هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەریەکەو کۆمەڵێ چەکداریان بۆ خۆیان ڕێکخستوەو چەندین ناویان لێناون
ئا: هاوژین شکور
پێشمەرگە، کە مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە لەناو میللەتی کورددا، ساڵانێکە هەوڵدەدرێت لەهێزێکی حزبییەوە بەتەواوی بکرێت بەهێزێکی نیشتیمانیو پڕچەک بکرێت، کە هەردوو پڕۆسەکە رووبەڕووی گرفت بوەتەوە لەئاستی کوردستانو عێراقیشدا، لەکاتێکدا یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لەناوخۆی کوردستاندا رووبەڕووی ئاستەنگ بوەتەوە، پڕچەککردنی پێشمەرگە بەتوپهاوێژ لەلایەن هاوپەیمانانەوە، ناڕەزایی زۆرێک لەسیاسەتمەدارو پەرلەمانتارانی عێراقی لێکەوتوەتەوەو بە"مەترسی" ناودەبەن، تەنانەت لەوەش ناڕازین کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا شایستەی دارایی راستەوخۆ پێشکەش بەهێزی پێشمەرگە بکات.
"پێشمەرگە مەترسی نییە بۆ عێراق"
لیوا عوسمان محەمەد، بەرێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنو هۆشیاری نیشتیمانی لەوەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات ئەو شایستە داراییانەی پێشکەش بەهێزەکانی پێشمەرگە دەکرێن لەچوارچێوەی ڕێککەوتنامەیەکی هاوبەشە یان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانو وەزارەتی بەرگریو حکومەتی ئەمریکادا، ئەو بەئاوینەی وت "لەم چوارچێوەیەدا هێزەکانی ئەمریکا لەدوای ڕەزامەندی دەربڕینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی چاکسازیو دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە دەستیانکرد بەهاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە" .
وتیشی "بۆ پڕچەککردن بێگومان هەرجۆرە چەکو هاوکارییەک بێت بۆ هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ وەردەگرێت، ئەم بابەتەش کە بەمدواییە هەندێک لەهێزە عێراقیەکانو کەسایەتیە عێراقیەکانو میدیاکاران وروژاندیان، لەقەبارەی راستەقینەی خۆی گەورەتریان کرد، ئەگەرنا ئەم جۆرە چەکە پێشتر دابینکرابوو، ماوەیەکی زۆریش بوو لەبەندەرەکانی باشووری عێراق مابووەوەو دواتر ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی بۆ وەرگیراو ڕادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرا".
بەپێی لێدوانی لیوا عوسمان، ژمارەی تۆپهاوێژەکان کەمنو جۆری چەکەکەش ئەو جۆرە پێشکەوتووە نیە کە مەترسی هەبێت لەسەر ئاسایشی عێراق، بەڵکو ئەمە ئەو چەکەیە دەبێ بەدەستی هێزی پیادەوە بێت، ئەو وتی "سەرباری ئەوەش، پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق لەئاستێکی زۆر باشدایە".
بەڵام عەمید دیدەوان خورشید، بەرپرسی روشنبیریو راگەیاندنی زێڕەڤانی رایەکی پێچەوانەی هەیەو پێیوایە لەچەند سالی پێشووداو لەگەرمەی شەری داعشیشدا حکومەتی عێراق رێگر بووە لەپێدانی چەکو تەقەمەنی بەهێزی پێشمەرگە، ئەو بەئاوێنەی وت "لەکاتێکدا پێشمەرگە هێزی سەرەکی تێکشکاندنی داعش بوو، بەڵام عێراق بەردەوام رێگر بو لەپێدانی چەک بەپێشمەرگەو هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو بودجەی هەرێمی راگرت لەکاتیكدا لەجەنگێکی سەختدا بووین بەرامبەر بەتیرۆریستانی داعش".
وتیشی "لەبنەڕەتدا ئەوانەی لەعێراقدا دژی پێشمەرگەن، دژی کوردو پاراستنی ئاسایشی کوردستانن، دژایەتی کردنی کوردو کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە، مێژویەکی قوڵی هەیەو دیاردەیەکی نوێ نیە، بەمەرجێک کورد خاکی هیچ گەلێکی داگیر نەکردووەو چەکی پێشمەرگەش هەڕەشە نیە بۆ سەر هیچ دەوڵەتێک بەتایبەت عێراق، بەلکو ئەو دژایەتیە لەڕوانگەی فکری شوڤێنیوەیەو دەیانەوێت کورد لاواز بێت".
