ئا: وریا حسێن
غازى سروشتى وەکو یەکێک لەگەرمترین دۆسیە ململانێ لەسەرەکان لەنێوان یەکێتىو پارتى سەر هەڵدەداتەوە، پاش ئەوەی سەرۆکى یەکێتى بەڕوونى وتى "ڕێگانادەم دۆسیەی غازى سروشتى لەلایەن پارتیەوە بەدەردى دۆسیەی نەوت بڕوات".
هەرێمى کوردستان لەڕووى یەدەگى غازى سروشتیەوە، خاوەنى ٥.٧ ترلیۆن پێ سێجا غازى سروشتیەو زۆرینەى یەدەگەکەى دەکەوێتە سنورى قەزاى چەمچەماڵى نێوان پارێزگاى کەرکوکو سلێمانى، ئێستا هەردوو کێڵگەى (میرانو بنەباوى) کە دوو کێڵگەى سەرەکین بەرهەمى ناوخۆیى غازى سروشتى هەرێمى کوردستان دابین دەکەن.
ساڵى ڕابردوودا کاتێک لە ٢٠ نۆڤەمبەر، مەسرور بارزانى سەردانى شانشینى بەریتانیاى کرد، لەپرسى وزەدا ئاماژەى بەوە دابوو ئامادەن بۆ ئەوەى شوێنى هێڵى نابۆکۆ بگرنەوە کە ھێڵێکى غازى سروشتى (ڕووسى – ئەوروپی) بوو. لەکاردانەوەدا بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى لەڕاگەیەنراوێکدا وتى "مەگەر بەسەر لاشەى مندا بۆرى غازى سروشتى بڕوات"، بەپێچەوانەوەی کۆمپانیاى دانەغازى ئیماراتى بۆرى غازى سروشتى کۆڕمۆڕى بەستەوە بەکەرکوکەوە ئەگەرچى هێشتا هیچ غازێک لەکوردستانەوە ڕەوانەى عێراق نەکراوە.
بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژکارى بوارى وزە لەمەکتەبى ڕاگەیاندنى یەکێتى شیکردنەوەى بۆ وتارەکەى سەرۆکى یەکێتى کردو ئاماژە بەستراتیژى حیزبەکەى بۆ غازى سروشى کردو وتى "یەکێتىو سەرۆکەکەى سێ ستراتیژیان هەیە، غاز بەکاربێت بۆ یەکەم: کارەبا. دووەم: پیشەسازى. سێهەم: ئەگەر لەو دوو سێکتەرە مایەوە هەناردەى دەرەوە بکرێت".
هەرێمى کورستان ڕۆژانە بۆ پێویستى ناوخۆیى ٨٥٠ ملیۆن پێ سێجا غازى سروشتى پێویستە، بەڵام ئاستى بەرهەمى ٥٢٠ ملیۆن پێ سێجا تێپەڕی نەکردووە.
ئەو ڕاوێژکارەى مەکتەبى ڕاگەیاندنى یەکێتى ئاماژە بەپلانێکى حیزبەکەى دەکات لەڕێگەى تیمى حکومیانەوە بەهاوبەشى لەگەڵ دانەغازى ئیماراتى کە پلانى ئەوەیان هەیە ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا غازى سروشتى زیاد بکەن، لەچوارچێوەى پڕۆژەیەک بەناوى (کەى ئێم ٢٥٠) واتە ئاستى بەرهەمهێنانى غازى سروشتى بۆ ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا، لەگەڵ ئەوەش سەرقاڵى ئەوەن لەڕێگەى هێڵێکى بۆرییەوە بۆ ناوچەى پیشەسازى بازیان، لەو بارەیەوە وتى "یەکێتى لەماوەى ٤ بۆ ٥ ساڵى داهاتوو، ئەم پلانە جێبەجێ دەکاتو هەماهەنگى باشى لەگەڵ دانەغاز هەیە".
وتیشى "یەکێتى زۆر بەجدیەتى ڕێگەنادات کەیسى غاز بەدەردى نەوت بڕوات".
ستراتیژى پارتى بۆ وز جیاوازە لەیەکێتى بەتایبەت کە ئێستا ٨٠%ى کۆى داهاتى نەوت لەدەستى پارتیەو ئەو مامەڵەى پێوە دەکات، بەبڕواى پارتى، "غازى سروشتى دەبێت هەرێمى کوردستان سەربەخۆ مامەڵەى پێوەبکات".
