وەزیری بەرگریی ئەمریکا: سیستمی ساد لە ئیسرائیل جێگيرکراوە
  2024-10-22       216       

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکرا کرد، سیستمی دژە مووشەکیی ساد لە ئیسرائیل جێگيرکراوە، دەشڵێت "واشنتن ئەم سیستمە پێشکەوتووەی بەرگریی ئەمریکای ناردووە بۆ پاراستنی ئيسرائيل لەهەر هێرشێکی نوێی مووشەکی ئێران".

ئاوێنه‌: وەزارەتی بەرگریی ئەمريکا 'پنتاگۆن' لە زاری ئۆستنەوە بڵاويکردووەتەوە، ئەم سیستمە لەئێستادا لە ئيسرائيل جێگيرکراوە، ناڵێن کاردەکات یاخود نا، بەڵام توانای ئەوەیان هەیە زۆر بەخێرایی کاريپێبکەن.

پنتاگۆن راشیگەیاند، ئەو سەربازانەی کە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی سیستمی بەرگریی مووشەکی ساد، هەفتەی رابردوو رەوانەی ئیسرائیل کراون، کە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستمەکانی جیهان دادەنرێت و پێکهاتووە لە سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، کە لەسەر بارهەڵگرەکان دانراون.

پات رایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاندووە، بەهێزکردنی سیستمى بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل بەم چەکە پێشکەوتووە، پابەندبوونی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و بەرگریکردن لە ئەمریکییەکان لەو وڵاتە لە هەر هێرشێکی مووشەکی بالیستیکی لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاستدەکاتەوە".

ئێران لە کاردانەوەى کوشتنى حەسەن نەسروڵڵا، ئەمينداری گشتی حیزبوڵاى لوبنانى و ئیسماعیل هەنييە، هێرشێکى مووشەکیی کردە سەر تەلئەڤیڤ و بەوهۆیەشەوە ئیسرائیل بڕیاریداوە تۆڵە لە ئێران بکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×