سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوتر هەدەپە، لە زیندانەوە ئیدانەی هێرشەكەی ئەمڕۆی ئەنقەرە دەكات و دەشڵێت: ئەگەر عەبدوڵا ئۆجەلان، دەستپێشخەری رێگەچارەی سیاسی بكات، ئێمە بە هەمو هێزی خۆمانەوە پشتیوانی دەكەین.
ئاوێنە: سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەمشەو چوارشەممە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"ئیدانەی ئەو ھێرشە دەكەین كە لە ئەنقەرە رویدا، خوا لەوانە خۆش بێت كە گیانیان لەدەستدا. سەرخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاریان دەكەین و هیوای زو چاكبونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین."
دەمیرتاش وتوشیەتی"ئەو عەقڵیەتەی هەوڵی ئەوە دەدات كە بە خوێن، گەڕان بەدوای چارەسەر كێشەكانمان لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ و سیاسەتەوە رابگرێت، دەبێت ئەوە بزانێت كە ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بكات و رێگە بۆ چارەسەری سیاسی خۆش بكات، ئێمە بە هەمو هێزی خۆمانەوە لە پشتی دەوەستین."
ئەوەشی خستۆتەڕو "ئێمە هیچ رێبازێك قبوڵ ناكەین كە ئامانجی لەكەداركردنی سومعەی سیاسەتی دیموكراسی و گەڕان بەدوای ئاشتی و بێ ئیرادەكردنی ئەو سیاسەتە بێت. دەبێت هەموان لەسەر ئەم بنەمایە هەڵوێست وەربگرن."
جەختیشی كردۆتەوە كە "بەهیچ شێوەیەك ئەمجارە رێگە بە سەركەوتكردنی ئەو دەنگانە نادەین كە ئاشتیان دەوێت، بەچاوپۆشین لەوەی ئەو ئاشتییە لەلایەن كێوەیە."
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرش كرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی توركیا لە ئەنقەرەو دواتر وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لە هێرشەكەدا دوان لە هێرشكارەكان و چوار كەسی ئێمەش كوژراون.
ئەوەشی خستەڕو، لە هێرشەكەدا 14 كەسی دیكەش برینداربون كە برینی یەكێكیان سەختە.
ئەو دامەزراوەیەی كراوەتە ئامانجی هێرشەكە سەربە کۆمپانیای توساشە كە کۆمپانیایەکی پشکدارەو سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە و فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر دروست دەکات.