٥ خاڵ دەربارەی "کامالا هاریس"
  2024-11-03       761       
شێوەی پێکەنینی هاریس جێی سەرنجی ئەمەریکییەکانە

ئا: ئاوێنە

 

لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا، کە رۆژی سێشەممە ٥ / ١١، بەڕێوەدەچێت، "کامالا هاریس"ی جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمەریکاو کاندیدی دیموکراتەکان ڕکابەری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاو کاندیدی کۆمارییەکان "دۆناڵد ترامپ" دەکات، ئەگەر هاریس سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ژن لەمێژووی ئەمریکادا.

 

٥ خاڵ پێویستە لەسەر کامالا هاریس بیزانیت:

 

١/ کامالا هاریس لەساڵی ١٩٦٤ لەئۆکلاند لەویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە. دایکی شیامالا گۆپالان، کۆچبەرێکی هیندۆسی بووەو وەک توێژەری شێرپەنجەی مەمک کاری کردووە. شیامالا لەساڵی ١٩٥٨دا هیندستانی بەجێهێشت بۆ ئەوەی دکتۆرا لەبواری شێرپەنجە لەئەمریکا بخوێنێت. لەکاتی بەشداریکردن لەبزووتنەوەیەکی مافە مەدەنییەکان لەشاری بێرکلی، باوکی کامالای ناسی‌و عاشقی بوو. بڕیاری دا هاوسەرگیریی لەگەڵ بکاو لەئەمەریکا بمێنێتەوە. شیامالا لەتەمەنی ٢٥ ساڵیدا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا لەساڵی ١٩٦٤دا، هەمان ئەو ساڵەی کە کامالا  هاریسی تیا لەدایک بوو.

باوکی کامالا، "دۆناڵد  هاریس" لەجامایکاوە هاتۆتە ئەمریکاو لەزانکۆی ستانفۆرد وەک مامۆستای ئابوری وانەی وتوەتەوە. ئەم پێگە زانستی‌و ئەکادیمییەی دایک‌و باوکی ڕۆڵێکی گرنگیان لەپەروەردەکردنی هاریسدا بینیوەو وەک چالاکوانانی بزوتنەوەی مافە مەدەنییەکان، بەهاکانی دادپەروەری‌و پشتیوانی لەمافە کۆمەڵایەتییەکانیان لەهزری ئەودا چاندووە.

لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، هاریس زۆرجار باسی لەوە کردووە کە چۆن دایک‌و باوکی بەبنەماکانی مافی مرۆڤ‌و چالاکییە مەدەنییەکان پەروەردەیان کردووەو هەمیشە کاریگەریی ئەوانی لەسەر بووە.

هاریس تەمەنی ٧ ساڵ دەبێت کە دایک‌و باوکی لەیەک جیا دەبنەوەو ئەرکی بەخێوکردنی ئەم‌و مایای خوشکی دەکەوێتە ئەستۆی دایکی، ئەو لەگێڕانەوەی ژیاننامەی خۆیدا دەڵێت "دایکم باش ئاگاداری ئەوە بوو کە دوو کچە ڕەشپێست پەروەردە دەکات، بڕیاریدابوو ئێمە دەبێت ببینە دوو ژنی ئازا کە متمانەمان بەخۆمان بێت".

بەسەربردنی ژیانی منداڵی‌و گەنجێتی لەگەڵ دایکی وایکردووە هاریس زیاتر بکەوێتە ژێر کاریگەریی کلتوری هندییەوەو تەنانەت ناوەکەشی "کاما – لا" لەبنەڕەتدا ناوێکی هندییەو بەمانای گوڵی "نیلوفەر" دێت، کە رەگی لەژێر ئاودا دادەکوتێ‌و گەشە دەکات، بەڵام گوڵەکانی لەسەر ڕووی ئاوەکە دەردەکەون. هەروەها "کامالا"، یەکێکە لەناوەکانی لاکشمی کە خوداوەندی بەختەوەری هیندۆسەکانە، هاریس ئەم ناوەی لەلایەن دایکیەوە وەک هێمای هێزی مێینە پێبەخشراوە.

