ھیچ راپرسییەکی ھەڵبژاردنەکان جێگای متمانە نییە
  2024-10-19       2489       
زۆرێک بەگومانەوە لەو راپرسیانە دەڕوانن کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە

ئا: ھێڤی ئاوات

 

لەزۆربەی وڵاتانی جیھاندا پێش ھەڵبژرادن راپرسی لەسەر ئەنجامەکان دەکرێت، ئەگەرچی مەرج نییە ھەمیشە ئەنجامی راپرسییەکان راست دەرچن، بەڵام بەگشتی زۆربەی جار ئەنجامە پێشبینی کراوەکان لەئەنجامی راستەقینەی دەنگدانەوە نزیکن. بەڵام لەکوردستان زۆربەی خەڵکی‌و لایەنەکان متمانەیان بەراپرسی نیەو ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە رێکخراو‌و دەزگای راپرسیی سەربەخۆ‌و جێی متمانە لەکوردستاندا دەگمەنە کە بتوانێت بەشێوەیەکی زانستیانەو بەبێلایەنی راپرسی ئەنجام بدات.

 

کەمال عەلی، بەرگردرووییەکی ناو بازاڕی سلێمانییەو باس لەوە دەکات تا ئیستا ھەرچییەک ھاتون بەناوی راپرسییەوە لێیانپرسیوە دەنگ بۆ کێ دەدەیت؟ لەوەڵامدا وتویەتی ھێشتا خۆم ساغ نەکردوەتەوەو نازانم.

ئەم ھاوڵاتییە تەمەنی نزیکەی ٥٠ ساڵەو وەک خۆی دەڵێت لەڕاستیدا لایەنگری یەکێک لەلیستەکانە، ئەو بەئاوێنەی وت "متمانەم بەھیچ لەوانە نییە کە بەناوی راپرسییەوە لەناو خەڵکدا دەگەڕێن‌و ئەترسم سەر بەلیستی دەسەڵاتداران بن‌و بۆ ئاشکرا کردنی نیەتمان ھاتبن بۆیە منیش راستی دڵی خۆماین پێ ناڵێم".

 

لەچەند رۆژی رابردوودا لەمیانەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا بەشێوەیەکی رۆژانە لەمیدیا لۆکاڵییەکانەوە راپرسی جۆراوجۆریان بڵاوکردەوە سەبارەت بەڕێژەو ژمارەی بەدەستھێنانی کورسی لیستە جیاجیاکان، بەڵام وەک لیستەکانی دەرەوەی دەسەڵات‌و چاودێران ئاماژەی پێدەکەن، تا ئێستا ھیچ لەو راپرسیانە نەبونەتە جێگەی متمانە، چونکە بەندوباوی زانستیان تێدا رەچاو نەکراوەو ھەندێک لەو راپرسیانەش بەشێک بوون لەھەڵمەتی پڕوپاگەندە بۆ لیستێکی دیاریکراو.

 

عەلی فەتاح، کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی باسی لەوەکرد کە لەھەموو وڵاتانی جیھاندا ئەو راپرسییانە دەکرێن، بەڵام لەوڵاتانی پێشکەوتودا لەلایەن دەزگای بێلایەنەوە ئەنجام دەدرێن‌و ئەو دەزگایانە قورسایی خۆیان ھەیەو ئامادەنین لەھیچ بارودۆخ‌و سەردەمێکدا متمانەی خۆیان لەدەست بدەن. ئەو بەئاوینەی وت "لەگەڵ ئەوەشدا وێڕای ئەو ھەموو ئەزمون‌و توانایەی ھەیانە، زۆر جار ئەنجامەکانیان راست دەرناچێت، ھەندێک جاریش بەپێچەوانەوە دەبێت".

سەبارەت بەڕاپرسییەکانی کوردستانیش، وتی "لەکوردستان دەزگایەکی وەھامان نیە ئەوەندە باوەڕپێکراو بێت. دەبینین لێرەو لەوێ دەزگای لۆکاڵی دێن ڕاپرسی دەکەن، یاخود ھەندێک دەزگا بەجۆرێک لەجۆرەکان لەبەرژوەندی حیزبێکی دیاریکراو کاردەکەن‌و ڕاپرسیەکی مەبەستدار دەکەن بۆ خزمەتکردن بەلایەنێک. ئەنجامەکانیشیان لەگەڵ ئەنجامی ھەڵبژاردنەکاندا سەدو ھەشتا پلە پێچەوانەیە. ئەو راپرسییانە دەچنە خانەی پڕوپاگەندەو شەڕی سایکۆلۆجیی دژ بەدەنگدەری لایەنێک یان چەندلایەنێکی دیاریکراو".

