هێڵی فەرمی فڕۆكەوانی و كۆمپانیای فڕۆكەوانی پێگاسۆسی توركیا سەرجەم گەشتەكانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە لە ئێرانەوە بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بەهۆی مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە.
ئاوێنه: هەردوو كۆمپانیا توركییەكە سەبارەت بە ڕاگرتنی سەرجەم گەشتەكانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە لە لاپەڕەی تایبەت بەخۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیاندراویان بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكاندا هاتووە، هێڵی فەرمی فڕۆكەوانی و كۆمپانیای فڕۆكەوانی پێگاسۆسی توركیا سەرجەم گەشتەكانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە لە ئێرانەوە بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە، تا سەرەتای مانگی داهاتوو هیچ پلیتێكی گەشتكردن بەرەو ئێران نافرۆشن، چونكە سەرجەم گەشتەكانیان تا كۆتایی ئەم مانگە هەڵوەشاندووەتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هۆكاری ڕاگرتنی گەشتەكانیان بۆ ئێران، بەهۆی مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانەوەیە.
هاوكات، پێشتریش هەردوو كۆمپانیاكە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە تەواو گەشتەكانیان بۆ ئێران، لوبنان و ژمارەیەك وڵاتانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرت بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنوتی ئیسرائیل بڵاوی كردبووەوە، سوپای ئیسرائیل هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ وەڵامدانەوە و هێرشكردنە سەر ئێرانی تەواوكردووە و هێرشەكەش گەورە و فراوان دەبێت.