هاریس لەگەڵ دایک‌و خوشکەکەی

٢/ هاریس خوێندنی ئامادەیی لەشاری کیوبیکی کەنەدا تەواو کردو خەونی ئەوە بوو ببێتە پارێزەرو خزمەت بەکۆمەڵگا بکات. دوای گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا پەیوەندی بەزانکۆی هاواردەوە کرد لەواشنتۆن، کە یەکێکە لەناوەندە دیارەکانی پەروەردە بۆ ئەمریکییە رەشپێستەکان‌و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەزانستە سیاسییەکان‌و ئابووری بەدەستهێنا. هاوارد ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەداڕشتنی تێگەیشتنی ئەو دەربارەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی‌و مافە مەدەنیەکان‌و پرسە مێژووییەکانی کۆمەڵگەی ڕەشپێستەکان. پاشان گەڕایەوە بۆ کالیفۆرنیاو لەساڵی ١٩٨٩، دکتۆرای لەبواری یاسا لەزانکۆی کالیفۆرنیا بەدەستهێناو دەستیکرد بەچالاکی لەبواری یاساو سیاسەتدا. لەساڵی ٢٠١٠ بووە یەکەم ژنە ڕەنگاوڕەنگ‌و یەکەم ژنە بەرەگەز ئاسیایی کە لەکالیفۆرنیا پۆستی داواکاری گشتی بەدەستبهێنیت. کامالا کە داواکاری گشتی بوو، شەڕی بانکە گەورەکانی دەکرد لەپێناو دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ خەڵکی هەژارو، یارمەتی خەڵکی کەمدەرامەتی دەداو ژنان‌و منداڵانی لە دەستدرێژیی‌و تاوانی سێکسی دەپاراست.

 

٣/ ساڵی ٢٠١٦، هاریس بووە دووەم ژنە ڕەنگاوڕەنگ کە لەکالیفۆرنیا وەک سیناتۆر بۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا. لەساڵانی سیناتۆریدا هاریس سەر بەباڵی میانڕەوی پارتی دیموکرات بوو، هاریس لە هەڵوێستە سیاسییەکانیدا زیاتر لەبایدن لیبڕالتر بووەو ماڵپەڕی GovTrack (کە چاودێری و شیکاری چالاکیی یاسایی ئەندامانی کۆنگرێس دەکات) بەیەکێک لەلیبڕاڵترین سیناتۆرەکانی ئەمریکا ناوی برد.

هاریس باسی لەپرسە کۆمەڵایەتی‌و ئابورییە گرنگەکان‌‌و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکردو پشتگیری لەدابینکردنی بیمەی تەندروستی‌و هێنانەکایەی یاسایەک بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانە دەکرد کە ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچوونی نیشتەجێبوون ببوونەوە. هەڵوێستی ئەو دژی سزای لەسێدارەدان، یەکێک بوو لە بەڵێنە سەرەکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی. ئەو پێیوایە کە گرنگیدان بەچاکسازی‌و خۆپاراستن لەزۆر ڕووەوە کاریگەرتر دەبێت لەجێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.

بۆیە لەلایەن ترامپی رکەبەرییەوە کراوەتە ئامانجی پاگەندەو دەڵێت "هاریس هەواداری سۆشیالیزم‌و کۆمۆنیزم"ە. بۆ ئەوەی دەنگدەرانی ئەمەریکای لاتینی لەپشتیوانی هاریس دوور بخاتەووە کە زیاتر لە ١٤٪ی دەنگدەرانی ئەمەریکا پێکدەهێنن‌و لەتاو رژێمە چەپەکان لەوڵاتانی خۆیان هەڵاتون‌و روویان لەئەمەریکا کردووە.

