میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل، ئێرانی لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئاگادار کردبوەوە و هۆشداریشی پێدابو کە وەڵام نەداتەوە.
ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ئێران. پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی رایگەیاند، پێش هێرشەکە "ئیسرائیل پەیامی ناردبو، ئێرانی ئاگادار کردۆتەوە کە هێرش دەکات و داواشی كردوە کە ئێران وەڵامی هێرشەكە نەداوەتەوە لەپێناو تەشەنە نەكردنی زیاتری شەڕ.
بەپێی میدیا ئەمریكییەكە ئیسرائیل راستەوخۆ بە ئێرانی نەوتوە هێرش دەکاتە سەری، "بەڵام لە رێگەی چەند لایەنێکی دیکە، لەوانەش کاسپەر ڤێڵدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداوە پەیامی بە ئێران دابو کە چاوەڕوانی هێرش بێت."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، "ئیسرائیل بە رونی بە ئێرانییەکانی وتبو کە هێرشێکی گشتی دەکاتە سەر ئێران."
بەرەبەیانی 26-10-2024 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و هەر زو دانیێڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "فڕۆکەکانمان خەریکن چەند هێرشێکی ورد دەکەنە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران."
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکە کرایە سەر چەند پێگەیەکی سەربازی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی.
پێش ئەو هێرشە، ئێران دوو جار راستەوخۆ هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل. جاری یەکەم لە 14ی نیسانی ئەم ساڵ و جاری دووەمیش لە 1ی تشرینی یەکەم.
بەپێی میدیای ئەمریكی کە پشتی بە سێ سەرچاوەی ناونەهێندراو بەستوە، ئیسرائیل بە ئێرانی وتووە، "ئەگەر وەڵام بدەیتەوە، هێرشی بەهێزتر دەکرێتە سەر ئێران."
دوای نزیکەی سێ سەعات و سێ گەڕی هێرش بۆ سەر 20 ئامانج، ئیسرائیل "تەواوکردنی ئەرکەکە"ـی راگەیاند و وتی، "ئەگەر ئێران هەڵەیەک بکات و گرژییەکان زیاد بکات، ناچار دەبین دیسان وەڵام بدەینەوە."