ئا: ئاوێنە
بهدهگمهن كاندیدێکی سهرۆكایهتی ئهمهریكا دەدۆزرێتەوە بهئهندازهی ترامپ جێی مشتومڕی پارتهكهی خۆیو كۆمهڵگهی ئهمهریكیو ههموو جیهانیش بووبێت، بەشێکی بەرچاو لەخەڵکی ئەمەریکاو جیهانیش پێیانوایە ترامپ سیاسەتمەدارێکی پۆپۆلیستی مەترسیدارە بۆ ئەمەریکاو جیهانو مرۆڤایەتیش، بەشیک لەراستڕەوەکانی ئەمەریکاش پێیانوایە ترامپ دیارییەکەو خودا بۆ ئەمەریکاو جیهانی ناردووە.
٤ خاڵ گرنگە دەربارەی دۆناڵد ترامپ بیزانیت:
١/ دۆناڵد جۆن ترامپ، سەرمایەداری بەناوبانگی ئەمەریکا لە١٤ی مانگی ٦ی ساڵی ١٩٤٦ لهنیویۆرک لەدایکبووەو هەر لەوێش گەورە بووە. ترامپ کاتێک لەقوتابخانە دەستی بەهەڵسوکەوتی خراپ کردووە، لەتەمەنی ١٣ ساڵیدا ڕەوانەی ئەکادیمیایەکی سەربازی کراوە. ساڵی ١٩٦٨ بەکالۆریۆسی لەبواری ئابوری لەزانکۆی پێنسلڤانیا بەدەستهێناوە.
ترامپ لەساڵی ١٩٧٣وە بزنسەکانی باوکی بەڕێوەبردوەو کە خاوەنی زنجیرەیەک ھوتێل، قومارخانە، ڤێلاو بینای ئاسمان روشێن، گازینۆ، یاریگای گۆڵفە، لەنیویۆرکو ئەتڵەنتیک سیتیو شیکاگۆو لاس ڤێگاسەوە بگرە تا دەگات بەهیندستان، تورکیاو فلیپینو زۆربەیان بەناوی ترامپەوەیە، لەناویاندا ترامپ پالاس کە یەکێکە لەباڵەخانە هەرە بەناوبانگەکانی مەنهاتنی نیویۆرک. بهپێی گۆڤاری فۆبرس ئهو یهکێکە له ٤٠٠ ملیاردێرەکەی جیهان. ناوهکهشی وهک براندێکی بازرگانی سهرکهوتو لێیدەڕوانرێت.
ترامپ کە چەندین کتێبی نووسیوەو لەفیلمو نمایشی زۆرانبازیدا دەرکەوتووە، لەساڵانی نێوان ٢٠٠٤ - ٢٠١٥ چەند بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بەناوبانگی پێشبڕکێی شاجوانی جیھانو شایستەترین کچ لە ئەمریکاو کەسایەتی سەرکەوتوو لەکەناڵی تەلەفیزیۆنی NBC پێشکەش دەکرد. لەو کاتەوە ترامپ ببو بەکەسایەتییەکی بەناوبانگ لەنێو میدیاکانی ئەمەریکادا.
ترامپ وهک سهرمایهدارێک تهنها لهبواری موڵکداریو ئاوهدانکردنهوهدا کاری کردوهو ئهوهش یهکێکه لهسهرکهوتنهکانی که لهبواری تری بازرگانی خۆی بهدوورگرتوه. ئهمە جگه لهوهی زۆربهی شارهزایان لهسهر ئهوه کۆکن که کهسایهتی ئهو لهسێ خاڵدا کورت دەبێتەوە: خۆههڵکێشان، شکستهێنان، سهرکهوتنی راستهقینه.
تامپ باس لەوە دەکات کە فرێد ترامپی برای لەتەمەنی 43 ساڵیدا بەهۆی مەیخواردنەوە کۆچی دوایی کرد، ئەمە وایکرد بەوتەی خۆی تا کۆتایی ژیانی خۆی لەخواردنەوە کحولیەکانو جگەرەکێشان بەدوور بگرێت.
