سەزای تەمەللی هەڵوێستی دەم پارتی لەبارەی هێرشەكەی ئەنقەرە دەخاتەڕو
  2024-10-23       400       

سەزای تەمەللی، جێگری هاوسەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی ئەنقەرەوە رایگەیاند، دەبێت هەڵوەستە لەسەر كاتی هێرشەكە بكرێت، "ئاشكرایە كە هێرشەكە بۆ تێكدانە."

ئاوێنە: سەزای تەمەللی، جێگری هاوسەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا، لەبارەی ئەو هێرشەی كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە كرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانی توركیا لە ئەنقەرە، لێدوانی دا.

تەمەللی لەگەڵ ئاماژەدان بە بەرەوپێشچونەكانی ئەم دواییە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەر لە توركیا لەبارەی هێرشەكەوە وتی"لەكاتێكدا كە كۆمەڵگەی توركیا ماوەیەكی زۆرە لە هەوڵدایە بۆ رزگاربون لە جەنگ و توندوتیژی، ئێمە روبەڕوی روداوێكی لەم جۆرە دەبینەوە. كاتی هێرشەكە جێی هەڵوەستە لەسەر كردنە. ئاشكرایە كە ئەمە بۆ تێكدانە."

تەمەللی داوای كرد لایەنەكان پێداگرانەو سەرسەختانە بەردەوام بن لەسەر ئەو هەنگاوانەی كە خەڵك و كۆمەڵگەی توركیا بۆ ژیان لەتەنیشت یەكدییەوە، چاوەڕێی دەكەن.

وتیشی"هەر هەنگاوێك كە دوای دەخەین، بارتەقای لەدەستدانی چەندین گیانە."

تەمەللی جەختیشی كردەوە كە ئەوان ئیدانەی هێرشەكە دەكەن.

ئەمڕۆ عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە لێدوانێكی نوێدا ئاشكرایكرد، لە هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانی توركیا لە ئەنقەرە دوان لە هێرشكارەكان و چوار كەسی ئێمەش كوژراون.

 ئەوەشی خستەڕو، لە هێرشەكەدا 14 كەسی دیكەش برینداربون كە برینی یەكێكیان سەختە.

هێرشەكە لەلایەن ژمارەیەك لە چەكداری نەناسراوەوە كراوە، بەوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، چەکدارەکان چەند کەسێکیان بە بارمتە گرتون و تاوەکو ئێستا روبەڕوبونەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

ئەو دامەزراوەیەی كراوەتە ئامانجی هێرشەكە سەربە کۆمپانیای توساشە كە کۆمپانیایەکی پشکدارەو سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە و فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر دروست دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×