ئەمریكا و قەتەر دەڵێن: دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە راگرتنی جەنگ لە غەززە دەستپێدەكەنەوە
  2024-10-24       198       

دوای چەند مانگێك لە هەوڵی بێ ئەنجام، ئەمریكا و قەتەر دەڵێن، دانوستانەكان لەبارەی گەیشتن بە راگرتنی جەنگ لە غەززە دەست پێدەكەنەوە.

ئاوێنە: ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە درێژەی گەشتەكەیدا بۆ ناوچەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەدوای دیداری لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، وتی، وڵاتانی نێوەندگیر خەریكی تاوتوێكردنی چەند بژاردەیەكی نوێن بۆ دانوستان لەبارەی دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززەو ئازادكردنی بە بارمتەگیراوەكانی ئیرائیل.

وتیشی، دانوستانەكان لە چەند رۆژی داهاتودا دەست پێدەكەنەوە.

بلینكن ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریكا و قەتەر خەریكی پێشنیارێكن كە لە چوارچێوەیدا ئیسرائیل بتوانێت بكشێتەوە، حەماس نەتوانێت سەرلەنوێ خۆی رێكبخاتەوەو خەڵكی فەلەستینیش بتوانن سەرلەنوێ ژیان و ئایندەی خۆیان رێكبخەنەوە.

لای خۆیشییەوە سەرۆك وەزیرانی قەتەر وتی، تیمی دانوستانكاری ئەمریكا و تیمی دانوستانكاری ئیسرائیل دەچنە دەوحەی پایتەختی قەتەر بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئاگربەست لە غەززە، بەبێ ئەوەی وادەی ئەو دانوستانانە ئاشكرابكات و ئەوەشی نەخستەڕو كە ئاخۆ بزوتنەوەی حەماس بەشدار دەبێت لەو دانوستانانەدا یان نا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×