 

زۆرێک لەلایەنەکان بەگومانەوە لەو راپرسیانە دەڕوانن کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بڵاوکراونەتەوەو پێیانوایە زۆربەی ئەو راپرسیانەی لەسایتەکاندا کراون، ئەگەری یارییپێکردن‌و دەستکاریی ئەنجامەکانیان لەلایەن بەکارھێنەری ئەم خزمەتگوزارییەوە شتێکی سادەو ئاسانەو ناکرێت بکرێتە سەرچاوە بۆ تێگەیشتن‌و خەمڵاندنی رێژەی ئەو دەنگانەی چاوەڕێ دەکرێت لیستەکان بەدەستی بھێنن.

 

عەلی حەمە ساڵح، سەرکی لیستی ھەڵوێستی نیشتیمانی، ئاماژە بەوە دەکات ئەو راپرسیانەی لەکوردستان بڵاودەبنەوە لەسەر بنەمای حزبی دەکرێن‌و جێی متمانە نین، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەو راپرسی‌و پێشبینیانەی دەکرێن ھەمووی ھیی حیزبەکانەو ھیچی ڕاست نیە".

وتیشی "ھەر لایەو لەپەیج‌و سایتەکەی خۆیەوە پێشبینی دەکات، بەتایبەت ڕاپرسی ئۆنلاین ئەوە ھەر تەواو تەواو ناڕاستە، کادێرێکی لق یان مەڵبەند، گروپێک دروست دەکات لەخۆیەوە ڕاپرسیی دەکات، ئەمە چەواشەکردنی رای گشتییە".

 

ھەرچی شادمان مەلا حەسەن، کاندیدی ژمارە یەکی بەرەی گەلە لەھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات پێشبینی کردن لەم ھەڵبژاردنەدا کارێکی ئاسان  نییە، رای وایە ئەو ڕاپرسییانەی لەھەرێمی کوردستان دەکرێن جێگەی گومانن‌و بەشێکن لەپروپاگەندەی ھەڵبژاردن‌و جەنگی دەرونی، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەو راپرسیانەی لەلایەن حزبێک یان لایەنێکی دیاریکراوەوە دەکرێن، زۆرجار دەنگەکانی خۆیان زیاد دەکەن".

وتیشی "بەحسابی ئەوانە بێت، ئەوا ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت ١٥٠ کورسی بێت".

 

شارەزایانی بواری ھەڵبژاردنیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ھیچ سەنتەرو دەزاگایەک نییە لەکوردستاندا مەگەر بەدەگمەن، سەربەخۆو زانستیانە کار بکات بۆ راپرسیکردن دەربارەی ھەڵبژاردن‌و زۆربەی ئەوانەشی بلاودەکرێنەوە بەشێکن لەپڕوپاگەندە کردن بۆ لیستێکی دیاریکراو.

 

لەمبارەیەوە شارەزای بواری ھەڵبژاردن، ھەڵشۆ فەتاح بەئاوێنەی راگەیاند بابەتی ئەنجامدانی راپرسی پێش ھەڵبژاردن، لەزۆربەی ھەرە زۆری وڵاتان، بەدیموکراسی‌و نادیموکراسییەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئەوەی گرنگە لەو راپرسییەدا ئەوەیە جێی متمانە بێت، ئەو بەئاوێنەی وت "دوو بنەمای گرنگی راپرسی کردن بریتین لە: یەکەم، تۆ راپرسی دەکەیت پێویستە بەپێی رێژەی دانیشتوان بێت یان رێژەی ژمارەی دەنگدەران لەچین‌و توێژە جیاوازەکان دابەش بێت بەسەر ناوچە جیاوازەکان بۆ ئەو سەمپلەی کە وەریدەگریت. دووەم، پێویستە ئەو کەسانەی کە راپرسییەکە ئەنجام دەدەن کەسانی شارەزاو راھێنراو بن. بەداخەوە لەھەرێمی کوردستاندا بەشێکی زۆر کەمیان توانیویانە ئەم دوو بنەمایەی راپرسی رەچاو بکەن، بۆیە ھەر ھێزێکی سیاسی لەڕێگەی رێکخراوێک یان ناوەندێکی تۆژینەوەوە راپرسی دەکاو تەنھا ئەو ئەنجامانە بڵاودەکاتەوە کە لەبەرژەوەندی‌و خواستی خۆیانە".

ھەڵشۆ ئاماژە بەوە دەکات حزبەکان رێکاری جیاواز بۆ بانگەشە دەگرنە بەر کە یەکێکیان ئەم راپرسیە فەیکانەن‌و دەچنە خانەی پروپاگەندەوە، بەمەبەستی چەواشەکردنی رای گشتی‌و دەنگدەران، ئەو وتی "ئەو راپرسیانەی تا ئێستا لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە بۆنی لایەنگرییان لێدێت‌و زۆربەشیان لەلایەن دەزگای سەر بەلیستەکان خۆیانەوە کراون‌و ئەگەر لەبەرژەوەندی لیستەکانیان نەبن رێگا نادەن بڵاوبکرێنەوە، بۆیە ھیچ کام لەو راپرسیانە ناکرێنە پێوەر بۆ دیاریکردنی رێژەو ژمارەی گریمانکراوی لیستەکان‌و کاندیدەکان".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×