بارەگای بەرگریی ئاسمانیی ئێران رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلامی كردوە ئامانج؛ دەشڵێت، ''قەبارەی زیانەکان کەمن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت."
ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە ئێران، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەوە لەکاتێکدایە دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە "سەرکەوتوو بووە" و ئەو فڕۆکانەی هێرشەکەیان کردووە، گەڕاونەتەوە بنکەی سەربازیی خۆیان.
بەشێک لە میدیا خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن لە شاری شیرازی سەر بە پارێزگای فارسیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە، هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل" بوە.