وەزارەتی دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، ئیدانەی ئەو هێرشە سەربازییە دەكەن كە كراوەتە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران و داواش لە هەمو لایەك دەكەن دان بەخۆیاندا بگرن و گرژییەكان كەم بكەنەوە.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سعودیە ئیدانەو سەركۆنەی ئەو هێرشە سەربازییە دەكات كە كراوەتە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران كە پێشێلكردنی سەروەریی ئێران و پێچەوانەی یاساو نەریتە نێودەوڵەتییەكانە.
وەزارەتەكە جەختیشی كردۆتەوە كە سعودیە جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەكاتەوە بۆ رەتكردنەوەی بەردەوامی گرژییەكان لە ناوچەكەو فراوانكردنی روبەری شەڕ كە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان و گەلانی ناوچەكە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە وتوشیەتی، هانی سەرجەم لایەنەكان دەدەین كە بەتەواوەتی دان بەخۆیاندا بگرن و گرژییەكان كەم بكەنەوە و هۆشداریش دەدەین لە سەرئەنجامی بەردەوامی شەڕ لە ناوچەكە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە كاریگەرەكان كردوە بە رۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵسن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و كۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەكە.