بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فەتحوڵا گولەن، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تورکی، لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ئاوێنە: محەمەد فەتحوڵڵا گولەن كەسایەتیەكی توركەو لەڕووی ئاینییەوە ئیسلامییەكی سونە مەزهەبەو بیرمەند و بانگەوازکارێکی دیاری پەیامەكانی نوورە كە سەعید نورسی –یان سەعیدی كوردی- بە دامەزرنەری دادەنرێت، لەمیدیای دەوڵەتی توركیادا بە (فەتۆ) بەناوبانگە و لەناو لایەنگرانی خۆشیدا مامۆستا.
لە 27ی نیسانی 1941 لە گوندێکی سەر بە پارێزگای ئەرزڕوم ی باكووری كوردستان لەدایکبووە، هەندیك باس لەوە دەكەن بەڕەگەز كوردبێـت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی پشتڕاستی نەكردووەتەوە.
لە کاتی ئێستادا لە سەرتاسەری تورکیا رێکخراوەکەی فەتحوڵا گولەن وەک رێکخراوی تیرۆرستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بزووتنەوەی گولەن لەلایەن تورکیاوە بە بزووتنەوەیەکی “تیررۆرست” دانراوە بەهۆی تاوانبارکردنی بە ئەنجامدەری سەرەکی کودەتا شکستخواردووەکەی 2016.