هاوکات لیوا محەمەد سابیر لەوەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لەسیاسەتمەدارانو پەرلەمانتارانی عێراق بەشیعەو سونەوە نیگەرانن لەسەر ئەوەی کەهێزی پێشمەرگە خاوەنی چەک بێتو بتوانێت بەرگریکار بێت لەخاکو نیشتیمانی خۆی بۆیە هەوڵدەەدەن هەمووکات ئەوهێزە بچووک بکەنەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێستا ناوچەی پێشمەرگە ناوچەیەکی فراوانەو بەوڵاتانی دەوروبەر دەورە دراوە، پێویستەحکومەتی عێراق هەوڵبدات هێزی پێشمەرگە پڕچەک بکات بەهەموو جۆرە چەکێک نەک نیگەران بێت لەوەی چەند تۆپهاوێژێکی پێدراوەو بەمەترسی بزانن".
وتیشی "ئەوان لەوە دەترسێن پێشمەرگە پڕچەک کرێت یاخود هاوکاری بکرێت لەلایەن هاوپەیمانانەوە، نەتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ، بەڵام ئەو هاوکارییەش نەبێت ناتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێت، لەبەرئەوەی پێشمەرگە هێزی لەپێژینەی داکۆکیکردنە لەکورد".
هێزی پێشمەرگە یەکنەخرێت کێشەیە
یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە یەکێکە لەخواستە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام وا بیست ساڵە هەموو ئەو هەوڵانەی لەو بوارەدا دراون بەئەنجام نەگەیشتوونو دەربارەی هۆکارەکانیشی مشتومڕێکی بەردەوام لەنێوانی پارتیو یەکێتیدا لەئارادایە، کە خاوەنی زۆرترین ژمارەی هێزی پێشمەرگەن، هەریەکەو ئۆباڵی یەکنەخستنەکە دەخەنە ئەستۆی یەکتر.
لیواعوسمان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی ڕاگەیاندنو هۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی هاوپەیمانان لەئێستادا ڕاوێژ لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دەکەنو دەیانەوێ پرۆسەی چاکسازی کە لەوەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکراوە بەبێ گرفت بەردەوام بێت، ئەو بەئاوێنەی وت "هاوپەیماانان هانی هەموو لایەک دەدەن لەچوارچێوەی پلانی بەرنامە بۆ داڕێژراو کارەکان ڕایی بکەن، بێگومان لەئێستادا پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت".
هەروەها عەمید دیدەوان خورشید، بەرپرسی روشنبیریو راگەیاندن لەهێزی زێڕەڤانی باس لەوە دەکات هاوپەیمانان ڕژدن لەسەر ئەوەی هەرێم سوپایەکی یەکگرتوی هەبێت، نەک سوپای چەکداری حیزبەکان، ئەو بەئاوێنەی وت "هاوپەیمانان بەردەوام جەخت لە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە دەکەنەوەو کاری لەسەر دەکەن. بەڵام جێگای داخە کە لایەنێک بەرژەوەندی حزبی لا گەورەترە لەبەرژەوەندی گشتی هەرێمی كوردستان".
هاوکات لیوا محمد سابیر لەوەزارەتی پێشمەرگە، باس لەوە دەکات کە هاوپەیمانان چەند جارێ جەختیان کردۆتەوە لەسەر هەرێمو بەتایبەت لەسەر هەردوو حزبی دەسەڵات بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەنو ببێت بەیەک هێز، ئەو وتی "بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکراوە، هاوپەیمانان بەردەوام لەگەڵ ئەوەدان هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەن وەکو هێزێکی (نیزامی، حکومی، یاسایی) لەژێر سایەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، هێزی هەموو نەتەوەیی گەلی کورد بێت، هێزێکی پیشەییو نیشتیمانیو کوردستانی بێت نەک هێزی ئەم حزبو ئەو حزب بێت، چونکە ئەگەر بوو بەهێزی حزب، مانای وایە ئەبێتەهێزی میلیشیا، لەبەرئەوە ئەمجارە حەق وایە کابینەی دەیەم هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکخاتەوە تا هاوپەیمانان پشتمان تێنەکەن".
وتیشی "بەداخەوە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەریەکەو کۆمەڵێ چەکداریان بۆ خۆیان ڕێکخستوەو چەندین ناویان لێناون، وەک یەکەی ٨٠و یەکەی ٧٠و دژەتیرۆرو هێزی تایبەتو بەم شێوەیە دروستیان کردووە ئەمانە دەبێت یەکبخرێن لەژێر سایەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەک یاسا، یەک ڕێکخستن، یەک بڕیار لەزاخۆ تا خانەقین بیانگرێتەوە، هەموو هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ هێزێکی حکومیدا بکەن، نەک هێزێکی حزبی".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.