پشدەر ئیبراهیم، کاندیدى پارتیەو هەمان کات پسپۆڕى بوارى وزەیە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە حیزبەکەى ستراتیژى وایە شان بەشانى نەوت بڕەو بەپیشەسازییەکى دیکە بدەن تاوەکو داهات فرەچەشن بکەن لەکوردستان، لەبوارى نەوتو غاز پێداچوونەوە بەگرێبەستەکان بکەنو هاوکاتى ئەوەش پاڵاوگەى نوێو پیشەسازى پترۆکیمایى دروست بکەن، ئەو وتى "غازى سروشتى بۆ ناوخۆ بەکاربێت، ئەو غازە بەکاربهێینەوە بەهەدەر دەچێت، لەگەڵ پەرەپێدان بەو کێڵگانەى هیچ وەبەرهێنانیان نیە".
ئەو کاندیدەى پارتى دیموکراتى کوردستان بڕواى حیزبەکەى بەڕوونى لەبوارى غازى سروشتى باس دەکات کەوا دەیانەوێت لەدەرەوەى عێراقو بەشێوەى سەربەخۆ پەرە بەپرۆسەى غازى سروشتى بدەن، چونکە پارتى بڕواى بەغازى سروشتى ئابورى سەربەخۆ هەیە، چونکە عێراق لەو بوارەدا لەسەر ڕێگایەکى دروست نیە، پشدەر وتى "کلیلى نەوتو غازى سروشتى لاى پارتیە، بەبێ پارتى هیچ ناکرێت".
پارتە ئۆپزسیۆنەکان، دژایەتى پڕۆسە دەکەن بەناشەفافى
عومەر گوڵپى، پەرلەمانتارى پێشووى هەرێمى کوردستان ئێستا سەرۆکى لیستى کۆمەڵى دادگەرییە لەسلێمانى، پلانى حیزبەکەى باس دەکات کە غازی سروشتی پێویستە لەیەکەم هەنگاودا بۆ پێداویستى ناوخۆ بەکاربێت دواتریش پیشەسازى، بەمەرجێک غازى سروشتى بەهەماهەنگى لەگەڵ عێراق پشتگێرى بکرێت تاوەکو دژایەتى نەکات، ئەو وتى "یەکێتىو پارتى ناکۆکیەکانیان لەسەر پرسى نەوتو غاز نیەو چەند ساڵە دەیفرۆشن، بەڵام گرنگە غاز کارەباى کوردستانو بووجەى کوردستان زامن بکات".
هاوکات شێرکۆ جەودت، بڕیاردەرى پێشووى لیژنەى سامانە سروشتیەکانى پەرلەمانى کوردستان ئاماژە بەدابەشکارییەکانى نەوتو غازى سروشتى لەنێوان زۆنى سەوزو زەرد دەکات، بەبڕواى ئەو ٩٠%ى نەوت لەسنورى زۆنى زەردەو بەپێچەوانەوە ٨٥% غاز لەزۆنى سەوزە، ئەو وتى "غاز گرنگى تایبەتی هەیە".
بڕیاردەرى پێشووى لیژنەى سامانە سروشتیەکانى پەرلەمانى کوردستان کە بەوردى ئاگادارى دۆسیەی غازى سروشتیە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، زۆر گرنگە دۆسیەی غازى سروشتى هاوشێوەى دۆسیەی نەوت ئیدارە نەکرێت بەجۆرێک داهاتەکەى بۆ گەل بێتو بۆ دەستەو تاقمێک نەبێت، ئەو بەئاوێنەى وت "یەدەگى غازى سروشتى کوردستان یەدەگێکى گەورەیەو دەکرا بەهاوبەشى لەگەڵ قەتەرو وڵاتانى دیکە بەرهەمبهێنرێتو ببنە جێگرەوەى هێڵى نابۆکۆى ڕووسى کە بۆ ئەوروپا دەڕوات".
کابینەى نۆهەم ٢٠ى ئەم مانگە بەفەرمى کۆتایى دێت، دۆسیەی غازى سروشتى کە دۆسیەیەکی هەڵواسراوە لەنێوان پارتىو یەکێتى، دەچێتە کابینەى دەهەمەوە.
شێرکۆ جەودەت لەبارەى گرنگى ئەم دۆسیەیەوە بۆ کابینەى ١٠هەم، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد جارێ دۆسیەی نەوت یەکلایى نەبووەتەوە، چونکە گرفتى زۆرى تێدایەو پێویستى بەڕاستکردنەوەیە، ئەو وتى "ئەو گرێبەستانەى کراون هەرێمى کوردستان ڕووبەڕوى تەحەدا دەکاتەوە، یەکێتىو پارتى تێیدا شەریکن".
بەڵام ڕاوێژکارەکەى مەکتەبى ڕاگەیاندنى یەکێتى ڕەتیدەکاتەوە، کەوا لەچوار ساڵى ئایندە ئەگەر حکومەت بکەوێتە دەستیان بەدەردى نەوت بڕواتو دەڵێت "ئەگەر یەکێتى نەبوایە، پارتى غازى بەهەمان دەردى نەوت دەبردو کوردستان دەکەوێتە ناو ململانێیەکى نێودەوڵەتى چارەنووسێکى نادیارەوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.