وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ریگەیاند، لەسەر لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، هاوڵاتی ئێرانی-ئەڵمانی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سەرجەم كونسوڵخانەی ئێرانیان لە ئەڵمانیا داخستن.
ئاوێنە: ئانالینا بایربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئێمە بەردەوام و بەشێوەیەكی راشكانەوانە ئەوەمان بۆ تاران رونكردۆتەوە كە لەسێدارەدانی ئەو هاوڵاتییە ئەڵمانیە، لێكەوتەی جددی بەدوادادێت.
ئێران جگە لە باڵیۆزخانەكەی لە بەرلین، سێ كونسوڵخانەی لە ئەڵمانیا هەن كە لە میونشن و فرانكفۆرت و هامبۆرگن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی سەرجەم كونسوڵخانەكانی ئێرانیان داخستون بەڵام رێگە دەدەن باڵیۆزخانەی ئێران لە بەرلین بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی خۆی.
رۆژی دوشەممە 28/10/2024، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە سێدارەدانی جەمشید شارمەهد، هاوڵاتی ئێرانی-ئەڵمانی راگەیاندو وتی، جەمشید بە تۆمەتی ئەنجامدانی "كردەوەی تیرۆریستی"، بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە 27/10/2024 لەسێدارە دراوە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران "جەمشید شارمەهد"ی بە "سەركردەی گروپی بەناو ئەنجومەنی پاشایەتی ناسراو بە توندەر" ناوبردوەو رایگەیاندوە، ئەو گروپە دەستی هەبوە لە "تەقینەوە تیرۆریستی"یەكەی ساڵی 2008ی یەكێك لە حسێنییەكانی شاری شیرازدا.
خانەوادەی شارمەهد ئەو تۆمەتانەی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان رەتكردبوەوەو رایانگەیاندبو كە ئەو تەنیا وتەبێژی گروپی "توندەر" بوەو چالاكییەكانی هیچ پەیوەندییەكیان بە كردەوەكانی نێوخۆی ئێرانەوە نەبوە.
جەمشید شارمەهد لە هاوینی 2020، لەلایەن كارمەندانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە لە دوبەی رفێندراو گەڕێندرایەوە بۆ ئێران.
ئێران ئەنجومەنی پاشایەتی بە "گروپێكی تیرۆریستی" ناودەبات كە باڵێكی سەربازیی بە ناوی "توندەر" هەیە. گروپەكە "روخاندنی كۆماری ئیسلامی" ئێرانی بە ئامانجی خۆی داناوە.
ئەڵمانیا لەدوای لەسێدارەدانی جەمشید، باڵیۆزی خۆی لە تاران بۆ ئەڵمانیا بانگكردەوەو هەروەها هەڵسوڕێنەری كارورباری باڵیۆزخانەی ئێران لە بەرلین بانگهێشت كرد.
دو ساڵ لەمەوبەر و لەدوای دەرچونی سزای لەسێدارەدان بۆ جەمشید، ئەڵمانیا دو دیپلۆماتكاری ئێران لە بەرلین دەركرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كاردانەوەیدا بەرامبەر داخستنی كونسوڵخانەكانی لە ئەڵمانیا، هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیای لە تاران بانگهێشت كرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داخستنی كونسوڵخانەكانی وڵاتەكەی لە ئەڵمانیا، بە "بێبەشكردنی مەبەستدار"ی ئیرانییەكان لە خزمەتگوزارییە كونسوڵییەكان ناوبردوەو وتوشیەتی، بڕیارەكە دەبێتە مایەی دروستكردنی ئەركی ناپێویست لەسەر هاوڵاتیانی ئێرانی نیشتەجێی ئەڵمانیا.