محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران ڕایدەگەیەنێت كه مافی وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشهكانی ئیسرائیل هەیە. سەرۆکایەتیی ئەرکانی ئهو وڵاتهش دهڵێت، ئیسرائیل ئاسمانی عێراقی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان بەکارهێناوە.
ئاوێنه: ئهمرۆ شەممە محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی رایگهیاند، "ئیسرائیل مووشەکی دوورمەودای بەکارهێناوە و مافی وەڵامدانەوەمان هەیە".
وتیشی، ئیسرائیل کایەی ئاسمانی سوپای ئەمەریکای لەعێراق بەکارهێناوە، بەهێرشەکانیشی ئیسرائیل تەنها زیانی بەسیستەمی ڕادار گەیاندووە.
دەشڵێت، "ئیسرائیل لەئاسمانی عێراق و بەدوری 100 کیلۆمەتر لەسنورەکانمان موشەکەکانی هاوێشتووە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل بەزیاتر لە 100 فڕۆکەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیکردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بو کە بەموشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشیکردە سەر ئیسرائیل.
هاوكات سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، "ئیسرائیل سودی لەدەسەڵاتی ئەمریکا لەئاسمانی عێراق وەرگرتووەو فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەئاسمانی ئەو وڵاتەوە هێرشیانکردووە."
سەرۆکایەتیی ئەرکانی ئێران دەڵێت، رێگرییان لەفڕۆکەکانی ئیسرائیل کردووە ئاسمانی ئەو وڵاتە ببەزێنن. پەیامێکیشی بۆ ئەمریکا ناردو داوا دەکات "کۆنترۆڵی هەڵسوکەوتە نایاساییەکانی ئیسرائیل بکات." هاوکات داوا لەهاوڵاتیانی ئێران دەکات لەپێگە فەرمییەکانەوە بەدواداچون بۆ هەواڵەکان بکەن.