ترامپ شەیدای ژنە
٢/ دۆنالد ترامپ، ملیاردێری ناودارو کاندیدای کۆمارییەکان کە خوازیارە جارێکیتر ببێتەوە بەسەرۆکی ئەمەریکا، ژیانێکی عاشقانەی پڕ لەھەورازو نشێوی بەسەربردووەو ژنان بە"بەرازی خرپنو تام خۆش" ناودەباو تۆمەتەکانی هەڵسوکەوتی نادروستی سێکسیو گێچەڵو پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری بەدرێژایی ژیانی سیاسی لەکۆلی نەبوەتەوە.
هاوسەری یەکەمی ئیڤانا زێلینیچکۆڤا بوو، کە وەرزشوانو کچە مۆدێلی چیکی بوو. ئەو دوو هاوسەرە سێ منداڵیان بووە "جونیۆر، ئیڤانکاو ئێریک"، ساڵی ١٩٧٧ ھاوسەرگیرییان کردو لەساڵی ١٩٩٠ جیابوونەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ خانمە ئەکتەر مارلا ماپلس کە ١٧ ساڵ لەخۆی گەنجتر بوو، دوای دوو مانگ لە لەدایکبوونی تاقانە منداڵەکەیان بەناوی تیفانی، هاوسەرگیریان کردو لەساڵی ١٩٩٩ جیابوونەوە.
مێلانیا کناوس، هاوسەری ئێستای ترەمپ، کچە مۆدێلێکی خەڵکی سلۆڤینیایە، لە ساڵی ٢٠٠٥ هاوسەرگیریان کردووەو کوڕێکیان هەیە بە ناوی بارۆن ویلیام ترەمپ کە ئێستا تەمەنی ١٨ ساڵە.
ترامپ بەئەندازەیەک شەیدای ژنە، تەنانەت لەچاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاندووە "ئیڤانکا ئەوەندە جوانو نازدارە، ئەگەر کچم نەبوایە، پەیوەندیم لەگەڵ دروست دەکرد".
سەرباری ئەو ھەمو ژنە جوانەی کە لەساڵانی رابردودا ھاوڕێیەتی دۆنالد ترامپیان کردوە، ئەو لەسێ ھەڵبژاردنی رابردووی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا گرفتێکی گەورەی ھەبووە کە ئەویش ژنانە. لەھەمو راپرسییەکاندا رێژەیەکی زۆری ژنان "ترامپ"یان خۆشناوێو دڵیان پێی ناکرێتەوە. ژنان زۆرینەی دەنگدەرانی ئەمەریکا پێکدەھێننو ئەم بەشە گەورەیەی دەنگدەران دڵیان لەلای "کامالا هاریس"ی رکەبەری ترامپە.
٣/ وێڕای ئهوهی ترامپ کەسایەتییەکی سیاسی نەبوو، مێژویەکی زۆری لەگەڵ پارتی کۆماریدا نەبوو، بەڵام لەمانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٥ ترامپ بەربژارێتی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لەسەر لیستی کۆمارییەکان راگەیاند، بەماوەیەکی کورت بوو بەیەکێک لەکەسە سەرەکییەکانی پارتەکەی.
ئەم بەربژارێتییەی ترامپ سەرنجی زۆری میدیاکانی راکێشا بەتایبەتی شێوازی لێدوانەکانی ترامپ کە بەزمانێکی نوێ قسەی دەکردو هەرگیز سیاسەتمەدارانی پێش ئەو، ئەو جۆرە لێدوانانەیان نەدابوو، زۆربەی جار لەسەر لێدوانەکانی مشتومڕ دروست دەبو.
مشتومڕەکان لەسەر ترامپ وای کرد کە ناکۆکی گەورە بکەوێتە نێو پارتی کۆمارییەوەو تەنانەت چەند ئەندامی باڵای پارتەکە لەکۆنگرەی پارتەکەدا بەشدارییان نەکرد، بەڵام بەهۆی بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی نوێنەرانەوە لەمانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٦و لەکۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکاندا لەویلایهتی ئۆهایۆ، ترامپ بوو بەکاندیدی سەرەکی پارتی کۆماری بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکاو توانی هەڵبژاردن لەهێلاری کلینتۆنی رکەبەریو کاندیدی دیموکراتەکان بباتەوە.
