عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەژمارێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە زمانی عیبری بۆ ئیسرائیلییەكان دروستدەكات و یەكەم پەیامیشی تێدا بڵاوكردەوە.
ئاوێنه: دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس ئەكاونتێكی بە زمانی عیبری داناو لە یەكەم پەیامیدا بە زمانی عیبری نووسی، "بە ناوی خودای میهرەبان".
رێبەری باڵای ئێران خاوەنی كۆمەڵێك ئەكاونتی فەرمییە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە زمانە جیاوازەکان بڵاوکراوەی هەیە لەوانەش فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و پێشتریش بە زمانی عیبری تویتێكی كردبوو و تێیدا پەیامێکی ئاراستەی ئیسرائیل كردبوو.
پەیامەکەی عەلی خامنەیی لە میانەی ئەنجامدانی هێرشەکەی ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران کە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشە بەردەوامەکانی رژێمی ئێرانە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، هەر بۆیە بەرەبەیانی دوێنی 26 تشرینی یەکەم ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی وردی کردە سەر هەندێک ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران و بەهۆی هێرشەکەشەوە کوژرانی دوو سەربازی سوپای پاسداران یەکلابووەتەوە.