەوتنی حەلەبو حەما نزیکە؟!
ئەمە روداوێکی چارەنوسسازو مەسەلەی مەرگو ژیانە بۆ ئەسەد.