ماڵپەڕی ئەكسیۆس بڵاوی كردەوە، ئیسرائیل نامەی كۆتایی هاتنی شەڕی لوبنانی ڕادەستی واشنتۆن كرد، دەشڵێن، نامەكە مەرجەكانی گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی لوبنان لەخۆ دەگرێت.
ئاوێنە: ماڵپەڕی ئەكسیۆس لە زاری كاربەدەستانی ئەمریكاوە زانیاری نوێ لەبارەی گەیشتنی نامەیەك لە ئیسرائیلەوە بۆ واشنتۆن و كۆتایی هێنان بە شەڕی لوبنان دەخاتەڕوو.
ماڵپەڕەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئیسرائیل بەڵگەنامەیەكی داوە بە ئەمریكا كە مەرجەكانی گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی لوبنان لەخۆ گرتووە، هەروەها ئەمڕۆ ئەمۆس هۆكستاین نێردراوی سەرۆكی ئەمریكا سەردانی بەیروت دەكات بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان لەسەر ئەگەری ڕێگاكانی چارەسەركردنی شەڕەكە بە شێوەیەكی دیپلۆماسی.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەڵگەنامەی پرەنسیپەكان ڕێگە بە ئاوارەبووانی هەردوو دیوی سنوور دەدات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمە جگە لە مەرجەكانی دیكەش ئازادیی چالاكی لە ئاسمانی لوبنان بە فڕۆكە ئیسرائیل دەبەخشێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕەنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەرجەكانی ئیسرائیل كە لە نامەكەدا هاتووە ڕازی نەبێت.
بەپێی داتا فەرمییەكانی لوبنان، بەهێی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە دوو هەزار و ٣٥٠ كەس كوژراون و ١٠ هەزار و ٩٠٦ كەسی دیكەش برینداربوون كە ژمارەیەكی زۆر ژن و منداڵیشیان تێدایە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ملیۆنێك كەسیش ئاوارەبوون.