کونسوڵگەریى بەریتانیا: پێشوازى لە هەڵبژاردنەکەى هەرێمی کوردستان دەکەین
  2024-10-22       150       

کونسوڵگەریی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، پێشوازى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات و چاوەڕوانى دەستبەکاربوونەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکومەتە.

ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵگەریى بەریتانیا، ئاماژەى بەوەکردووە "پێشوازی لە هەڵبژاردنەکەی هەرێمی کوردستان دەکەین، رێژەی بەرزی بەشداری پەیامێکی بەهێزە بۆ پشتیوانی لە نوێبوونەوەی رەوایی دیموکراسی".

کونسوڵگەریى بەریتانیا دەشڵێت، "چاوەڕوانی دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمى کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەین."

رۆژى دووشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامی بەرایی 99.63%ـی وێستگەکانى دەنگدانى بڵاوکردەوە.

بەگوێرەى ئەنجامەکە، پارتی دیموکراتى کوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە 809 هەزار و 197 دەنگ یەکەمە، یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە 408 هەزار و 141 دەنگ دووەمە و جوڵانەوەى نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە 290 هەزار و 991 دەنگ سێیەمە.

یەکگرتووى ئیسلامى لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، 116 هەزار و 981 دەنگى بەدەستهێناوە، کۆمەڵى دادگەریى  64 هەزار و 710 دەنگ و هەڵوێستى نیشتمانیى 55 هەزار و 775 دەنگ، بەرەی گەل 33 هەزار و 365 دەنگ و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 13 هەزار و 199 دەنگ و بزووتنەوەى گۆڕان 11 هەزار و 621 دەنگى بەدەستهێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×