هاریس بەدرێژایی ژیانی پیشەیی خۆی سەرنجی لەسەر پرسە سەرەکییەکانی وەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی، چاکسازیی دادپەروەری، مافەکانی ژنان‌و کەمینەکان‌و چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا بووە. چەندین کتێبیشی نووسیوە کە هەریەکەیان نوێنەرایەتی فەلسەفەو تێڕوانینەکانی دەکات سەبارەت بە دادپەروەری و کۆمەڵگا. ئەم بەرهەمانە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی ئەون بەپشتیوانی لەقوربانییەکان‌و بەرەو پێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

 

٤/ هاریس بۆ یەکەمجار لەساڵی ٢٠١٩دا کاندیدبوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا پێشکەش کرد، بەڵام دواتر بەخواستی خۆی دەستی لەکاندیدکردن کێشایەوە لەبەرژەوەندی جۆ بایدن‌و بایدنیش ئەوی وەک جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەستینیشانیکرد. لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢١دا کامالا هاریس، بووە یەکەم ژن لەمێژووی ئەمەریکادا کە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەربگرێت.

لەساڵانی رابردوودا وەک سیناتۆرو جێگری سەرۆکی ئەمەریکا چەند هەڵوێستێکی ئەو سەبارەت بەم ناوچەیە جێی سەرنج بوون.

 ئەو ڕۆڵێکی کارای هه بوو لەسنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سعودییە دژ بەحوسییەکانی یەمەن‌و سنووردارکردنی فرۆشتنی چەکیش بەسعودیە بەهۆی کوشتنی جەمال خاشقچییەوە لەکونسوڵخانەی سعودیە لەئەستەنبوڵ.

هەروەها هاریس پشتیوانی لەبەجینۆساید ناساندنی کوشتاری ئەرمەنییەکان کرد لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە.

هاریس پشتگیری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران‌ کرد بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.

هەروەها ڕەخنەی لەکوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران لەعێراق گرت، بەوپێیەی دەبێتە مایەی مەترسی زیاتر لەسەر ژیانی ئەمریکییەکان.

لە دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە؛اتی کوشتنی ژینا ئەمینی، هاریس لەبەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆی بۆ "ژنە ئازاکانی ئێران" راگەیاند.

هاریس‌و هاوسەرەکەی

٥/ کامالا هاریس، وەک یەکەم ژن کە سپی پێست نییە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کردووەو دووەم ژنیشە لەمێژووی ئەمەریکادا کە بەم شێوەیە نزیک دەبێتەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی.

بەپێی هەواڵێکی فۆربێس، کامالا هاریس‌و هاوسەرە جووە پارێزەرەکەی "دۆگلاس ئیمهۆف"، خاوەنی ٨ ملیۆن دۆلارن، سامانی هاریس لەڕێگەی کارو پیشەی خۆی‌و هاوسەرەکەی لەخزمەتگوزاری گشتی‌و پارێزەریی بەدیهاتووە. ئەو سەروەت‌و سامانانەی کە خاوەندارێتی دەکەن بریتین لەخانوویەکی چەند ملیۆن دۆلاری لەلۆس ئەنجلۆس.

فۆربس دەڵێت "ئەگەر هاریس بتوانێت لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا ساڵانە ٢٣٥-٤٠٠ هەزار دۆلار وەردەگرێت‌و بەپێی هاوکارییە جۆراوجۆرەکان، ڕەنگە لەداهاتوودا سامانەکەی زیاد بکات".

ئێستا هاریس لەیەکێک لەقۆناغە هەستیارەکانی ژیانی سیاسیدایەو ئەگەر سەرکەوێت دەبێتە یەکەم سەرۆک لەدوای "ئەندرۆ جاکسۆن" لەساڵی ١٨٢٩ کە دایک‌و باوکی هەردووکیان کۆچبەر بوون.

ئەم هەڵبژاردنە نەک هەر ئایندەی سیاسی‌و دارایی‌ هاریس دیاریدەکات، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگ لەئاڕاستەی سیاسەت‌و کۆمەڵگەی ئەمریکا بۆ ساڵانی داهاتوو دەگێڕێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×