ترامپ دوای تەقە لێکردنی
٤/ ئەمە سێهەم خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە، کە دۆناڵد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکانە، ئەو هەرچەندە لەساڵی ٢٠١٦دا توابی شکست بەسیاسەتمەدارێکی بەئەزمونی وەک هیلاری کلینتۆن بهێنێت، بەڵام سەرۆکایەتییە پڕ لەگێژاوەکەی نەیتوانی زیاتر لەخولێک بخایەنێتو لەساڵی ٢٠٢٠دا لەبەرامبەر جۆ بایدندا شکستی هێنا.
ئێستا لەتەمەنی ٧٨ ساڵیدا، کاندیدی کۆمارییەکان جارێکی دیکە لەهەوڵی گەڕانەوەدایە بۆ سەر مێزی سەرۆکی ئەمریکا لەکۆشکی سپی.
ترامپ لەهەر سێ خولەکەدا بانگەشەی بۆ ئەوە کردووە کە دەیەوێ ئەمەریکا بەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی، شانازی بەسامانو سەرکەوتنی بازرگانییەکەیەوە دەکات، مەکسیکو وڵاتانی ئەمەریکای لاتین تۆمەتبار دەکات بەناردنی ماددە هۆشبەرەکانو تاوانبارانو خەڵکی پاتاڵ بۆ ئەمریکاو بەڵێنی داوە دیوارێک لەسەر سنووری مەکسیک لەگەڵ ئەمریکا دروستبکات.
هاوکات ماوەی سەرۆکایەتی ترامپ قۆناغێکی نادڵنیایی بوو بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لەڕێککەوتنە گەورەکانی ژینگەو بازرگانی کشایەوە. هەروەها گەشتەکانی لەحەوت وڵاتی زۆرینەی موسڵمان قەدەغە کرد، سنووری توند بەڕووی کۆچبەربەراندا داخست، شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین دەستپێکرد، باجەکانی بەڕێژەیەک زۆر کەمکردەوەو پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دووبارە پێناسەکردەوە، رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوەو قاسمی سلێمانی لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا کوژراو بڕیاری دا هێزەکانی ئەمەریکا لەسوریاو رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە.
٤/ ترەمپ چوار ساڵ لەمەوبەر کە بەرامبەر بەجۆ بایدن بەجیاوازی ٧ ملیۆن دەنگ شکستی هێنا، ڕەتیکردەوە ئەنجامەکان قبوڵ بکات، لایەنگرانی خۆی لەواشنتۆن کۆکردەوەو داوای لێکردن رێپێوان بۆ بەردەم کۆنگرێس بکەن. ئەو گردبوونەوەیە بووە هۆی ئاژاوەنانەوەو هێرشکرایە سەر کۆنگرێس، پێدەچوو ژیانی سیاسی ترەمپ کۆتایی هاتبێت. سپۆنسەرەکانی وتیان چیتر پشتگیری ناکەنو تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانیشی بەئاشکرا خۆیان لێ دوورخستەوەو ترامپ لەرێورەسمی دەستبەکاربوونی جێنشینەکەشیدا ئامادە نەبوو.
سەرەڕای ئەوەی ترامپ تاوانبار کرا بەخراپی نیشاندانی کۆمارییەکان، بەڵام جارێکی دیکە ترامپ نیازی خۆی بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ڕاگەیاندو بەخێرایی بوو بەپێشەنگی پارتەکەی. دەیان ڕکابەر کە جێگری سەرۆکی پێشووی سەرۆکیشی تێدابوو، دژی ئەو بوون، بەڵام هەموویان دۆڕان.
لە ١٣ی تەمموزدا، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لەمیانی گردبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لەشاری باتلەر لەویلایەتی پێنسیلڤانیا هەوڵیدا ترەمپ تیرۆر بکات. هەشت تەقەی لەسەربانێکەوە کرد کە ڕووی لەشوێنی وتارەکە بوو، ترامپ گوێی ڕاستی بریندار بوو. گەنجەکە بەدەستی قەناس بەدەستەکانی پاسەوانی ترامپ کوژرا.
ترامپ بەلایەنگرانی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەمەریکا، "گرنگترین ڕۆژی مێژوو"ی وڵاتەکەی دەبێت.