دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، ئەو هاوڵاتییە ئەڵمانی-ئێرانییەی راگەیاند كە سەركردەیەكی گروپی ئەنجومەنی پاشایەتی ئۆپۆزسیۆن بو و لە ساڵی 2020 لە دوبەی رفێندراو گەڕێندرایەوە ئێران.
ئاوێنە: دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، لە سێدارەدانی جەمشید شارمەهد-ی راگەیاندو وتی، جەمشید بە تۆمەتی ئەنجامدانی "كردەوەی تیرۆریستی"، بەرەبەیانی دوێنێ یەكشەممە لەسێدارە دراوە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران "جەمشید شارمەهد"ی بە "سەركردەی گروپی بەناو ئەنجومەنی پاشایەتی ناسراو بە توندەر" ناوبردوەو رایگەیاندوە، ئەو گروپە دەستی هەبوە لە "تەقینەوە تیرۆریستی"یەكەی ساڵی 2008ی یەكێك لە حسێنییەكانی شاری شیرازدا.
خانەوادەی شارمەهد ئەو تۆمەتانەی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان رەتكردبوەوەو رایانگەیاندبو كە ئەو تەنیا وتەبێژی گروپی "توندەر" بوەو چالاكییەكانی هیچ پەیوەندییەكیان بە كردەوەكانی نێوخۆی ئێرانەوە نەبوە.
شارمەهد، لەدوای "فرود فولادوەند"، دوەم ئەندامی گروپی "ئەنجومەنی پاشایەتی" بو كە لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە لە دەرەوە رفێندراو هێنرایەوە بۆ ئێران.
جەمشید شارمەهد لە هاوینی 2020، لەلایەن كارمەندانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە لە دوبەی رفێندراو گەڕێندرایەوە بۆ ئێران.
ئێران ئەنجومەنی پاشایەتی بە "گروپێكی تیرۆریستی" ناودەبات كە باڵێكی سەربازیی بە ناوی "توندەر" هەیە. گروپەكە "روخاندنی كۆماری ئیسلامی" ئێرانی بە ئامانجی خۆی داناوە.