ئەمینداری گشتی نوێی حزبوڵا: بەمەرج ئامادەی ئاگربەستین لەگەڵ ئیسرائیل
  2024-10-30       407       

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتی نوێی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، حزبەكەیان ئامادەیە ئاگربەستە لەگەڵ ئیسرائیل بەڵام بە مەرج. دەشڵێت، ئێمە وەك بریكاری هیچ لایەك شەڕ ناكەین، ئێران پشتیوانیمان دەكات بەڵام هیچی لێمان ناوێت.

ئاوێنە: نەعیم قاسم، لەیەكەم وتەیدا دوای ئەوەی دوێنێ وەك ئەمینداری گشتی نوێی حزبوڵای لوبنان دەستبەكاربو، رایگەیاند، بەرنامەكەی بریتییە لە درێژەدان بە رێبازی حەسەن نەسروڵاو بەردەوامیدان بە شەڕی دژبە ئیسرائیل و هاوكاریكردنی غەززە.

نەعیم قاسم وتیشی، ئیسرائیل رایگەیاندوە كە هێرشەكانی سنوردار كردون بەڵام ئەوان دەیانویست تا روباری "لیتانی" بێن.

ئەمینداری گشتی حزبوڵا، وتیشی، حزبوڵا ئامادەیە بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگەر ئیسرائیل بڕیار بدات كە دەیەوێت هێرشەكانی رابگرێت بەڵام بە كۆمەڵێك مەرج كە خۆمان بە گونجاویان دەزانین.

وتیشی، نابیت حزبوڵا لەبەر پشتیوانیكردنی غەززە سەركۆنە بكرێت و جەختیشی كردەوە كە ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر غەززەو لوبنان "پێویستی بە هیچ پاساوێك نەبو."

ئەمینداری گشتی نوێی حزبوڵا، جەختیشی كردەوە كە ئەوان "وەك بریكاری هیچ كەسێك شەڕ ناكەن" و وتیشی"ئێران پشتیوانی لە ئێمە دەكات بەڵام هیچ لێمان ناوێت."

وتیشی"ئێمە لەسەر خاكی خۆمان شەڕ دەكەین، هیچ كەسێك هیچ شتێكی لێ داوا نەكردوین و ئێمەی پابەندنەكردوە بە هیچ شتێكەوە."

بەڵام لەگەڵ ئەمینداری گشتیی نوێی حزبوڵا، وەك "فەرماندەو رێبەری بەرەی مقاوەمە" ناوی قاسم سولەیمانی هێنا.

هەروەها وتیشی"ئێمە چەندین جار وتمان كە شەڕمان ناوێت" و "حەسەن نەسروڵا-ش شەڕی نەدەویست، بەڵام كە شەڕ بكرێت، بەوپەڕی تواناوە لەسەر پێ دەوەستین." ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە تەنیا شەڕی ئیسرائیل نییە لەدژی لوبنان و غەززە بەڵكو ئەمریكاو یەكێتی ئەورپاش بەشدارن لەشەڕەكەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×