پزیشكیان: وەڵامی گونجاوی هێرشەكەی ئیسرائیل دەدەینەوە
  2024-10-27       231       

مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەكەی رۆژی شەممەی ئیسرائیل بداتەوەو دەشڵێت، ئێمە وەڵامێكی گونجاومان بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل دەبێت.

ئاوێنە: مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆبونەوەی كابینەی حكومەتەكەیدا، ئاماژەی بە هێرشەكەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەی داو وتی، كۆماری ئیسلامی ئێران لە 45 ساڵی رابردودا نیشانی داوە كە هیچ كات لەبەرامبەر هیچ دەستدرێژیكارێكدا، بێدەنگ نابێت.

پزیشكیان جەختی لە مافی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئەم دواییەی ئیسرائیل كردەوەو وتی"ئێمە خوازیاری جەنگ نین، بەڵام بەرگری لە مافی میللەت و وڵاتی خۆمان دەكەین، ئێمە وەڵامێكی گونجاوی هێرشەكەی رژێمی زایۆنی دەدەینەوە."

بەقسەی سەرۆك كۆماری ئێران "ئەمریكا، ئیسرائیل هان دەدات بۆ نانەوەی كارەسات. ئەوان بەڵێنیان دابو كە لەبەرامبەر دان بەخۆدا گرتنی ئێمەدا كۆتایی بە شەڕ بهێنن، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردە سەر."

بەپێی دوایین ئامار كە لەلایەن میدیاكانی ئێرانەوە بڵاوكراوەتەوە، لە هێرشەكەی بەرەبەیانی دوێنێی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران، پێنج كەس كوژراون كە چواریان ئەندامی هێزەكانی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×